كه‌ژاڵ ئاده‌می:ئه‌وین و ئازار و هیواکان سه‌رچاوه‌ی شیعر و گۆرانییهکانمن
جگه له گۆرانی گوتن و شیعر له ته‌مه‌نی ١٥ ساڵیدا ده‌ستی به ژه‌نینی ئامێری كه‌مان (ڤیۆڵۆن) كرد و له سه‌نته‌ری مۆسیقای «سه‌با» به‌شێوه‌ی تیۆری مۆسیقای خوێندووه.
ماوه‌ی زیاتر له 22 ساڵه له وڵاتی سوید نیشته‌جێیه، له ساڵی 2006 یه‌كه‌م به‌رهه‌می خۆی به ناوی (جوانترین وشه) بڵاو كرده‌وه كه هه‌موو تێكسته‌كانی هی خۆی بوون و مامۆستا عه‌لی شه‌كووری ئاوازی بۆداناون، گۆڤاری گوڵان لە دەرفەتێكدا ئەم دیدارەی لەگەڵ خاتوو كه‌ژاڵ ئاده‌میدا سازكرد.
*خوێندن له ئه‌وروپا كات و ماندووبوونێكی زۆری ده‌وێت، ترسی ئه‌وه‌ت نییه هونه‌ره‌كه‌ت ببێته قوربانی خوێندن؟
- له سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌م كە زانست و زانیاری یارمه‌تیم ده‌دەن تا به ڕوانگه و جیهانبینیەکی به‌رینتره‌وه بتوانم به‌رهه‌مه‌کانم بخوڵقێنم، هه‌ر بۆیه گرنگییه‌کی تایبه‌ت به خوێندنه‌که‌م ده‌ده‌م و ئه‌م چه‌ند ساڵه که سه‌رقاڵی خوێندنم به هێمنییه‌کی زۆرتره‌وه له بواری هونه‌ریدا هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرم. دیاره له‌وانه‌یه ئه‌م ماوەیە بە هۆی خوێندنه‌که‌مه نه‌توانم ئه‌و جۆره‌ی ئاره‌زوومه به‌رهه‌می زۆر و هەمەڕهنگ پێشکه‌شی جه‌ماوه‌ر بکه‌م، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا هه‌وڵمداوه کاره هونه‌رییه‌کانم ڕانه‌گرم و به‌یناوبه‌ین به به‌رهه‌می نوێوه له خزمه‌ت هونه‌ردۆستاندا بم.
* ئه‌گه‌ر سه‌ر پشك بكرێیت له‌نێوان خوێندن و هونه‌ر كامیان هه‌ڵده‌بژێریت و بۆچی؟
-هه‌ڵبژاردنێکی دژواره، چونکه من هونه‌ر وه‌ک دیارده‌یه‌ک له ده‌ره‌وه‌ی خۆم و جودا له‌خۆم نابینم، به‌ڵکو به‌شێکه له شیرازه وجوودی من و ئارەزوو و سۆزێکه که ئارامی ده‌به‌خشێته ژیانم. له هه‌مان کاتدا ئاره‌زوویه‌كی زۆرم بۆ بواری خوێندنه‌که‌م که ده‌روونناسییه هه‌یه و له‌و بڕوایەدام که په‌یوه‌ندییه‌کی قووڵی له‌گه‌ڵ هونه‌ریشدا هه‌یه.
