شەهرام عەلیدی:ئەوەی لە فیلمی درێژدا كار بكات، دەبێ بە چەند قۆناغێكدا تێپەڕێت
ئهم فیلمه له درێژهدا به بهشداری له فیستیڤاڵی جۆراوجۆری فیلم له سهرتاسهری جیهان، كۆمهڵێك خهڵاتی گرینگی بهدهستهێنا
شەهرام عەلیدیی سەرۆكی لیژنەی دادوەرانی سێیەم فیستیڤاڵی نا بۆ توندوتیژی پێیوایە بە بەراورد لەگەڵ فیستیڤاڵەكانی پێشوو چەند خاڵێكی جیاكەرەوە و بەرچاوی هەبوو و دەڵێت : لە زۆر لایەنەوە ئەم فیستیڤاڵە یەكەم خاڵ كە مایەی دڵخۆشی بوو بۆ من ئەوەیە ئەو كەسانەی كاری سینەما دەكەن وبە بەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردوو ئەو كەسانە رەنگ و هەستێكی دیكەیان هەبوو، توانا و وزەیەكی زۆریان لێ بەدی دەكرا و بەو وزە وتوانایەوە كاریان دەكرد وهەر یەكە كاری خۆی زۆر بە سەركەوتوویی ئەنجام دەدا و بە عەدنان عوسمانیشەوە لە هەر شوێنێك كەموكوڕییەك بهاتایە پێشەوە چارەسەریان دەكرد ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە كاتی زۆریان لەبەر دەستدا نەبوو، فیستیڤاڵی ئەم ساڵ ستانداردێكی جێهێشت كە پێشتر نەبووە، ئەگەر لە ساڵانی داهاتوو كاتی زۆر لەبەر دەست رێكخەرانی فیستیڤاڵەكەدا بێت دڵنیام دەگاتە ئاستێكی نێودەوڵەتی بەرز و دەدرەوشێتەوە.
سەبارەت بە ئەنجامی كۆتایی فیستیڤاڵەكە و ئاستی ئەو پێنج فیلمەی كە دەرهێنەرەكانی ئافرەت بوون و ئایا لە ئاستی پێویستدا بوون، دەرهێنەری فیلمی «سرتە لەگەڵ با» گوتی: ئەندامانی لیژنەی دادوەری كەسانی بە توانابوون لەسەر ئاستی جیهانی، من تاكە كورد بووم لە لیژنەی دادوەران كاتێك فیلمێكی كوردیم دەبینی هەستم بە سەربەرزییەكی زۆر دەكرد، دروشمی ئێمە پاراستنی ماڵی سینەمای كوردی بوو، جێگای خۆشحاڵییە كە فیلمەكانی هەموو شارەكانی كوردستان خەڵاتیان بە دەستهێناوە بێ ئەوەی هیچ مەبەستێكی لە پشتەوە بێت، بەڵكو خەڵاتەكان بە گوێرەی ئاستی فیلم و دەرهێنەرەكان خەڵاتیان بەدەستهێناوە، فیلمی دیكیۆمنتاری بۆ شاری سلێمانی بوو و شایەنی ئەم خەڵاتە بوو، چونكە رای ئەندامانی لیژنە لەسەر فیلمەكە زۆر لە یەكتری نزیك بوو، هەرچەندە من رەخنەی ئەوەم هەیە كە لە كوردستان فیلمی دیكیۆمنتاری مافی بەهەمان شێوە بۆ دهۆك و هەولێر و شارەكانی دیكەش، ئێمە تەنیا بیرمان لە فیلمی جوان و ئاست بەرز دەكردەوە و بەهیچ شێوەیەكی بیرمان لەوە نەكردەوە ئەم فیلم هی كێیە و لە كوێ هاتووە، هەموو بەشداربووەكانیش هەست بەوە دەكەن كە ئەمە یەكەم جارە بە زاراوە نە شار نە بیرو باوەڕ و ئایین و نە كەس كاریگەریی نەبووە لەسەر دابەشكردنی خەڵاتەكان و ئێمەش زۆر ئازاد بووین لە هەڵبژاردنەكانی خۆماندا، سەبارەت بە پێنج فیلمی دەرهێنەرە ئافرەتەكان من دەڵێم پەرەپێدان و هاندان لە سینەما زۆر گرنگە و پێویستە لەبەرچاو بگیرێت، رەنگە ئەو رەخنەیەمان ئاراستە بكرێت كە