نەجمەی غولامی: هیچ یاسایەك نییە پارێزگاری لە بەرهەمی
*دوای تەمەنێكی زۆر لە بواری گۆرانی و موزیكدا چۆن بوو رووت لە پێشكەش كردنی بەرنامەی تەلەفزیۆنی كرد؟
-من كاتێكی بەتاڵم هەبوو بۆیە لە نەورۆز تیڤی داوایان لێكردم كە بەرنامەیەك پێشكەش بكەم، منیش بەباشم زانی لە بوارێكی دیكەدا كار بكەم كە بتوانم لەگەڵ میللەتی كورددا بدوێم و خزمەتێكیان پێشكەش بكەم بەتایبەتی كە جگە لە بواری هونەری و ئەدەبی مەسەلە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانیشی تێدا باس دەكرێت و هەست دەكەم بەرنامەكەش بینەرێكی زۆری هەیە، بە گشتی بە كارێكی باشم زانی بۆ بەسەر بردنی ئەو كاتەی لەبەردەستمدایە، چونكە بەرنامەكەش خۆی لە هونەر و ئەدەبەوە دوور نییە.
* دوای چەندین ساڵ خزمەتكردن لە بواری هونەری هەر لە سەردەمی شاخ و خەباتی پێشمەرگایەتییەوە تاكو بە ئەمڕۆ دەگات پێتوایە مافی نەجمەی غولامی دراوە؟
- نەخێر من غەدرێكی زۆرم لێكراوە و هەموو میللەتی كوردی شایەدی ئەوەیە بەتایبەتی لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە هیچم بۆ نەكراوە و هیچ یارمەتییەكیشم نەكراوە لەلایەنی هونەرییەوە، من رێزم بۆ هونەرمەندانی دیكە هەیە، لەوانەیە كەم هونەرمەند هەبێت بە ئەندازەی من سروودی هەبێت، هەموو ژیانم بۆ هونەر تەرخان كرد تەمەنم 22 ساڵ بوو رووم كردۆتە شاخ و پێشمەرگە بووم و نەمهێشتووە هونەرەكەم بوەستێت تا بە ئەمڕۆش دەگات هەر بەردەوام بووم و گرنگیم بە سروود و ئەو كارەساتانە داوە كە بەسەر میللەتەكەمدا هاتووەو لەخۆشی و ناخۆشی میللەتەكەم بە هونەر بەشداریم هەبووە.
* ئایا لەم بوارەدا ئەم كارە بە یەكسانی كراوە؟
- پێموایە بۆ هەندێك كەس كراوە، بەڵام بۆ هەندێكی دیكە نەكراوە ئەمەش بۆ من ناخۆشە، من كاتێك دێمەوە بۆ كوردستان پرسیاری زۆرم ئاراستە دەكرێت سەبارەت بە هاوكاری كردن و بۆ منیش زۆر ناخۆشە كە هەمان وەڵامیان بدەمەوە، من تەنیا باسی خۆم ناكەم زۆر كەسی دیكە هەبوون كە بۆ كوردستان هەوڵیانداوە ئێستا كوردستان ئازادە، بۆیە هیوادارم ئاوڕێك لە من ئەو كەسانە بدرێتەوە كە تەمەنی خۆیان لە پێناو هونەردا بەسەر بردووە.
* ئەو پێشكەوتن و ئازادییەی لە كوردستان هەیە بووەتە هۆكاری ئەوەی هونەری كوردی پێش بكەوێت؟
- هونەری كوردی سامانێكی نەتەوەییە، بەڵام لە میدیاكان چەواشەكاریی هونەری كوردی زۆر دەكرێت، دەبوایە ئێستا هونەری كوردی لە ئاستێكی زۆر بەرزتردا بوایە، دەبوایە حكومەتی هەرێم و زانكۆ و پەیمانگاكان كارێكی زۆر باشتریان لە بواری هونەر ئەنجام بدابایە بەجۆرێك كوردستان بكرابا بە نموونەیەك بۆ وڵاتانی دەوروبەر، بەداخەوە تا ئێستا شتێكی وا نەكراوە، من زۆر هاتوومەتەوە كوردستان سەردانی پەیمانگاكانم كردووە ئەو سەرچاوانەی كە هەیانە كۆنن، ئەو كەسانەی خوێندن تەواو دەكەن شارەزاییان لە موزیكی پارچەكانی دیكەدا نییە، زاراوەكانی كوردی بە باشی ناناسن و كەموكوڕی زۆرە، ناڵێم هەر هیچ نەكراوە، بەڵام ئەو رۆژە سەختانەی كە ئێمە پێیدا تێپەڕین، هەر گۆرانی و موزیك بووە كە ورەی داوەتە خەڵك و پێشمەرگە و مێژوویەكی تۆمار كردووە بۆیە پێویستە ئێمەش وەكو هەموو میللەتان گرنگی بە هونەر بدەین و هەمیشە ببێتە پەیامی ئاشتی و مرۆڤایەتی، هیوادارم لایەنە پەیوەندارەكان بەتایبەتی وەزارەتی رۆشنبیری گرنگی زیاتر بە هونەر بدەن و هونەری رەسەن بگەڕێننەوە سەر رێڕەوی راستەقینەی خۆی و ئاوڕی زیاتر لەو هونەرمەندانە بدەنەوە كە خزمەتی هونەری راستەقینەی گەلەكەمان دەكەن.
