ئەڤین: ســـەرەڕای ئاستەنگەكان بەرهەمی سەركەوتووش پێشكەش دەكرێت

ئەڤین: ســـەرەڕای ئاستەنگەكان بەرهەمی سەركەوتووش پێشكەش دەكرێت
ئەڤین بەیاز لە شاری بەدلیسی باكوری كوردستان هاتۆتە دنیاوە، بەڵام بەهۆی چەند كێشەیەكی تایبەتەوە زۆر لەوێ نەماوەتەوە و لە تەمەنی شەش ساڵیدا خانەوادەكەی رووی لە ئیستەنبول كردووە، هەر بۆیە لەو شارە جەنجاڵە ژیانی بەسەر بردووە و هەر لەوێشەوە بەهۆی ڕاسیزمیی كە هەندێك لە توركەكان لەو شارەدا بەرامبەری پەیڕەویان كرد هەستی بەوە كردووە میللەتی كورد تەنیا لەبەر نەتەوەكەی رووبەڕووی هەموو جۆرە سیاسەتێكی دوژمنكارانە و رەگەزپەرستانە دەبێتەوە بۆیە هەوڵیداوە بە هونەرەكەی خزمەت بە گەل و نەتەوەكەی بكات.
ئافرەتی كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستان و لە هەموو بوارەكانی ژیاندا رۆڵی بەرچاوی هەبووە لەوانەش بواری هونەر بە گشتی و گۆرانی و موزیك بەتایبەتی، بۆیە ئەگەر سەیری هەر پارچەیەك بكەین بە تەنیا دەبینین بە درێژایی مێژوو گۆرانیبێژی بە توانای لێ هەڵكەوتووە كە تا ئێستاش ناوەكانیان بە زیندوویی ماوەتەوە وەك ئایشە شان و نەسرین شێروان، گوڵبەهار و چەندانی تر، هەروەها هەندێكی دیكەشیان بە سوود وەرگرتن لە پێشكەوتن و كرانەوەی كۆمەڵگا ئێستاش بەردەوامن، بەڵام زۆر لەو ئافرەتە بە توانایانە وەكو پێویست دەرناكەون لە میدیاكاندا و رەنگە جەماوەری هەر چوار پارچەكەی دیكەی كوردستانیش ئاشنایەتییان لەگەڵیان نەبێت، ئەڤین بەیاز كە خەڵكی شاری بەدلیسە یەكێكە لەو ئافرەتانەی كە گشت كۆڵەگە سەرەكییەكانی پێویستی هونەرمەندی گۆرانیبێژی تێدا بەدی دەكرێت، خاوەن ستایلێكی تایبەتی نزیك ستایلی رۆژئاواییە و بەو ستایلە خزمەت بە هونەری كوردی دەكات، گۆڤاری گوڵان چەند پرسیارێكی ئاڕاستەی خاتوو ئەڤین كرد دەربارەی هونەری كوردی و ئافرەتان و ستایلی تایبەتی خۆی ئەویش بەمشێوەیە وەڵامی داینەوە. *هونەری كوردی بە گشتی چۆن هەڵدەسەنگێنی لەو بارودۆخ و زەمەنەی ئێستایدا؟
- ناتوانین بڵێین كەموكوڕی نییە و هەموو شتەكان بە تەواوی پێشكەوتوون و لە ئاستێكی زۆر بەرزدان، بەڵام گومانیشی تێدا نییە هونەری كوردی بە گشتی هەنگاوی زۆری بڕیوە تێكەڵاوییەكی زیاتر پەیدا بووە لەگەڵ هونەری جیهانی كورد جگە لە گۆرانیبێژ خاوەن موزیسیانی گەورە و لێهاتوون كە لەسەر ئاستی جیهانیدا ناوبانگیان هەیە و خەڵك بە ڕێز وتەقدیرەوە سەیریان دەكات بە هەمان شێوە لە بواری تەكنیكی دەنگەوە كەموكوڕیەكان زۆرن، بۆیە سەرەڕای ئەم هەموو كەموكوڕی و ئاستەنگانەی كە دێنە سەر ڕێگا كار و بەرهەمی سەركەوتووش پێشكەش دەكرێت، ڕۆژ دوای ڕۆژ ژمارەی هونەرمەندان زیاتر دەبێت لە هەمان كاتدا شێوازی موزیكی نوێتر دێتە بوون، هیوادارم لە پاشەڕۆژا هەنگاوی زیاتر بهاوێژرێت بۆ ئەوەی بگەین بە ئاستێكی بەرزتر و ئەو كەموكوڕیانەی كە لێرەو لەوێ هەستیان پێدەكرێت نەمینێت و سوود لە رەخنە و پێشنیارەكان وەربگیرێت كە ئاراستەی هونەرمەندان دەكرێت.