جگە لەم پێنجە دوو كەسی دیكە هەبوون بۆ پاڵپشتی كردن، ئێمە بۆ ئەوە لێرەین هان بدەین من كە دەبمە دادوەر و بەرپرس لە كۆمەڵێك دادوەر و وزە دەبێت هەست بەوە بكەم كە پێویستە هان بدەم نەك كانسڵ بكەم و من ئەوەی لە دوای منیش دەبێتە دادوەر دەبێ بیر لەوە بكاتەوە چۆن لە جیاتی دە كەس سەد كەس هان بدا و پاڵپشتی بكات، بۆیە دووپاتی دەكەمەوە ئەوەی كرا پاڵپشتی بووە بۆ چەند دەرهێنەرێكی ئافرەت بۆ ئەوەی كار بكەن و لە داهاتوودا بتوانن ركابەرێتیی بكەن لەسەر بەدەستهێنانی خەڵاتی یەكەمەكان و فیلمی ئاست بەرز بەرهەم بهێنێت.
شەهرام عەلیدی سەبارەت بە بەرزبوونی ئاستی كورتە فیلمە كوردییەكان لە چەند ساڵی رابردوودا بە بەراورد لەگەڵ فیلمە درێژەكان دەڵێت: ئێمە كارێك ئەنجام دەدەین ئینجا جارێكی دی دێین دووبارەیان دەكەینەوە و ئەوەی ئێستا دەكرێت كارێكی بە پلان نییە، بەڵكو پاشەكشێیە لە چەند ساڵی رابردوودا پارە دراوە بە كەسانێك كە فیلمی كورتیشی نەكردووە دەچێت فیلمی بەرز دەكات، لە كاتێكدا پێویستە ئەو كەسەی فیلمی بەرز بكات بەلایەنی كەم چوار كورتە فیلمی سەركەوتووی هەبێت و زیاتر لە دە خەڵاتی بەدەستهێنا بێت و لە چەندین فیلمی درێژدا بە ناونیشانی دیكە بەشدار بووبێت جگە لە دەرهێنەری، ئەمە دەبێت ستاندار بێت و پێویستە ئەم هەموو قۆناغانەی بڕی بێت ئینجا دەتوانیت پڕۆژە پێشكەش بكات بۆ فیلمی درێژ، بەداخەوە كەسانێك بێ ئەوەی ئەم قۆناغانەیان بڕیبێت چەند فیلمی درێژی ناسەركەوتوویان كردووە و بودجەكەیان هەموو بە فیڕۆ چووە، بۆیە پێویستە سنوور و ستانداردێك دابنرێت، چونكە دەبێتە هۆی درووستبوونی ركابەرێتی و ئاستی فیلمەكانیش بەرز دەبێتەوە بە پێچەوانەوە ئەگەر نەبێت هەر كەسێك لە پڕا بێت ئەوەی هیچ توانا و وزەیەكیش سەرف بكات یەكسەر فیلمێكی درێژ دەكات ئەگەر نیگەتیڤیش بێت و بودجەیەكی زۆریش خەرج بكرێت بەبێ ئەوەی بەرهەمی هەبێت، لە هەمان كاتدا پێویستە هەر دەرهێنەرێك سنووری خۆی بزانێت و دەستكەوتێك بەدەست بهێنێت بۆ فیلمەكەی بەو بودجەیەی بۆی تەرخان كراوە و هێزێكی زیاتر بداتە فیلمەكەی خۆی، هەروەها نابێت بودجەكەی هەمووی لە كوردستان دابین بكرێت، لە فیلمە نوێیەكەی خۆمدا كوردستان وەك بەشێكی بچووك تێیدا بەشدارە لەگەڵ چەندین وڵاتی دونیا، ئێمە پێویستمان بە توانای ئەم هونەرمەندانە هەیە لە هەمان كاتدا توانایەكی زۆریشمان لەبەردەستە و بەرپرسین لە سایكۆلۆژیەتی مرۆڤی كورد وناكرێت لە سینەمادا هەر بڵێین دۆڕان و دۆڕان، بەڵكو دەبێ رێچكەیەك دانێین بۆ ئەوەی ناوبانگی سینەمای كوردی لە دەرەوە بپارێزین، زۆر كەسی شارەزا لە دەرەوە پێم دەڵێن ئەمە بۆ سینەمای كوردی وای لێهاتووە؟ ئەوە كێیە لە كوردستان ئەم جۆرە فیلمانە دەكات و كێ لێی بەرپرسە، چونكە خەریكە ئاستی فیلمەكان زۆر دادەبەزێت.
