فرمێسك مسته‌فا:لەم کارە نوێیەمدا رزگارم بوو له‌ ئه‌كته‌رێتی سه‌ر شانۆ

فرمێسك مسته‌فا:لەم کارە نوێیەمدا رزگارم بوو له‌ ئه‌كته‌رێتی سه‌ر شانۆ
خانمە ئەكتەر فرمێسك مستەفا ئێستا لە دوایین كاری خۆیدا كەزنجیرە درامایەكە بە ناوی (ئەناهیتا) رۆڵێكی جیاوازتر لە رۆڵەكانی تر دەبینێت و وەك خۆی دەڵێت بەشداری كردنی لەم زنجیرەیەدا زۆر جیاوازە لە كارەكانی پێشوو، سەبارەت بەم زنجیرە درامایە و كارەكانی بە گشتی رووبەڕووی چەندپرسیارێكمان كردەوە كە بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە.
* باست له‌وه‌ كرد كه‌ رۆڵه‌كه‌ت له‌و درامایه‌ تا رادده‌یه‌ك جیاوازه‌، ئایا جیاوازییه‌كان ته‌نیا هونه‌رین؟
- یەکەم جارە لەگەڵ هونەرمەندانی هەولێر کار بکەم، لەو روانگەیەشەوە بۆ من نوێیە. هەست دەکەم ئیدی کاتی ئەوە هاتووە کە کارەکانمان هاوبەش بکەین و لە سنوری شارەکاندا دەربچین . بتوانین هەماهەنگ و تەبایی لە کارکردنەکانماندا ڕەنگبداتەوە و لەئەزموونی یەکتر سوود وەربگرین ، من خۆم چێژێکی تایبەتیم لێ وەرگرت . هەموو شتێک بە هێمنی و لەسەرخۆ ئەنجام ئەدرا. کەسایەتییەکانی کارم لەگەڵ دەکردن بە قوتابی و مامۆستاوە هەناسەیەکی پڕلە لێبوردەیی و خۆشحاڵی و سەرچاوەی لە دڵسۆزی و ئەمەکەوە بۆ هونەر کار دەکرا. لە درامادا، هەندێ کات، ئەکتەر وبەشدار بووەکان وەک میوانی هۆتێل دێنە بەرچاوم، کە هەریەکەیان لە ژوورێک دابەزیوون و بەیانیان بۆ نان خواردن لە چێشتخانەی هۆتێلەکە دەیان بینیت ..هیچ بەرکەوتەو پێوەندیەک دروست نابێت ئەوان دەڕۆن و دوایی چەند میوانێکی تر دێن لە بری ئەوان و بەیانیان هەمان شت دەیانبینیەوە. بەڵام لە هەندێ کاردا نەخێر هەموو پێکەوە وەک خێزانێک لەگەڵ یەکتر مامەڵە دەکەین و هەركاممان هێندەی خەمی خۆیانە خەمی هاوکاری بەرامبەریشیانە. من لەم کارەدا زۆر ئەمەم ئەدی . بێ لەوەی دەرهێنەر مامۆستا جانۆ لەبەر ئەوەی کەسێکی ئەکادیمییە، هەر تێبینیەکی هەبوایە لەسەر نواندن و مامەڵە کردنمان لە بەر کامێرا بۆی باس دەکردین مەبه‌ستی چییە، چۆن بتوانین لەگەڵ کامێرایەکی بێ گیاندا گیانی پێببەخشین و وابزانین کەسی سێهەمە لەگەڵماندا نەک ئامێرێکی بێ گیان ..
* ئایا له‌ رۆڵه‌كانی پێشووت ئازاد نه‌بووی؟
-رۆڵەکانی پێشووم تەنیا بەرجەستە کردنی رۆڵێک بوو وەک ئەکتەر، بەڵام لەمەدا نەخێر گەڕان بوو بەدوای نهێنی بەر کامێرا و چۆن بتوانم بۆ شانۆ سوودی لێ وەربگرم، خۆم لە فۆکسی کامێراوە بگوازمەوە بۆ پانتایی شانۆ، جاران بەپێچەوانەوە کارم دەکرد، هەموو کارێکی دارما لە گرتەی مە شهەدی یەکەمدا، بەخۆم دەڵێم ئەمە دواکاری بەر کامێرامە، بەڵام لەم کارەدا ئاشنای کامێرا بووم و خۆشمویست، بەتەواوی توانیم رزگارم بێت لە ئەکتەری سەر شانۆ. چونکە هەمیشە دەرهێنەرە سینەماییەکان و دراما تەلەفیزیونیە کان و ئەکتەرە شانۆییەکان لەو کێشەیەدان، کە ناتوانن خۆیان وەک ئەکتەری شانۆلەشانۆ جودا بکەنەوه‌، بۆیە دەرهێنەران کێشەیان هەیە لە گەڵیان، هەروەها ئەکتەریش هەیە لە سەر شانۆ وا ڕۆڵەکەی بەرجەستە دەکات،کە لە سینەمادایە یا خود لە ئاکاری تی ڤیەوە دەیبینێت ..
