لۆرین: راگه‌یاندن پڕه‌ له‌ زه‌حمه‌تی و هــه‌میشه‌ میدیاكار رووبه‌ڕووی ئـاسته‌نگ ده‌بێته‌وه‌

لۆرین: راگه‌یاندن پڕه‌ له‌ زه‌حمه‌تی و هــه‌میشه‌ میدیاكار رووبه‌ڕووی ئـاسته‌نگ ده‌بێته‌وه‌
زۆرن ئەو كەسانەی كە لە دوو بواری جیاجیای نزیك بە یەكتر یان پێكەوە بەستراو كار دەكەن و ئەگەرچی كارەكە ئاسانیش نەبێت، بەڵام تا راددەیەك تێیدا سەركەوتوون، لۆرین بەرزنجی یەكێكە لەو كچانەی كە توانیویەتی لە دووبواری نزیك لە یەكتردا بەهرە و تواناكانی خۆی دەربخات،ئەوانیش گۆرانی گوتن و كاری رۆژنامەوانییە لە هەردووكیشیاندا سەركەوتوو بووە، لۆرین بەرزنجی خەڵكی رۆژئاوای كوردستانە، بەڵام ئێستا لە وڵاتی سوید نیشتەجێیە و هەر لەوێش خەریكی كاری هونەری و راگەیاندنە، لە پێوەندییەكدا بەم شێوەیە بۆ گۆڤاری گوڵان هاتە دوان. كاری راگه‌یاندن بۆخۆی پڕه‌ له‌ زه‌حمه‌تی و هه‌میشه‌ مرۆڤی میدیاكار رووبەڕووی ئاسته‌نگ ده‌بێته‌وه‌ بۆ ئافره‌تیش ئه‌وا ئاسته‌نگه‌كان قورستر و سه‌ختترن، لۆرین له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: من له‌ به‌شی هه‌واڵی رادیۆی سوید كاری راگه‌یاندن ده‌كه‌م كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌ترین رادیۆكانی ئه‌و وڵاته‌، ئه‌و به‌شه‌ی من كاری لێده‌كه‌م كه‌ به‌شی هه‌واڵه‌ هه‌میشه‌ پێویستی به‌ بابه‌ت و رووداوی نوێیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ گوێگرانی رابگه‌یه‌نێت، بۆیه‌ ئه‌گه‌رچی میدیا و هونه‌ر له‌ یه‌كتره‌وه‌ نزیكن و پێوه‌ندییان هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و به‌شه‌ی من كاری لێده‌كه‌م تا راده‌یه‌كی زۆر پێچه‌وانه‌ و دووره‌ له‌ هونه‌ره‌وه‌، له‌ بواری میدیا جا له‌ هه‌ر به‌شێك بێت پێویسته‌ مرۆڤ خۆی هه‌موو كاره‌كانی به‌ ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای كاره‌كان تا كۆتاییان وه‌ك دیاریكردنی بابه‌تێك بۆ گفتوگۆ كردن له‌سه‌ری و كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری و داتا له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بۆ ئاشنا كردنی خه‌ڵك پێیان، هه‌روه‌ها هه‌ڵبژاردنی كه‌سانێك بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ستۆدیۆ ئاماده‌ بێت و بابه‌ته‌كه‌یان له‌گه‌ڵدا باس بكه‌یت تا ده‌گاته‌ مۆنتاژ كردنی، به‌ڵام من ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر مرۆڤ حه‌ز به‌ كارێك بكات پێویسته‌ خۆی بۆ ماندوو بكات و هیچ كارێكیش ئاسان نییه‌ و پێویستی به‌ هه‌وڵ و ماندووبوونێكی زۆر هه‌یه‌، من خۆم زۆر ئاره‌زووی كاری راگه‌یاندن ده‌كه‌م و حه‌ز ده‌كه‌م به‌رده‌وام شتی نوێ له‌و باره‌یه‌وه‌ فێر بم، سه‌باره‌ت به‌ گۆرانی گوتنیش ئه‌وه‌ پێوه‌ندی به‌ به‌هره‌ی ده‌نگه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام دیسان ئه‌ویش پێویستی به‌ خۆ ماندوو كردن هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر په‌ره‌ به‌ توانا هونه‌رییه‌كانی خۆم بده‌م.
هه‌رچۆنێك بێت سه‌ره‌ڕای ئه‌و ئه‌ركه‌ زۆره‌ی كه‌ هه‌ردوو بواره‌كه‌ پێویستی پێیه‌تی من زۆر خۆشحاڵم به‌ ژیانی خۆم.
لۆرین به‌ر له‌ چه‌ند ساڵێك ژیانی هاوسه‌ری له‌گه‌ڵ هۆگر هروری پێكهێنا و ئه‌م هاوسه‌رگیریه‌ش دوای خۆشه‌ویستی نێوانیان هاته‌ به‌رهه‌م، سه‌باره‌ت به‌ ژیانی هاوسه‌رێتی ده‌ڵێت: سه‌ره‌تا له‌نێوان من و هۆگر لێك تێگه‌یشتن هه‌بوو، ئینجا بوو به‌ هاوڕێیه‌تی و رێز گرتن دواتر گۆڕا بۆ خۆشه‌ویستییه‌كی راسته‌قینه‌ و پێكهێنانی ژیانی هاوسه‌رێتی لێكه‌وته‌وه‌، ئێمه‌ باش له‌ یه‌كتری ده‌گه‌ین بۆیه‌ زۆر ده‌ست ناخه‌ینه‌ نێو بڕیاره‌كانی یه‌كترییه‌وه‌، جا‌ ئه‌گه‌ر گۆرانییه‌ك به‌ دڵی من بێ باوه‌ڕ ناكه‌م هۆگر ناڕازی بێت له‌ بڕیاره‌كه‌م‌، بێگومان هه‌ر كه‌سێك ئاره‌زووی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌پێی ویست و ئاره‌زووی خۆی پلان بۆ دواڕۆژی خۆی دابنێت به‌ گشتی و بیر له‌ پێكهێنانی ژیانی هاوسه‌رێتی ده‌كاته‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌.
من و هاوسه‌ره‌كه‌م هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ هاوڕێی یه‌كتر بووین و له‌ هه‌موو بواره‌كاندا هاوكاربوو‌ین، بێگومان به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی هۆگریش له‌ بواری هونه‌ری كار ده‌كات زۆر هاوكاری كردوومه‌ له‌لایه‌نی مه‌عنه‌وی و هونه‌رییه‌وه.
Top