* جاران بوونی ئافرەت سنووردار بوو لە نێو هونەری كوردیدا و تەنیا چەند ناوێك هەبوون، بەڵام ئێستا دەرفەتی زۆریان لە پێشە، پێتوایە ئافرەتان وەكو پێویست هاتوونەتە نێو مەیدانەكە و سوودیان لەو بارودۆخەی ئێستا وەرگرتووە؟
- بێگومان ئافرەتی كوردی قۆناغێكی زۆری بڕیوە و بوونی خۆی سەلماندووە و ئەوەی ئێستا ئافرەتی كورد لە مەیدانی گۆرانی وتندا پێشكەشی دەكات مایەی خۆشحاڵی و شانازی پێوە كردنە، چونكە بیرمان نەچێت ئێستاش كۆت و بەندی كۆمەڵایەتی لەسەر ئافرەت كۆتاییان نەهاتووە و ئەو بوارە لەبەردەم ئافرەتی كورد سنووردارە، بۆیە بە گشتی دەڵێم ئافرەتی كورد لە بواری گۆرانی وتندا هەنگاوی زۆری بڕیوە كە مایەی دەستخۆشی و پاڵپشتی كردنی زیاترە.
*هونەری هەر گەل و نەتەوەیەك تایبەتمەندێتی خۆی هەیە كە پێی ناسراوە و هەوڵی پاراستنی دەدات بۆ ئەوەی نەتوێتەوە لەنێو هونەری گەلان، ئایا ئێمەی كورد لەم بوارەدا چیمان كردووە؟
- بەپێی بۆچوونی تایبەتی خۆم رەسەنایەتی و تایبەتمەندییەكانی هونەری كوردی كە پێی ناسراوە لەنێو گەل و نەتەوەكانی دیكە گرنگییەكی ئەوتۆی پێ نەدراوە كە بگاتە ئاستی پاراستن و رێگا گرتن لە نەتوانەوەی لەنێو هونەری میللەتانی ترد بەتایبەتی میللەتانی نزیك و دراوسێی كوردستان كە ئەوان توانیویانە سوودێكی زۆر لە كەلتور و فەرهەنگی كوردی وەربگرن زۆر جار زیاتر لە ئێمەی كورد خۆمان، بۆ ئەوەی ئێمەش رێگا لە توانەوەی هونەری كوردی بگرین و مۆركی رەسەنایەتی ئەو هونەرەی خۆمان بپارێزین ئەنجامدانی توێژینەوە ولێكۆڵینەوە و خوێندنی زیاتر لە بواری ئەدەبیات و گۆرانی و موزیكی كوردی زۆر و لەم بارەیەوە هەوڵی بۆ دراوە، بەڵام پێویستە هەوڵی زیاتر بدرێت.