* خوێندنی تۆ له بواری ده‌روونناسیه، ئایا گۆرانی و خوێندن له بواری ده‌روونناسی كاریگه‌ریان به‌سه‌ر یه‌كه‌وه هه‌یه؟
-بنه‌مای تێڕوانینی من چ له ژیان و چ له به‌رهه‌مه‌کانمدا بڕوا به ئینسان و ڕێز گرتن له پێگه‌ی به‌رزی مرۆڤه. مرۆڤه که هونەر و عەشق و شیعر و سیاسەت ده‌خوڵقێنێت. ئامانجم ڕێزگرتن و لێکدانه‌وه و تێگه‌یشتن له هه‌ست و ده‌روونی پڕ ڕه‌مز و ڕازی ئینسانه. زانیارییه‌کانم له بواری ده‌روونناسیدا به‌دڵنیاییه‌وه ده‌توانن یارمه‌تیده‌رم بن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانم ئیشه‌کانم به شێوازێک بخوڵقێنم که له‌گه‌ڵ ده‌روونی ئینسانه‌کان په‌یوه‌ندییەکی پته‌وتریان هه‌بێت.
*ژیانی ئاواره‌یی و پێشمه‌رگایه‌تی باوكت كاریگه‌ریی چۆن بوو له‌سه‌ر كه‌ژاڵ ئاده‌می له هونه‌ردا؟
-من له ئامێزی دایک و باوکێکی شۆڕشگێردا چاوم به دنیا هه‌ڵێناوه که ساڵانێکی زۆری ته‌مه‌نی خۆیان له پێناو شۆڕش و خه‌باتدا دانا و پیرۆزترین ئاوات و ئامانجیان گه‌یشتن به کۆمه‌ڵگایه‌كی ئازاد و دیموکرات و یه‌كسانه. هه‌موو هه‌ست و بۆچوون و بیرکردنه‌وه‌ی باوکم لەسه‌ر بنه‌مای خۆشه‌ویستی و بڕوا به ئینسان و ئینسانیه‌ته. ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی که له که‌سایه‌تی باوکمدا هه‌یه ئه‌و وانه‌ی پێ فێر کردووم که هه‌رگیز له به‌رامبه‌ر زوڵم و نابهرابهریدا بێده‌نگ نه‌بم، بڕوام به خۆم هه‌بێت و وره‌م به‌رز بێت و هه‌رده‌م تێبکۆشم، مرۆڤێکی به‌که‌ڵک بم بۆ کۆمه‌ڵگاکه‌م و بوێرانه به‌رهه‌مه‌کانم بخولقێنم.
* ئایا ئه‌م ژیانه سه‌خته له‌و گۆرانییانه‌ی تا ئێستا پێشكه‌شت كردوون ره‌نگی داوه‌ته‌وه؟
-هه‌ست و ئه‌وین و ئازار و هیواکانی خۆم سه‌رچاوه‌ی هه‌موو شیعر و گۆرانییه‌کانی منن، بێگومان ژیانی من ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر هه‌موو به‌رهه‌مه‌کانم و به‌تایبه‌ت شیعره‌کانم هه‌یه.
* گۆرانی وه‌ك پیشه سه‌یر ده‌كه‌یت یان وه‌ك ئاره‌زوو؟
- من هونه‌ر وه‌ک ئیش و پیشه سهیردەکهم. ئیشی من وته‌ی دڵ باس کردنه و هیوادارم به‌رهه‌مه‌کانم بنیشنه سه‌ر دڵی بیسه‌ر و بتوانن ببنه پردێکی په‌یوه‌ندی له‌نێوان من و جه‌ماوه‌ره‌که‌مدا. ئه‌مه‌یه ئامانجی سه‌ره‌کیی من و چاوه‌ڕوانییه‌کی دیکه‌م نییه.
*خۆشترین و ناخۆشترین یادگاری تۆ چی بووه، ئه‌و كاته‌ی باوكت پێشمه‌رگه بوو؟
-خۆشترین یادگاری ئه‌و سه‌رده‌مه ئه‌وه‌یه که ئه‌مڕۆ شانازی ده‌که‌م به خه‌باتی باوکم و سه‌رجه‌م بنه‌ماڵه‌که‌مان، هه‌روه‌ها ئه‌و شه‌هیدانه‌ی که بنه‌ماڵه‌که‌مان له ڕێگای ئازادی‌دا داویانه. ناخۆشترین یادگاری ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش دوور که‌وتنه‌وه‌م له ئامێزی بنه‌ماڵه بوو.
