حەسەن شەریف:پێویستە هونەرمەند لەپاڵ هونەرەكەی كەسایەتیی خۆی بپارێزێت
حەسەن شەریف هەمیشە خاوەن كەسایەتییەكی هونەریی بەرز بووە و ئەو بەرهەمانەی هەر لە سەردەمی پێشمەرگایەتییەوە پێشكەشی كردوون هەر لەگەڵ گوێ گرتن لێیان هەست بە رەسەنایەتی هونەریی كوردی دەكەیت بەتایبەتی ئەو گۆرانییانەی كە شیعری كلاسیك و هی شاعیرە ناودارەكانی كوردن وەك فەقێی تەیران و ئەحمەدی خانی، لە هەمان كاتدا لە گۆرانییە نوێیەكانیشدا هەست دەكەیت هونەرمەندی نەوەی ئێستایە و لەگەڵ پێشكەوتن و گۆڕینی بیر كردنەوەی نەوەی نوێ ئەویش هەوڵیداوە هونەرەكەی خۆی بگونجێنێت.
حەسەن شەریف دەربارەی كەسایەتیی هونەرمەند دەڵێت: مرۆڤ لە هەر شوێنێك و هەر زەمەنێك بێت پێویستە لە قالبی كەسایەتیی خۆی دەرنەچێت و بیپارێزێت، من قۆناغە جیاجیاكانی ژیانی میللەتی خۆم بینیوە لە پێشمەرگایەتی و شۆڕش و ئەنفال و دەربەدەری و ئاوارەیی، هەمیشە هەوڵمداوە حەسەن شەریف بم و كەسایەتیی خۆم پاراستووە، چونكە خەڵك لە تاكەكانەوە میللەت و ئاستی رۆشنبیری و پێشكەوتنی هەڵدەسەنگێنێت، بۆیە كە دەبینین كەسانێك وەك خۆیان نەماون و نەیانتوانیوە وەك پێویست خاوەن كەسایەتییەكی بەرز بن، ئەمانە سەنگی خۆیان و هونەری میللەتەكەیان لە دەست دەدەن و ئەمەش بۆ خودی ئەو كەسە دەگەڕێتەوە.
بە حوكمی ئەوەی لە قۆناغە جیاجیاكانی میللەتی كورددا ژیاوە، بۆیە حەسەن شەریف لەهەر قۆناغێكدا گۆرانی بۆ ئەو نەوەیە گوتووە، هەروەها هەمیشە هەوڵیداوە بە هونەرەكەی گوزارشت لە كێشە و مەینەتییەكانی بكات، لە هەمان كاتدا هاوبەشی خۆشی و شادییەكانی بێت، ئەمەش وایكردووە كە حەسەن شەریف هونەرمەندی لاو و پیر و هەموو تەمەنەكان بێت و بەگوێرەی داخوازی ئەوان گۆرانی بڵێت هەر لە گۆرانییە كلاسیكەكان و گۆرانیی ئەڤینداری و سروودی نیشتمانی، لەم بارەیەوە حەسەن شەریف دەڵێت: لەو ماوەی ئەو چەند ساڵەی كە لە ئەوروپا بەسەرم برد و سەردانی چەندین وڵاتم كرد تێبینی ئەوەم كرد كە لە وڵاتاندا هەر هونەرمەندێك جەماوەری تایبەتیی خۆی هەیە واتە هەر كەسێك گوێ لە جۆر و ستایلێكی تایبەتیی هونەری گۆرانی ومۆسیقا دەگرێت لە هەمان كاتدا هونەرمەندانیش بەشێوەیەكی دیاریكراو گۆرانی دەڵێن و خاوەن ستایلی تایبەت بە خۆیانن، بەڵام لەبەر ئەوەی لەناو میللەتی كورددا چەند دیاردەیەكی تایبەتی هەیە،هونەری من زیاتر لە بواری نەتەوەیی و فۆلكلۆریدا بووە و لەبەر ئەوەی میللەتەكەم بە چەند بارودۆخێكی ناسكدا تێپەڕیوە من ناچار بووم مەلای جزیری و فەقێی تەیران لەگەڵ خۆمدا بە هونەر بیانژێینم، و لەوانەیە ئەوان لە توانای من بەرزتر بوون و پێویستە كارێكی وا بكەم كە زیاتر ئەمانە بناسرێن و كارێكی هەمەڕەنگ پێشكەش بكەم، چونكە زۆر لە لاوەكانمان تەنانەت قوتابیانی زانكۆش نازانن مەلای جزیری و عەلی حەریری و فەقێی تەیران كێن، من تەنیا دەمەوێ لە رێگای ئەم گۆرانییە كلاسیكییانە ئاشنایان بكەم بە كلتووری رەسەنی خۆیان و لە بیری نەكەن.