*زۆر لە گۆرانی و بەرهەمی فۆلكلۆر و كۆنی گۆرانیبێژە نەمرەكان بەشێوازی جیاجیا نوێ دەكرێنەوە لە هەموو پارچەكانی كوردستان، رات چییە سەبارەت بەم دیاردەیە؟
-راستە من خۆیشم زۆر گرنگی بەو لایەنە دەدەم، چونكە لەنێو گۆرانییەكانی مندا گۆرانیی هونەرمەندانی دیكە نییە و هەمووی گۆرانیی تایبەتی خۆمە، هەموو تێكست و ئاوازەكانی نوێن، لە ئەلبوومی یەكەممدا تێكستی چوار لە گۆرانییەكان هی خۆم بوو، لە ئەلبوومی پێشووم و نوێمدا هیچ ئاواز و تێكستی منی تێدا نییە، بەڵام هەموویان تێكست و ئاوازی نوێن هیچی فۆلكلۆر و هی هونەرمەندە نەمرەكان نین.
* بە حوكمی بوونی فرە شێوەزاری لە زمان و كرانەوەی سنوورەكان لەبەردەم تاكی كورددا، ئێستا فرە شێوەزاری لە گۆرانی گوتن بۆ هونەرمەندی كورد یەكێكە لەوكارانەی كە هونەرمەندی كورد پێویستە گرنگی پێ بدات، تۆ لەم بارەیەوە چیت كردووە؟
- من خۆم خەڵكی شاری بەدلیسم لەوێ لەدایكبووم، بەڵام زۆربەی تەمەنی خۆم لە شاری ئیستەنبول بەسەر بردووە، بۆیە تا ئێستا تەنیا بە شێوەزاری كرمانجی گۆرانیم وتووە، بەڵام ئێوە باستان كرد بەهۆی كرانەوەی كوردستان و سوود وەرگرتن لەو پێشكەوتنەی كە ئێستا جیهانی گرتووەتەوە وا پێویست دەكات هونەرمەندی كورد بە هەموو شێوەزارێك گۆرانی بڵێت بۆ ئەوەی شوێنی خۆی لەلای هەموو كورد بكاتەوە و بتوانێت بە زیاتر لەو شێوەزارەی خۆی گۆرانی بڵێت، بۆیە منیش بیرم لەوە كردۆتەوە كە بە زاراوەكانی تریش گۆرانی بڵێم وەك سۆرانی و زازاكی كە بۆ من ئێستا زۆر پێویستە، بەڵام دوای ئەوەی تێكست و ئاوازی شیاو و جوانم دەست كەوێت كە بزانم سەركەوتنیان مسۆگەر دەبێت و جەماوەر پێشوازییان لێدەكات ئەو كات منیش پێشكەش بە جەماوەری خۆشەویستی خۆمیان دەكەم.
* هۆكارێكی گرنگ و پێویست بۆ زیاتر ناساندنی هونەرمەند لەلایەن جەماوەرەوە بریتییە لە كلیپ، تۆ چۆن گرنگیت بە كلیپداوە؟
- كلیپ بۆ هونەرمەند زۆر پێویستە، بۆیە نابێ هەروا بە ئاسانی و بە هەر شێوەیەك لە هەر ئاستێكدا بێت هونەرمەند كلیپ بكات، چونكە جەماوەر كلیپ دەبینێت و زۆر جار لە جیاتی ئەوەی كلیپ ببێتە هۆی سەركەوتن و ناساندنی هونەرمەند بە جەماوەر بە پێچەوانەوە دەبێتە هۆكاری ئەوەی كە جەماوەر لەو هونەرمەندە دوور بكەوێتەوە ئەگەرچی ئاستی هونەریشی بەرز بێت، بەڵام كلیپێكی ئاست نزم كاریگەری سلبی بۆ ماوەیەكی زۆر لەسەر هونەرمەندەكە دەهێڵێتەوە، بۆیە پێویستە ئەو كلیپەی هونەرمەند پێشكەشی دەكات لە هەموو لایەكەوە لە ئاستی جەماوەرەكەی بێت و هەموو لایەنەكان لەبەرچاو بگرێت لەكاتی كلیپ كردندا.







Top