* ئێستا له‌ ڤیدیۆ كلیپ و كورته‌ فیلمه‌كان دیارده‌یه‌ك به‌رچاوه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سیناریۆ و ده‌رهێنان و وێنه‌گرتن ته‌نیا یه‌ك كه‌س پێی هه‌ڵده‌ستێت ، پێتوایه‌ هۆكاره‌كه‌ی چییه‌؟
- من ناتوانم باس لەوە بکەم، بۆ وایە؟، چونکە من ئەو کەسە نیم و لەگەڵی کاری هاوبەشم نییە تا هۆکارەكه‌ی بزانم، بەڵام بە بۆچوونی من لەوانەیە بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کەسی شارەزاو پسپۆرمان کەمە لە و بوارەدا، بۆ یە پەنا دەبەنە بەر ئەوەی خۆیان هەموو کارەکە پێکەوە بە ئەنجام بگەیەنن.
* ترسی ئه‌وه‌ نییه‌ له‌ دراما و شانۆش هه‌مان دیارده‌ بڵاو بێته‌وه‌؟
- لە درامادا ئەم دیاردەیە تارادەیەک دەکرێت هەبێت، بەڵام لە شانۆدا تەنیا دەتوانرێت لە مۆنۆدرامادا ئەوە ئەنجام بدرێت. یاخود دەکرێت نووسەرەکە دەرهێنەر بێت یا ئەکتەر ئەمەش نەک هەر لەناو کوردا، بەڵکو لە جیهاندا هەبووە پینتەر یەکێک بووە لەو کەسانە.
* ئێستا بینه‌ری كوردی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی رووی له‌ دراما بیانییه‌كان كردووه‌ به‌ توركی و كۆری و مه‌كسیكییه‌وه‌، چۆن ده‌توانین جه‌ماوه‌ر بگه‌ڕێنینه‌وه‌ بۆ سه‌یر كرنی درامای كوردی؟
- درامای کوردی پێویستە بێتە ناو کۆمەڵگەی ئێستەوە بەشێوەیەکی باوەڕ پێکراو، دەبێت بابەتە تەرح کراوەکان چ لە ڕووی هونەرییەوە چ لە ڕووی نووسینەوە واتە داڕشتنی درامییەوە کە سیناریۆکەیە. لە خەڵکەوە نزیک بن و جێگای متمانە یان بێت، کە دەڵێم من مەبەستم تاکی کۆمەڵگەیە كه‌ زۆر گرنگە . گەر بشمانەوێت ڕابردوو هەڵبدەینەوە و میللەت بە مێژووی خۆمان بناسێنین، یا رووداوێکی رابردوو بێت، دەبێت قەناعەت بە ئێستام بکەین کە منی تێدا دەژیم و بە ئێستای منیەوە ببەستیتەوە و لە ناوەوەی مرۆڤایەتی من بگەڕێیت و بیدەیتەوە پێم لە ڕێگای گێڕانەوەی مێژووەوە و منی ئێستا و ئەوەی ڕابردوو بکەیتە هاوڕێ و بەیەکەوە گرێمان بدەیت.
*هۆی چییه‌ خه‌ڵك رووی له‌م جۆره‌ به‌ناو فیلمانه‌ كردووه‌ و به‌رده‌وامن؟
- خەڵک بە زۆری دەیانکڕن، دیارە خەڵکی پێیان خۆشە کە پێبکەنن، ئارەزووی ئەوە بکەن ئەوەش بەهەقی خۆیان دەزانم . بێگومان هەشە پێی خۆشە بزانێت هونەری سینەما، یا کورتە فیلمی کوردی بەرەو کوێ دەچێت و چ هەنگاوێکی پێشکەوتووخوازانەی ناوە یا لە بازاڕی فیلمی کوردیدا چی نوێ هەیە ؟؟ ئەمانە هەمووی ئاسایین لە هەموو کۆمەڵگایەکدا هەیە . لە ئەڵمانیا کە دەچیتە کۆگای فیلمەکان کە هەمووی جیا کراونەتەوە، فیلمە تورکیەکان دیقەت دەدەم بەزۆری ئەوانە دادەنێن کە شه‌عبانی تێدایە یا کۆمیدین، چونکە دەزانن رەواجی زۆریان هەیە ئەوانیش لە بەر بازرگانی خۆیان تەنیا ئەو فیلمانە هاوردە دەکەن،، بەڵام بێگومان جێگای تایبەتی هەیە، بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت فیلمی نوێ و بابەتی نوێ ببینن، لە جێگای تایبەتیدا دەفرۆشرێت. ئەوانەی سەیری فیلمی کوردی دەکەن و لە بازارەکاندا دەیکڕن، دەگەڕێتەوە بۆ حەزیان بێ گومان، یا جۆری ئەو فیلمانە چین کە خەڵک لە بازاڕەکاندا بە زۆری دەیان کڕێت و رەواجیان هەیە. پرسیارەكە گەر وابێت دەتوانرێت دروست تر وەڵام بدرێتەوە. ئەوەی من بزانم رەواجی کورتە فیلمە کۆمیدیەکان زۆرە. من بەش بەحاڵی خۆم زۆر جاركە بە بازاڕدا دەڕۆم، دەنگیان بەرزکراوەتەوە لە جێگای سیدی فرۆشەکان ..

Top