بۆچی شیعری ئافره‌تان كه‌متر ده‌كرێت به گۆرانی
سه‌ره‌تا حه‌یات مه‌جید په‌رخی به‌مشێوه‌یه وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ی دایه‌وه: به ڕای من بۆ باڵاده‌ستی پیاو ده‌گه‌ڕێته‌وه له فه‌زای ئه‌ده‌ب و هونه‌ردا، به‌جۆرێك زۆربه‌ی زۆری ئه‌و شیعرانه‌ی كه كراون به گۆرانی له‌لایه‌ن پیاوه‌وه نووسراوه و دیسان له‌لایه‌ن پیاوه‌وه كراون به گۆرانی.
سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش خاتوو حه‌یات مه‌جیدی پهرخیی شاعیر پێیوایه له‌م ده ساڵه‌ی دواییدا ده‌ركه‌وتنێكی تا راده‌یه‌ك باش بۆ مێینه هه‌بووه و ده‌ڵێ:كۆمه‌ڵێك ده‌نگی جیاواز ده‌ركه‌وتن بۆ كار كردن له بواری هونه‌ریدا به فۆڕمی جیاوازه‌وه، ئه‌مه‌ش تا راده‌یه‌ك زۆر جێگای خۆشحاڵیه، به‌ڵام به‌داخه‌وه زۆربه‌ی ئه‌و ئافره‌ته گۆرانیبێژانهیش شیعری پیاو ده‌كه‌نه گۆرانی و جارێكی تریش به‌داخه‌وه بۆ نه‌بوونی یاخود كه‌م بوونی شیعری گۆرانی ئافره‌ت به قه‌ڵه‌می ئافره‌ت، له كاتێكدا زۆربه‌ی ئافره‌ته شاعیره‌كان به زمانێكی پیاوانه ده‌نووسن هۆكارێكی تره بۆ نه‌كردنیان به گۆرانی له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندانه‌وه، له هه‌مان كاتیش‌دا شاعیرانی ئێستا به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رده‌میانه ده‌نووسن، بۆ نموونه شیعری سه‌ربه‌ست ده‌نووسن ئه‌مه‌ش رێگره له‌به‌رده‌م گۆرانیبێژه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی بیكه‌ن به گۆرانی، چونكه به‌لای كه‌مه‌وه شیعری گۆرانی پێویسته وه‌زن و قافیه‌ی تێدا هه‌بێت.
كه‌ژاڵ ئاده‌می كه به‌ر له گۆرانی وتن شاعیر بووه، له وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌دا ده‌ڵێ: شیعری ئافره‌تانه شیعرێکه باس له ئه‌وین و ئازار و خه‌ون و ئاوات و هه‌ستی ئافره‌ت ده‌کات. دیاره له ناو ئه‌م هه‌سته ئافره‌تانه‌دا، هه‌ست بۆ ڕه‌گه‌زی به‌رانبه‌ریش بوونی هه‌یه. گه‌ر گوزه‌رێک به ناو مێژووی شیعری ئافره‌تاندا بکه‌ین، ده‌بینین شێوازی ده‌ربڕینه‌کان به‌پێی دۆخی هه‌ر زه‌مه‌ن و ده‌ورانێک جیاواز بووه. له سه‌رده‌می ئه‌مڕۆدا که باس له مافی به‌رانبه‌ری ئافره‌ت و پیاو ده‌کرێت و بیروبڕوا و خه‌باتی یه‌کسانیخوازی ئافره‌تان له کوردستاندا تا ڕاده‌یەک هه‌نگاوی به‌ره‌وپێش ناوه، بووه‌ته ڕێگا خۆشکه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی بوێرییه‌کی نوێ له ئه‌ده‌بیاتی ئافره‌تاندا. هه‌روا که جوانی جه‌سته‌ی ئافره‌ت له شیعری پیاواندا ته‌وسیف ده‌کرێت، جوانی جه‌سته‌ی پیاویش ده‌کرێت له شیعری خاتوونێکدا ته‌وسیف