حەسەن عەلی: شیرین سەرەتای سەرهەڵدانی شەپۆلێكی ترە لە سینەمای كوردی

حەسەن عەلی: شیرین سەرەتای سەرهەڵدانی شەپۆلێكی ترە لە سینەمای كوردی
هونەرمەند حەسەن عەلی هەر لە سەرەتایی گەنجێتی، خۆی خزاندۆتە گۆڕەپانی هونەر بە حەماسەتێكی زۆر، چونكە هەر خودی خۆی لە خێزانێكی هونەری پەروەردە بووە، هونەرمەند حەسەن عەلی ساڵی 1988 لە تیپی لاوانی قەڵا لە چەندین شانۆگەرییەك بەشداری كردووە كە لە دەرهێنانی هونەرمەند حەسەن جودی بوو، یەكەم كاری سینەمایی كە خۆی ئەنجامیدا (گەڕەكی داهۆڵەكان) بوو لە نووسینی رۆماننووس شێرزاد حەسەن و دەرهێنان خۆی، دووەم كاری سینەمایی فیلمی (شیرین) بوو لە سیناریۆ و دەرهێنانی خۆی، ئەم فیلمە لە كوردستان و پاریس گیراوە كه‌ هه‌ردوو وێنەگر دێڤیدی فەرەنسی و تەرەڤان بابۆی هندی بە كاری وێنەگرتن هەڵسان، سەرەتا فیلمی (شیرین) لە سلێمانی بۆ زیاتر له‌ دوو مانگ لە سلێمانی و دواتر لە 21/12/2012 لە هەولێر نمایش كرا و تاكو ئێستا جەماوەری شاری هەولێر بەتایبەتی خێزانەكان روو لە سینەمای كریستاڵ دەكەن بۆبینینی، هونەرمەند حەسەن عەلی بەم كارەی سینەما كریستاڵی زیندووكردەوە و هەولێرییەكانی شاد و ئاشت كردەوە لەگەڵ سینەما، لەبەر ئەم هەنگاوە پیرۆزەی كاك حەسەن كە خەڵكی هەولێر دەمێك بوو تامەزرۆی سینەما بوون بۆیه‌ به‌ پێویستمان زانی ئەم چاوپێكەوتنەی لەگەل ئەنجام بدەین.
* هەندێك دەڵێن موغامەرە بوو هەندێكیتر دەڵێن بوێری بوو لە بیرۆكەی نمایشكردنی فیملی (شیرین) لە سلێمانی و دواتر لە هەولێر و گەرمیان تۆچۆنی لێكدەدەیەوە ؟
- ئەو كەسەی كە كاری سینەما دەكات دەبێ كەسێكی بوێربێت، چونكه‌ سینه‌ما كارێكی سه‌خته‌ ئه‌گه‌ر بوێر نه‌بی سه‌ركه‌وتوو نابی، دەربارەی فیلمی (شیرین) كە دەڵێن موغامەرەیە بەلای منەوە شتێكی ترە، ئەویش سەرەتای سەرهەڵدانی شەپۆلێكی ترە لە سینەمای كوردی، دوای ئەوەی سینەمای كوردی لە فیلمی ئارت و فیلمی فیستیڤاڵی دەستی پێكرد، ئێستاش فیلمی شیرین سەرقافلەی شەپۆلی ماركیتنگ واتا بۆ بینەری ناوەخۆ دەكرێت.
*لەبەرچی دەستپێكی نمایشكردنی فیلمی (شیرین) لە سلێمانی بوو لە هەولێری پایتەخت نەبوو ؟!
- باشترین بینەری شانۆ، سینەما ، كۆنسێرت، پێشانگای شێوەكاری، كۆڕی شیعر و ئەدەب و لە خوێندنەوەی كتێب لە سلێمانییه‌، ئەگەر جەماوەری سلێمانی ڕووت تێكبات ئەوا هونەرەكەت پێشدەكەوێ و سەردەكەوێ، لەبەرئەوەی دروستكردنی فیلم و نمایشكردنی خەرجی دەوێ دەبێ هەر زوو هاوسه‌نگی ماددی و مه‌عنەوی پەیدا بكەی، هەتا بتوانی بەردەوام بی، لە پایتەخت زەمینەت بۆ ناڕەخسێ تاكو بتوانی هونەر و سینەما پێش بخه‌ی.
* سینەما هونەر و پیشەسازی و بازرگانییە، دەكرێ ئێمە تەنیا پشت بە بازاڕەكانی خۆمان ببەستین، یا پێویستیمان بە بازاڕی دەرەوەش هەیە ؟
- كە دەڵێن سینەما واتە بەرهەم هێنانی فیلم بە بەردەوامی، كردنەوەی هۆڵی سینەمای پێشكەوتوو بە بەردەوامی كە نمایشی تێدا بكرێت، هەروەها هاتنی بینەر بۆ ناو هۆڵی سینەما بە بەردەوام بوونی ئەم سێ بەشە ئەوسا دەتوانین بڵێین سینەمامان هەیە، ئەوسا ماركتینگی ناوخۆ، دروست دەبێ و لەوێشەوە وردە وردە فیلمەكان هه‌نگاو ده‌نێن به‌ره‌و ماركتینگی جیهانی.