* لە وڵاتە پێشكەوتووەكاندا تەنیا حكومەت هەوڵ دەدات بۆ پێشخستنی هونەری یاخود خودی میللەت و كلتوور و فەرهەنگەكەشیان رۆڵی هەبووە لەو پێشكەوتنەدا؟
- لە راستیدا ئەو هونەرە هەستێكی لەلای خەڵكەكە دروست كرد كە خەڵك هونەر و هونەرمەندانی خۆی خۆشبوێت، بۆ نموونە لە وڵاتی سوید هونەرمەندان چەند رێكخراوێكیان دروستكردووە مانگانە هەر شوێنێك كە رادیۆی تێدا بێت پێویستە مانگانە بڕێك پارە بدەن ئەو پارەیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هونەرمەندانەی كە مانگانە بەرهەمەكانیان لە رادیۆ پەخش دەكرێت واتە هەموو تاكێكی سوید مانگانە پارە دەدات و لە بواری هونەری سەرف دەكرێت، هەروەها دەوڵەتیش بەشێك پارە تەرخان دەكات بۆ كاروباری هونەری، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە خەڵك بە هونەر رۆشنبیر دەبێت و هونەر دەتوانێت خزمەتێكی زۆری هەموو بوارەكانی ژیان بكات.
* زۆر جار باس لە پێشێل كردنی مافی هونەرمەندان دەكرێت، ئایا تەنیا حكومەت بەرپرسە لەو پێشێلكارییە یان میللەتیش بەشێكە لەو تاوانەی بەرامبەر بە هونەرمەند ئەنجام دەدرێت؟
- میللەتیش لەمەدا دەور دەبینێت، بەڵام میدیاكان ودەسەڵات دەبێ ئەو هەستە لای خەڵك دروست بكەن، كاتێك لە راگەیاندن گرنگی درا بە هونەر و كلتوور یان پەرلەمان یاسایەكی تایبەتی دەركرد تایبەت بە پاراستنی بەرهەمی هونەرمەندان وكۆپی نەكردنیان ئەوا خەڵكیش پابەندی دەبێت، بەڵام ئێستا لەو رۆژەی بەرهەمی هونەرمەندان بڵاو دەكرێتەوە هەر هەمان رۆژ لەسەر شەقامەكان كۆپی دەكرێت و بە نرخێكی كەمتر لە بەهای خۆی دەفرۆشرێت و هیچ یاسایەك نییە كە رێگری لەم دیاردەیە بكات، بۆیە دەتوانم بڵێم خەڵكە یاسا دروست دەكات و یاساشە خەڵك دروست دەكات، وەزارەتەكان و میدیاكان بە گشتی هۆكاری سەرەكیی وشیار كردنەوە وپێگەیاندنی میللەتن، ئەمانە پێویستە وردە وردە پاڵپشتی هونەر و هونەرمەندانی خۆی بكات و پێشی بخات.
* نەجمەی غولامی گەیشتووەتە ئەو ئاستەی كە بە هونەر بڵێ و ناتوانم هیچی دیكە پێشكەش بكەم، یاخود هەگبەی هێشتا تێیدا ماوە؟
-هەموو شتێك كە سەرەتای هەبوو كۆتاییشی هەیە، بە بڕوای من هەر هونەرمەندێك كە دەنگی نەما یان ئەو فانتازیەی نەما كە كاری هونەری بكات وازبێنێ باشترە بۆ ئەوەی ئەو كارە باشانەی كە پێشتریش كردوویەتی لەبەرچاوی خەڵك نەكەوێت، سەبارەت بەخۆم پێموایە هێشتا ئەو هەست و توانایەم ماوە كە بەردەوام بم وشتی نوێ پێشكەش بكەم و بۆ ئاگاداری خوێنەران من بەرهەمێكی نوێم بەدەستەوەیە كە زۆربەی تەواو بووە و لە نەورۆزی داهاتوودا پێشكەشی دەكەم، دیسان دووبارەی دەكەمەوە هەموو شتێك سەرەتا و كۆتایی هەیە بۆیە پێویستە هونەرمەند لە شوێنێك بوەستێت كە بتوانێت هونەرەكەی خۆی بپارێزێت، من رێزم هەیە بۆ هەندێك هونەرمەند كە دەنگیان كەوتووە یان توانایان نەماوە، ئیتر با هەوڵ نەدەن بەردەوام بن و پێویست ناكات تا ئەو رۆژەی لە ژیاندا مابێت كاری هونەری خۆی بكات.
* هەندێك لەو هونەرمەندانەی گەیشتوونەتە ئەو ئاستەی كە ئیتر وازبێنن بۆ ئەوەی كارەكانی پێشوویان بە زیندوویی بمێنێتەوە لەلای جەماوەر، كەچی دەست دەكەن بە رەخنە گرتن لەهونەرمەندانی دیكە بۆ ئەمانە چی دەڵێیت؟
-هەر كەسێك رەخنە لە هونەرمەندێك بگرێت نابێت رەخنەكەی رووخێنەر بێت، بەڵكو شتێكی بنیاتنەر بێت بۆ پێشخستنی هونەری كوردی، گەنجەكان حەز دەكەن گۆرانی بڵێن و بڵاوی بكەنەوە، ئەگەر رەخنەشیان لێ بگیرێت زۆر ئاساییە، بەڵام با رەخنەی بنیاتنەر بێت و بەشێوەیەكی جوان ئاراستە بكرێن و بەم رەخنەش خزمەتێك بە هونەری كوردی دەكەن كە ئەمە ئامانجی هەر هونەرمەندێكە.