بکرێت. به‌ڵام ته‌نیا جه‌سته نوێنه‌ری هه‌موو جوانییه‌کانی مرۆڤێک نییه. پێکهاته‌ی جوانی جه‌سته و ده‌روونه که مرۆڤ جوان ده‌که‌ن. من وه‌ک ئافره‌تێک که هه‌وڵم داوه قه‌ڵه‌می شیعرم ئاوێته‌ی هه‌ستی ئافره‌تانه‌ی خۆم بکه‌م، وه‌سفی پیاو له شیعره‌کانمدا بوونی هه‌یه. تیشکم ته‌نیا له‌سه‌ر جه‌سته نییه به‌ڵکو باس له جوانییه ده‌روونییه‌کانی پیاویش ده‌که‌م. باسی وه‌فا و پیاوه‌تی و پاکی پیاو، باسی پیاو وه‌ک سومبولی ئیش و شۆڕش و هه‌وڵ و یارمه‌تی و ماندوونه‌ناسی، باسی پیاو وه‌ک کۆڵه‌که و پشتیوان و پشت و په‌نایه‌کی ئۆقرهبهخش، باسی چاوی پڕ وته‌ی و ئه‌سرینه شاراوه‌کانی و دڵته‌نگییه‌کانی، باسی ناسکی هه‌ستی پیاو و زۆر جوانی دیکه که مرۆڤانه‌یه. من پیاو پێش له‌وه‌ی وه‌ک ڕه‌گه‌زێک بیبینم وه‌ک مرۆڤێک ده‌یبینم که ساڕێژه له جوانی و هونه‌ر و داهێنان.
به‌هار حوسه‌ینی شاعیر پێیوایه زۆربه‌ی ئافره‌تان لایه‌نی رۆحیان لا گرنگ تره رۆحێکی خاوێن وبێگه‌رد زیاتر سه‌رنجی ئافره‌ت راده‌کێشی هه‌تا لایه‌نێکی زاهیری. به‌هار خان، هه‌روه‌ها ده‌ڵێ: ئه‌م قسه‌ش به پشت به‌ستن به زۆربه‌ی ئه‌و ده‌قانه ئه‌لێم که به‌رهه‌می ئافره‌تانی قه‌له‌م به‌ده‌ستن، به‌ڵام نکۆڵیش له‌وه ناکرێت که ئافره‌تیش رووی ده‌ره‌وه‌ی پیاوی به‌لایه‌وه گرنگه، به‌ڵام زۆر جار په‌روه‌رده و عادات وتهقالیدی کورده‌واری نه‌ریته‌کان رێگه به‌ئافره‌ت ناده‌ن راشکاوانه وه‌ک ناخی خۆیان ده‌رببڕن، به‌ڵام دیسانه‌وه‌ش جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌که‌مه‌وه که زۆربه‌ی ئافره‌تان زیاتر گرنگی به‌لایه‌نی ده‌روونی پیاو ده‌ده‌ن.
هەر سەبارەت بەم بابەتە شەیدا مەعروفی شاعیر دەڵێ: بەڵی وەك دەزانرێت هێندەی تێكستی پیاون دەكرێتە گۆرانی ودەبێتە جێژوانی گۆرانیبێژان هێندەی تێكستی ئافرەتێك نییە وا بوترێتەوە ئەمەش، لەبەر ئەوەی پیاوان زیاتر پیاهەڵدانیان هەیە بۆ جوانی وروخساری ئافرەتان هێندە ئافرەتان نەیاتوانیوە ئەو پیاهەڵدانانەیان هەبێت بۆكەسانی بەرامبەریان .
دەكرێت شیعری زۆرجوان وشیاو هەبێت بۆ كردنی بە گۆرانی بۆیە لەوانەشە ئەو جوانیەی كە باس دەكرێت منێك و ئەوێكی ئافرەت دایڕێژین،بەڵام ئایا بۆناكرێتە گۆرانی ئەمەش ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوانەی كە گۆرانی ئەڵێن یان بڵێین گۆرانیبێژەوە زۆریش شیاو بێت ئایا كێ ئامادەیە ئەو شیعرەی كە ئافرەتێك دەینووسێتەوە بیكاتە گۆرانی،كاتێك ئافرەتێك تێكستێك دەنوسێت بێگومان ئەو باس لەناخی خۆی و ئەوانی وەك ئەون دەكات بۆیە لەوانەیە وتنی ئەم تێكستانە كەمێك قورس بێت بۆ وتن ...