*هه‌ست ده‌كرێت جگه له باوكایه‌تی، تۆ و باوكت په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزتان هه‌یه ئه‌مه بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
- باوکم هه‌میشه کۆڵه‌که و پشتیوانی من بووه. هه‌میشه وه‌ک شێره‌ژنێک چاوی لێم کردووه و ڕێزی لێگرتووم. دڵێکی هه‌یه به ڕووناکی ئاوێنه، به گه‌وره‌یی ده‌ریاو به پاکی عه‌شق و هه‌رده‌م ڕێنوێنییەکی باش و لێهاتوو بووه له ژیانی مندا.
*كه‌ژاڵ ئاده‌می له شیعره‌وه نزیكتره یان له گۆرانی؟
- دنیای شیعر شوێنێکه تێیدا ژیانم شی ده‌كه‌مه‌وه و لێکۆڵینه‌وه له دنیای ده‌وروبه‌رم ده‌که‌م و دیارده کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌هێنمه ژێر چاویلکه‌ی ڕه‌خنه‌وه. شیعر مه‌نزڵگه‌ی سکاڵاکانمه و ژووری بزه و فرمێسک و ئه‌وین و دڵداریمه. من و شیعره‌کانم پێکه‌وه، ده‌ست له‌ملانێی یه‌کتر گه‌وره بووین و تا به ئه‌مڕۆ یار و ده‌ستگیرانی یه‌کتر ماوینه‌ته‌وه. هۆنراوه‌ی گۆرانییه‌کانیشم نووسراوه‌ی خۆمن و گۆرانی ئه‌و ده‌رفه‌ته‌م پێده‌دا شیعره‌کانم ئاوێته‌ی مۆسیقا بکه‌م و به گوێی بیسه‌ردا بیچرپێنم. شیعر و گۆرانییه‌کانی من ئاوێته‌ی یه‌کدین و له یه‌کدی جودا نین.
*هیوا و ئاواته‌كانت وه‌ك مرۆڤێكی كورد و وه‌ك هونه‌رمه‌ندێك چین بۆ ساڵی 2013؟
سه‌باره‌ت به كار و به‌رهه‌می نوێم، ئێستا خه‌ریکی به‌رهه‌مێکی سینگڵم. له‌م به‌رهه‌مه‌دا بۆ یه‌که‌م جار میوانداری هۆنراوهیەکی خاتوو سیمین چایچی ده‌که‌م که به پێنووسه ڕهنگینهکهیهوه بووه‌ته میوانی گۆرانیم. مامۆستا شه‌کووری به هه‌ستی ناسکی خۆیه‌وه به‌رگی مۆسیقای له‌به‌ر ئه‌م هۆنراوه کردووه و به شێوازی گۆرانی پێشکه‌شی هونه‌ردۆستانی ده‌که‌ین.ئێستا له قۆناخی تۆمارکردنی ئه‌م بهرههمەین له ستۆدیۆدا و هیوادارم تا چه‌ند مانگێكی دیکه بتوانین به شێوازی کلیپ ده‌ریبهێنین و پێشکه‌شی هاووڵاتیان و جه‌ماوه‌ری ئازیزی بکه‌ین.
بۆ ساڵی نوێش ده‌ڵێم هیوام ساڵی ئاشتی و ئازادی و سه‌ربه‌ستییه بۆ هه‌موو گه‌لانی دنیا و نه‌ته‌وه‌ی کورد. ئاواتم گه‌شه‌ی نیشتمانمانه له بواری ئابووری و هونه‌ری و کۆمه‌ڵایه‌تیدا و هیوادارم له ساڵی نوێ‌دا بتوانم وه‌ک ساڵانی ڕابردوو به‌رده‌وام به ئامێزێک ئاوێته‌ی شیعر و گۆرانییه‌وه له خزمه‌ت هونه‌ردۆستاندا بم.