ئەستێرەی شاشەو ئەكتەر نادین ئەلراسی:دڵنیام كە دراما دەتوانێت چارەسەری واقــعی ئەمڕۆ بكات

ئەستێرەی شاشەو ئەكتەر نادین ئەلراسی:دڵنیام كە دراما دەتوانێت چارەسەری واقــعی ئەمڕۆ بكات
نادین ئەلراسی ئێستا بووەتە ناوێكی ناسراو لە بواری جوانی و شاشەی تەلەفزیۆن، هەر زوو دڵ و هەستی جەماوەری بۆ لای خۆی راكێشا، نادینی خانم و ئەكتەر نەك تەنیا ئەكتەرە بەڵكو هەر ساتێكی وەك دیمەنێكی ژیانی زۆر بە سادەیی و سروشتی بەبێ وێنە بەسەر دەبات، چونكە لە چاوترووكانێكدا دەتگوازێتەوە لە خەیاڵەوە بۆ ژیانی ستاتیكا و واقع، بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئەم هونەرمەندە بناسین، گوڵان ئەم دیمانەیەی لەگەڵ ساز كرد.



* لەم دواییە هەست دەكرێت زیاتر رۆڵی جەریئانە هەڵدەبژێریت؟
- ناوی من بەستراوەتەوە بە رۆڵی وروژێنەر كە جورئەتی زۆری تێدایە لەڕووی ناوەڕۆكەوە، نەك لەرووی دیمەنەوە، كە زۆر جار سنووری كۆمەڵگا رۆژهەڵاتییەكان تێدەپەڕێنێت، زۆر لە كارەكانم باس لە بابەتە هەستیار و قووڵەكان دەكەن لەوانە «عصر الحریم» و «لونا» و «غلطة عمري» و «خرم ابرة» تا دەگاتە «لولا الحب»، جورئەت بریتییە لەو هزرانەی كە دەخرێنە روو كە رەنگدانەوەی واقعی عەرەبییە ئەویش كە لە رێگای باس كردنی ئەو بابەتانەی كە ئێش و مەینەتی و گرفت و پێداویستییەكانی ئافرەتی عەرەبی دەخەنە روو، ئامانجی من تیشك خستنە سەر گرفتەكەیەو یەقینم لەوەی كە دراما دەتوانێت چارەسەری گونجاو پێشكەش بكات.
* چی وای لێكردیت رۆڵی (مسا) ببینیت لە زنجیرەی (لولا الحب)؟
- مسا كەسایەتییەكی بەهێز وكراوەیە لەسەر ژیان، كچە راگەیاندنكارێكە دژایەتی گەندەڵی دەكات و داوای پاراستنی ژینگە و یاساكان دەكات، ئەوەی زیاتر سەرنجی راكێشام بۆ ئەو رۆڵە ئەوەیە كە پڕە لە هەستی جیاواز و دژ بە یەك و لە یەك كاتدا تیشك دەخاتە سەر چەند بابەتێكی مرۆڤایەتیی گرنگ، لەوانە دایكایەتی لە دەرەوەی پڕۆسەی هاوسەرگیری كە ئەمەش لە كۆمەڵگا عەرەبییەكاندا زۆرە (مسا) تاقی دەكاتەوە و لە رێگای زنجیرەكەوە مەینەتییەكانی دەبینین دوای مردنی دەستگیرانەكەی بەر لەوەی بچنە نێو قەفەسی زێڕینەوە، لێرەدا ئاماژە بەوە دەكەم كە من هانی دایكایەتی لە دەرەوەی پڕۆسەی هاوسەرگیری نادەم، بەتایبەتی كە من دایكم و بەهای بوونی خێزانێكی كامڵ دەزانم كە دایك و باوك كۆڵەگە سەرەكی و گرنگەكانی پێكدەهێنن و ئەمەش مافی هەر منداڵێكە، بەڵام من گرفتەكە لە چوارچێوەیەكی وشیار كردنەوە دەخەمە روو كە ئەمەش بەشێكی گرنگ و سەرەكی كاری درامایە.
*تاچ رادەیەك نزیك بوونەوە و لێكچوون لە نێوان هەردوو كەسایەتی (مسا) و نادیندا هەیە ؟
-لێكچوونەكە لە تێڕوانینی من بۆ ژیان هەیە، چونكە من دەنگی خۆم بەرز دەكەمەوە دژی زوڵم و ستەم كە ئافرەت و منداڵ دەگرێتەوە و لەو روانگەیەوە دەبینن كە من رۆڵی وشیار كردنەوە دەبینم و هەمیشە پاڵپشتی لە هەموو كۆمەڵە و دەزگا و هەر چالاكییەكی خێرخوازی، هونەری، رۆشنبیر دەكەم كە بچێتە چوارچێوەی پاڵپشتی كردن لە ژینگە و كۆمەڵگا و ئامانجی سەرەكیی وشیار كردنەوەی كۆمەڵگا بێت.
