براده‌ر خه‌ریكی چییه‌؟

براده‌ر خه‌ریكی چییه‌؟
هونه‌رمه‌ندی گه‌ورەی‌ كورد براده‌ر رایگه‌یاند ئێستا چه‌ند گۆرانییه‌كی نوێی ئاماده‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كاریان تێدا بكات و له‌م ساڵه‌دا بڵاویان بكاته‌وه‌، براده‌ر له‌ لێدوانێكیدا بۆ گۆڤاری گوڵان روونیكرده‌وه‌ جگه‌ له‌م كارانه‌ به‌رده‌وامه‌ له كار كردن له‌سه‌ر سه‌مفۆنیای (رێره‌وه‌ مێژووییه‌كه‌ی بارزانی نه‌مر) بۆ یه‌كێتی سۆڤیه‌تی پێشوو و وتی: هونه‌رمه‌ند پێویستە هه‌میشه‌ كاری نوێی هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی پێشكه‌ش به‌ جه‌ماوه‌ری خۆی بكات و خزمه‌تێك به‌ میلله‌ته‌كه‌ی بگه‌یه‌نێت، من وه‌ك هونه‌رمه‌ند ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌كه‌ له‌ بار بێت له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ هه‌میشه‌ كاری نوێم ئاماده‌یه‌، ئێستاش ژماره‌یه‌ك گۆرانی نوێم ئامادەیە و هه‌ر كه‌ ده‌رفه‌ت و بوارم هه‌بێت ده‌توانم كاری نوێ پێشكه‌ش بكه‌م، به‌ڵام یه‌كێك له‌و كارانه‌ی كه‌ بۆ من مایه‌ی شانازییه‌ و ئێستا خه‌ریكی ئه‌نجامدانیم له‌گه‌ڵ چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی دیكه‌ی كوردستان داستانی(رێره‌وه‌ مێژووییه‌كه‌ی بارزانی نه‌مره‌) بۆ یه‌كێتی سۆڤیه‌تی پێشوو، ئه‌م داستانه‌ موزیك و سه‌مفۆنیای فۆلكلۆریشی تێدایه‌ و ژماره‌یه‌كی زۆری هونه‌رمه‌ندانی كوردستان له‌م داستانه‌ هونه‌رییه‌دا به‌شدارن له‌وانه‌ سه‌عید گاباری و حه‌سه‌ن شه‌ریف و كازۆ.
هه‌ر سه‌باره‌ت به‌م كاره‌ براده‌ر وتی: پرۆژه‌كه‌ له‌ چه‌ند قۆناغێك پێكدێت و تا ئێستا به‌شێكی كاره‌كانی ته‌واو بووه‌ له‌وانه‌ قۆناغی یه‌كه‌می ئارانجه‌كه‌ی، به‌ڵام پێویستی به‌ ئۆركێسترایه‌كی گه‌وره‌یه‌،گۆرانیبێژه‌كان هه‌موویان كوردن و ماوه‌ی سه‌مفۆنیایه‌كه‌ 22 خوله‌كه‌ و ئه‌گه‌ر قۆناغی دووه‌می كاره‌كه‌ ده‌ست پێبكه‌م‌ پێویسته‌ له‌ كوردستان و ئه‌وروپا و ئه‌سته‌نبول كاره‌كان به‌ ئه‌نجام بگه‌یه‌نم.
براده‌ر ئه‌وه‌شی راگه‌یاند كه‌ ئه‌م كاره‌ بودجه‌یه‌كی زۆری پێویسته‌، چونكه‌ كارێكی هونه‌ری زۆر گه‌وره‌یه‌، به‌ڵام تائێستا هیچ لایه‌ك هاوكاری نەكردووە و ئه‌وه‌شی خسته‌ روو كه‌ هه‌ڵبه‌ستی ئه‌م داستانه‌ هی شاعیری نه‌مر پیره‌مێرد و شاعیری گه‌وره‌ به‌درخان سندییه‌ و تا ئێستا به‌شێكی ئه‌م داستانه‌ به‌ كۆتا هاتووه، و ئاوازەكەیشی هونه‌رمه‌ند براده‌ر خۆی دایناوه‌..
Top