بەڕای من هێندەی ئافرەتان دەتوانن شتە جوانەكان بەرجەستە بكەن هێندە پیاو ناتوانێت ئەو ئەركە بكێشێت و بێت باس لە جوانی ئافرەت بكات.
ژیوان ژاژڵەیی شاعیریش دەڵێ: زۆر كەس دەڵێن هەر شیعرێك بكرێتە گۆرانی شیعر نییە، من پێموایە ئەم بۆچوونە هەڵەیە، چونكە دەبینین شیعری زۆر بەرز كراوەتە گۆرانی، بەڵام لە ئافرەتەكاندا شاعیرێكمان نییە كە خۆی تەرخان بكات تەنیا بۆ شیعری گۆرانی، ئەگەرچی لەو سەردمەدا دەبینین بواری موزیك زۆر پێشكەوتووە و ئاوازدانەری زۆر بە توانا‌مان هەیە كە دەتوانێت ئاواز بۆ هەموو شیعرێك دابنێت، چونكە هەموو شیعرێك ئیقاعێكی تایبەت بە خۆی هەیە و دەكرێت بە گۆرانی، بەڵام پێویستی بە ئاوازدانەرێكی باش هەیە كە چۆن بتوانێت ئاواز و ریتمی ئەو شیعرە بدۆزێتەوە، لەلایەكی دیكەو كەمتر ئەوشیعرانەی جۆرئەتیان تێدایە دەكرێنە گۆرانی، بەڵام بیرمان نەچێت هەندێك شیعر هەن ناچنە خانەی شیعرەوە و مانای شیعرەكە دەشێوێنێت، بۆ نموونە بەكار بردنی هەندێك وشەی رووت واتە داتاشراو لە كۆمەڵێك شت، ئەمە هەڵەیەكی گەورەیە ئەگەر ئێمەش شاعیر بكەوینە ئەو هەڵەیەوە كە پێمان وایە بەكاربردنی هەندێك وشەی رووت ئازایی و جەسووری ئێمەیە، دەتوانین دەقێكی رۆمانسی و زۆر جوان دەرببڕین بێ ئەوەی بەو شێوەیە رووتی بكەینەوە كە لەلای بیسەر بێتام بێت، من دەڵێم با ئافرەتان ئازا و بە جورئەت بن، بەڵام نەكەوینە ئەو هەڵەیەوە كە تەنیا ئازایەتی لە بەكارهێنانی هەندێك وشەیە كە هەندێك جار ئابروو بردنی شیعرە.
گوڵنار عەلی شاعیر لە شاری دهۆك ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی ئەم پرسیارەی دایەوە: من پێموایە ئافرەت هەنگاوی زۆری بڕیوە لە بواری شیعر، پێشتر ئافرەت شیعری نەنووسیوە كە بە ئازادانە هەستەكانی خۆی دەرببڕێت، بەڵام ئێستا هەرچییەكی بیەوێ لە شیعردا باسی دەكات، رەنگە لە بارەی گۆرانییەوە تا راددەیەك وەك پێویست نەبێت یان گۆرانیبێژان داوای تێكستی ئافرەتان ناكەن بۆ ئەوەی بیكەن بە گۆرانی، لەو بڕوایەدام كە لە داهاتوودا لەم بوارەش دەستێكی باڵاتریان دەبێت، لەلایەكی دیكەوە ئێستا ئاواز لە ئاستی تێكستدا نییە تەنانەت بۆ تێكستی پیاوانیش بەتایبەتی بۆ شیعری ئازاد، چونكە هەموو ئاوازدانەرێك ئەو توانایەی نییە ئاواز بۆ شیعرێكی ئازاد دابنێت جا تێكستی پیاوان بێت یان تێكستی ئافرەت.