* تا چەند لە كاردانەوەی زنجیرەكە رازی بوویت؟
- كاردانەوەكە زۆر ئیجابی بووە و ئەو لێدوان و قسانەی گوێم لێ بوون زۆر جوان بوون، زنجیرەكە لە ماوەی پێنج مانگدا وێنەی گیراوە و من خۆم ئەرك و ماندووبوونێكی زۆری جەستەییم كێشا و لە رووی سۆز و هەستیشەوە بە هەمان شێوە، چونكە زۆر دیمەنی ناخۆش وكاریگەریی تێدا بوو، (مسا) كەسایەتییەكە زۆر ئازاری چەشتووە لە ژیانی خۆیدا و رووبەرووی گرفتەكان بۆتەوە وەك كەسایەتییەك بێت بە دە كەسایەتی جیاواز لەوانەی من هەڵمبژاردوون.
* زۆر لە نووسەرانی عەرەب پێشبینی ئەوەیان دەكرد كە رێچكەی گۆرانی گوتن بگریت بەتایبەتی دوای ئەوەی بەشداریت كرد لە بەرنامەی دیۆ بەناوبانگەكان و پلەی یەكەمت بەدەستهێنا، ئایا ئەم پێشبینیانە لە شوێنی خۆیان نەبوون؟
-بێگومان نەخێر، ئەم پرۆژەیە دواخراوە لە كاتی ئێستادا بۆ بەرژەوەندیی دراما كە ئێستا بە ئامانجی یەكەمی خۆمی دەزانم، زۆر حەز لە گۆرانی گوتن دەكەم و زۆریش خۆشحاڵم بەو دەنگە ئیجابیانەی كە یەكەم ئەزموونی من درووستی كرد، لەوانەیە لە پاشەڕۆژدا بەراوردی بكەم لەگەڵ ئەزموونی خۆم لە بواری درامادا بەتایبەتی دراما سەركەوتووەكانم.
* بەدەستهێنانی نازناوی باشترین ئەكتەری لوبنانی زیاتر لە جارێك چی دەگەیەنێت بۆ تۆ؟
-ئەمە رێزلێنانێكی جوان و ئاوڕدانەوەیەكی بێ وێنەیە كە تێیدا رێز لەو ئەركە دەگیرێت كە هونەرمەند دەیكێشێت، هەروەها پاڵپشتی و هاندانێكی بێ وێنەیە بۆ ئەوەی بەردەوام بم لە پێشكەش كردنی كەسایەتیی سەرنجڕاكێش كە چەندین بیرۆكەی جوان لەخۆ دەگرێت و بە راستگۆییەوە بەرامبەر بە خەڵك پێشكەشی دەكات.
* بەچی وەڵامی ئەو كەسانە دەدەیتەوە كە نیشانەی پرسیاریان لەسەر ئەنجامی ئەو نازناوانە هەیە كە ساڵانە پێشكەش دەكرێن؟
- تا دابەشكردنی نازناوەكان مابێت ئەم بابەتە تەواو نابێتە، بەڵام دەڵێم ئەو نازناوانەی بەدەستم هێناون لە ئەنجامی دەنگدانی جەماوەر بوون بەشێوەیەكی بەرفراوان لەسەر تۆڕی ئەنتەرنێت و لە رێگای ئێزگەكان و میدیاكان بەشێوەیەكی گشتی، ئەگەر هەندێك لە خەڵاتەكان نیشانەی پرسیاریشیان لەسەر بێت ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە هەر ئەنجامێكی ئیجابی و جوان نیشانەی پرسیاری لەسەر بێت، لێرەدا ئاماژە بەوە دەكەم كە نازناو خۆی بە تەنیا ئەستێرە دروست ناكات، تەنیا بە بەردەوام بوونی هونەرمەند راستگۆیی هونەرمەند و خۆشەویستی خەڵك بۆی دەردەخات.
* ئایا تویتەر و فەیسبوك بوونەتە رەگەزێكی گرنگی ژیانی هونەرمەند؟
- بێگومان، چونكە هۆكارێكن بۆ بەردەوام بوون لەگەڵ خەڵك و زۆربەی دەنگدانی خەڵاتەكانیش هەر لەو رێگایەوەیە، تویتەر و فەیسبوك ئێمەیان بردۆتە ژیانێكی میدیایی نوێوە، هونەرمەند و كەسایەتیە كۆمەڵایەتییە كاریگەرەكانیان زیاتر لە خەڵكەوە نزیك كردەوە و مانایەكی دیكەیان بە چەمكی ئەستێرە بوون بەخشی كە خۆی لە نزیك بوونەوە و بەرزتر نەزانین لە جەماوەردا دەبینێتەوە، چونكە تەنیا جەماوەرە گرنگترین سەرمایەی هونەرمەندە.







Top