* زۆر كەس دەپرسن ئایا لە هەولێر ئەكتەر نەبوو بۆیە هاناتان بردۆتە بەر ئەكتەرەكانی سلێمانی؟
- له‌ چیرۆكی فیلمی (شیرین) دەبووایە لۆكه‌یشن و كەسەكانی لە پاریس و سلێمانی ولادێكانی هەورامان بژین، بۆیە هەر لەم ناوەندە ئەكتەرم هەڵبژارد و هیچ هۆیەكی تر نەبوو، بۆ نموونە فیلمی داهاتووم سروشتی چیرۆكەكە وا دەخوازێ كە ئەكتەرانی هەولێر و سلێمانی بەیەكەوە نواندن بكەن.
* بینەری سینەما لە كوردستان چۆن دەبینی ؟ ئایا بینەرمان هەیە؟
- جۆری بینەر لە وڵاتێك تا وڵاتێكی تر جیاوازە، بۆ نموونە بینەری سینەما لە ئەمەریكا یا ئەوروپا زۆر وریایە زۆرباش زمانی سینەما دەناسی ئەگەر بڵێم بە قەد یەك دەرهێنەر شێوازی سینەما و ستایلەكان دەناسێ، لە ئاسیا جۆرە بینەرێكی تر، لە وڵاتە عەرەبیەكان جۆرە بینەری ترهه‌یه‌، بینەری كوردستان دەبنە چەند بەشێك لەسەدا شەستی حەزی لە فیلمی كۆمیدییە لەسەدا سی حەزی لە فیلمی رۆمانسییە لەسەدا دەی حەزی لە فیلمی ئەكشنە.
* چیبكرێ بۆ ئەوەی سینەمای كوردی پێشبكەوێ؟
- پێویستە نووسەر و دەرهێنەرەكان هان بدرێن بۆ دروستكردنی فیلم بۆ بینەری خۆمان و هاندانی بینەران كە بێن بۆ سەیركردنی فیلم لە سینەما، بە بڕوای من ئەوسا دەچینە قۆناغێكی تر.
* لە فیلمی(شیرین) چ لایەنێك هاوكارت بوو؟
- بۆ دروستكردنی فیلمی شیرین وەزارەتی رۆشنبیری و بەڕێوەبەرایەتی سینەمای هەولێر دەرخستەیان بۆ فەراهەمكردم، بەڵام نمایشكردنی فیلمی لە ئەستۆی خۆم بوو، لە چەند شوێنێك پارەیەكی زۆرم قەرز كرد دواتر لە داهاتی فیلمەكە دامەوە، بۆ ریكلامكردنی ئەم فیلمەش چەند تەلەفزیۆنێك هاوكارم بوون لەوانە (زاگرۆس، گەلی كوردستان،KNN، NRT ) زۆر سوپاسیان دەكەم هەروەها سیروان غەریب بەرپرسی راگەیاندن بوو.
* لەبەرچی سینەمای كریستاڵت كردەوە ؟
- لەبەر ئەوەی بەدرێژایی بیست ساڵ حكومەتێكی دەوڵەمەندی وەك حكومەتی كوردستان نەیتوانی هۆڵێكی سینەما بكاتەوە، لەگەڵ ئەوەش كە هەموو لایەك دەزانێ سینەما چەند پێویستە، هەزار وتار لە رۆژنامە و گۆڤارەكان بڵاوكرایەوە، چەندین بەرنامەی تەلەفزیۆنی لە كەناڵە جۆراجۆرەكان پێشكه‌ش كران كە چۆن دەبێ پایتەخت بێ سینەمابێ، بۆیە ئێستا هەستم بە لێپرسینەوەیەكی گەورە كرد و ئەو ئەركەم خستە ئەستۆی خۆمەوە، هیوادارم هەموولایەك بەتایبەتی بینەران هاوكارم بن، هەر بەم بۆنەوەیه‌وه‌ سوپاسی به‌ڕێز پارێزگاری هەولێر دەكەم كە موەلیدەیەكی كارەبای گەورەی بۆمان تەرخان كرد.
* ئایا نیازت وایە تەنیا فیلمە كوردییەكان نمایش بكەیت یاخود هەموو جۆرە فیلمێكی عەرەبی، هندی ، بیانی؟
- بەڵێ سینەما كریستالم بۆ فیلمە كوردییەكان كردەوە، كرێیەكی قورسم خسته‌ سه‌ر شانی خۆم لە پێناو خزمەت كردن به‌سینەمای كوردی و پێشخستنی لە كوردستان، بۆ ئەمساڵ نیازم وایە هەژدە فیلمی كوردی لێ نمایش بكەم كە هەموو فیلمی بەپێز و تازەن ئینجا پاشان فیلمی بیانی وەك فارسی- عەرەبی- هندی بە تازەترین سيستەمی پەخش كردن و پێشكەوتوو.
Top