سەبارەت بە دوایین كاری خۆی دوای «سرتە لەگەڵ با» شەهرام عەلیدی رایگەیاند وەك خۆتان دەزانن من كەسێكی بە ئارامم و لەسەر كارێك زۆر دەوەستم و زۆر بە وردی لێی دەكۆڵمەوە ماوەی چوار ساڵ خەریكی سیناریۆیەك بووم لە ساڵی 2009 لە كان سێ سیناریۆم هەبوو هەر لەو كاتەش فیدباكم كرد بۆ ئەوەی بزانم كامیان بە دڵی ئەو كەسانە دەبێت كە لە دەورووبەری منن، بە خۆشحاڵییەوە دەڵێم ئەو سیناریۆیەی ئێستا لەبەر دەستمە بەناوی (ویسترانی هەزار و یەك شەو) بەرپرسیاریەتییەكی گەورەی بۆ من درووستكردووە، چونكە یەكێكە لە 10 سیناریۆی هەڵبژاردەی جیهان لە بەشی سینەمای دنیا، ئێستا سیناریۆكە و كارە سەرەكییەكانی لە ئەوروپا تەواو بووە و نزیكەی 80% بودجەكەی دابین كراوە كە زۆرترین لەلایەن فەرەنسا دابینكراوە، چونكە فیستیڤاڵی (كان) پاڵپشتی سینەمای دۆمۆن واتە سینەمای جیهان دەكات، پرۆدوسیۆەرە ژاپۆنییەكە یەكێكە لە پرۆدوسیۆرە گەورەكانی جیهان، حكومەتی هەرێمی كوردستان و خودی رێزدار نێچیرڤان بارزانی پشتیوانییەكی زۆری پرۆژەكەن، خەریكی هەڵبژاردنی ئەكتەرەكانین، هەروەها ئەكتەرێكی ناوداری جیهانی و یەكێكی عەرەبیش بەشداری دەكەن كە دواتر ئاشكرایان دەكەین، لەگەڵ چەند ئەكتەرێكی فەرەنسی، كارە رەسمیەكانی ئەوروپامان تەواو كردووە لەكوردستان پێویستمان بە چەند ئامادەكارییەك هەیە بەر لەوەی ئەوان بێن، پەنا بە خوا لە بەهاردا دەست پێدەكەین و نزیكەی 40%ی فیلمەكەی ئەنیمەیشن و تەكنۆلۆژیا دەبێت و وێنەگرتنی زۆری لە فەرەنسا دەبێت لەگەڵ چەند شوێنێكی ئەوروپا، لە بارەی دیكۆریش باڵاخانەیەكی تەواو بۆ فیلمەكە درووست دەكەین، هەروەها بەر لە دەستپێكردنی فیلمەكە مۆسیقاكەی ئامادە دەكرێت.