گوڵه‌باخ به‌هرامی: ئافره‌تانی هونه‌رمه‌ند له گوتنی گۆرانیدانه‌یانتوانیوه‌ تێکستی گونجاو هه‌ڵبژێرن

گوڵه‌باخ به‌هرامی: ئافره‌تانی هونه‌رمه‌ند له گوتنی گۆرانیدانه‌یانتوانیوه‌ تێکستی گونجاو هه‌ڵبژێرن
گوڵه‌باخ به‌هرامی شاعیر و راگه‌یاندنكار له‌ لێدوانێكیدا بۆ گۆڤاری گوڵان سه‌باره‌ت به‌ چۆنییه‌تی هه‌ڵبژاردنی تێكستی گۆرانی له‌لایه‌ن گۆرانیبێژانه‌وه‌ ده‌ڵێت: له هه‌ڵبژاردنی تێکست بۆ گۆرانی، ئه‌وه‌ی که زۆر ده‌توانێت کاریگه‌ر بێت، ئامانج له‌ ده‌ستپێکی کاره‌ هونه‌رییه‌که‌یه و دواتر جوانی ده‌قێکی ئه‌ده‌بی که بۆ گۆرانی شیاو بێت، زۆر جار لای هونه‌رمه‌ندانی ئێمه سه‌لیقه‌ی هه‌ڵبژاردنی تێکست ناگاته‌ ئه‌و ئاسته‌ی که به‌رهه‌می جوانی تێکه‌ڵ به ئاوازو مۆسیقا به‌رهه‌م بێنێت هه‌ر بۆیه کاره‌کانیان سه‌رکه‌وتوو نابێت.
زۆر جار باس له‌ تێكستی ئافره‌تان ده‌كرێت كه‌ وه‌ك پێویست له‌ گۆرانیدا به‌كار ناهێنرێت ته‌نانه‌ت له‌لایه‌ن خودی ئافره‌ته‌ گۆرانیبێژه‌كانیشه‌وه‌، گوڵه‌باخ ده‌ڵێت: سه‌باره‌ت به ئافره‌تانی شاعیر و تێکستی شیعری ئافره‌تان بۆ گۆرانی، ده‌توانم بڵێم که‌موکوڕیی زۆر هه‌یه له‌و بواره‌دا، به‌داخه‌وه‌ ئێمه زۆرجار نه‌مانتوانیوه‌ ئامانجی راسته‌قینه‌ی خۆمان له نووسین یا له کارێکی هونه‌ریدا پێناسه‌ بکه‌ین هه‌ر بۆیه ئافره‌تانی هونه‌رمه‌ند له گوتنی گۆرانیدا نه‌یانتوانیوه‌ تێکستی گونجاو هه‌ڵبژێرن و زۆر جار بینیومانه‌و گوێبیستبووینه که ئافره‌تێک وه‌سفی جوانی و چێژی ئه‌ندامانی جه‌سته‌ی ئافره‌ت ده‌کات که ئه‌مه سه‌رکه‌وتوو نه‌بوونی کاره هونه‌رییه‌که ده‌گه‌یه‌نێت.
ئه‌م ئافره‌ته‌ شاعیره‌ زیاتر ده‌ڵێت: له‌م بواره‌شدا ئافره‌تانی شاعیر نه‌یانتوانیوه‌ هه‌وڵبده‌ن که هاوکاریی هونه‌رمه‌ندانی ئافره‌ت بن به دانانی تێکستی گونجاو و باش بۆ گۆرانی، له پێشکه‌وتنی هونه‌ری کوردیدا به‌شداربن، هه‌ندێك جار کۆمه‌ڵگا وا له مرۆڤ ده‌کات ئاراسته‌ی راسته‌قینه‌ی کار و ئامانجه‌کانی له ره‌هه‌ندێکی دیكەدا ببینێته‌وه‌ که به دڵخوازی خۆی نه‌بێت. ئه‌مه‌ش به‌لاڕێداچوونی ئیراده‌ی مرۆڤه له ژێر گوشاری نه‌ریت و کۆمه‌ڵگادا به‌تایبه‌ت کۆمه‌ڵگای ئایینی چه‌قبه‌ستوو که رێگره له به‌رده‌م گه‌شه‌ و سه‌رکه‌وتنی تاکه‌کاندا.
گوڵه‌باخ پێیوایه‌ هونه‌رمه‌ندانی زۆر گه‌وره‌ به دانانی مۆسیقاو ئاواز بۆ شیعری شاعیرانی گه‌وره‌ی کورد رۆحێکی جوانترو مه‌زنتریان کردۆته به‌ر ئه‌و تێکسته شیعریانه‌ی که جوانیی هونه‌ره‌که‌یان سه‌د هێنده به‌رزتر کردۆته‌وه‌. من له‌وباوه‌ڕه‌دام که هونه‌ر به گشتی رۆحێکی جوانیناسی و سه‌لیقه‌یه‌کی هونه‌ری جوانی پێویسته تا بتوانێت خۆی له ئه‌زموونه گه‌وره‌کاندا تاقی بکاته‌وه‌.
له‌ كۆتاییشدا گوڵه‌باخ ده‌ڵێت: هیوادارم ئافره‌تان بتوانن یارمه‌تیده‌ری پێشکه‌وتنی هونه‌ری کوردی بن به‌تایبه‌ت هونه‌ری کوردی لای هاوره‌گه‌زه‌کانیاندا.
Top