گرنگیی فیستیڤاڵە هونــەرییەكان بۆ پێشخستنی هونەر
هونەرمەندی گەورە ئەحمەد سالار دەربارەی فیستیڤاڵ دەڵێت:فیستیڤاڵ واتە كۆبوونەوەی كۆمەڵێك ئەزموونی هونەری لە ئاهەنگێكی كۆمكاریدا كە تێیدا ئاڵۆگۆڕی ئەزموون و كارە هونەرییەكان دەكرێت و، گیانێكی هاندانی پێوە دیارە بۆ ئەوەی هونەرمەندان بتوانن شتی باشتر پێشكەش بكەن و سوود لە كار و ئەزموونی یەكتری وەرگرن، مامۆستا ئەحمەد هەروەها دەڵێت: لە فیستیڤاڵەكاندا پێویستە زیاتر گرنگی بە چۆنایەتی بدرێت نەك چەندایەتی، لە هەمان كاتدا دەبێ گۆڕانكاری درووست بكات و بونیادنەر بێت و تەكانێك بە گۆمی مەنگی هونەر بدات، چونكە فیستیڤاڵ هەیە زیاتر لە كۆبوونەوە و ئاهەنگێكی سادە دەچێت بێ ئەوەی بەرهەمدار بێت، هەروەها ژمارەیەكی زۆر كەس بەشدارییان پێدەكرێت لە فیستیڤاڵەكان لە كاتێكدا مەرج نییە ئەوەی لە دەرەوە دەهێنرێت بەرهەمەكەی پرۆفیشناڵ و شاكار بێت ئەمە لەلایەك، لە لایەكی دیكەوە لە گشت بوارەكانی هونەریدا شانۆ بێت یان سینەما یا گۆرانی و موزیك پێویستە جیاكاری هەبێت لە نێوان فیستیڤاڵ، هونەرمەندە بە ئەزموونەكان و گەنجەكان یان تێكەڵ بێت.
خانمە هونەرمەندی بە ئەزموون فرمێسك مستەفا دەربارەی ساز كردنی فیستیڤاڵە هونەرییەكان دەڵێت: هەر كۆبوونەوەیەكی هونەرمەندان سوودی زۆرە بۆ گۆڕینەوەی بیروڕا و سوود وەرگرتن لە ئەزموونی هونەری یەكتری، فیستیڤاڵەكانیش بە گرنگترین كۆبوونەوەی هونەری دادەنرێن، بۆیە ساز كردنی فیستیڤاڵ خۆی لە خۆیدا سوودی هەیە بۆ هونەرمەندان، بەڵام زۆر لە هونەرمەندان كە بەشداری لە فیستیڤاڵێكدا دەكەن بیر لەوە دەكەنەوە كارەكەیان سەركەوتوو بێت، من پێموایە سەركەوتنی كاری هونەری بە فیستیڤاڵەوە بەند نییە، رەنگە تۆ كارێك ئەنجام بدەیت لە دەرەوەی فیستیڤاڵدا بێت و زۆریش سەركەوتوو بێت تەنانەت سەركەوتنی كارەكە لە دەرەوەی فیستیڤاڵ دەبێتە هۆی ئەوەی لە فیستیڤاڵدا وەربگیرێت و بەشدار بێت بۆ بەشداری كردن لە فیستیڤاڵ مەرجی سەركەوتنی نییە.
ناجی سەلیمی دەرهێنەر و بەرهەمهێنەر لە شاری بۆكانەوە بە فیلمی ( دوو ماڵ لە باخێكدا) بەشدارە لە فیستیڤاڵی ئەم ساڵدا دەڵێت: جێگای خۆشحاڵی ئێمەیە كە ئێستا خولی سێیەمی فیستیڤاڵی نا بۆ توندو تیژی لە شاری هەولێر ئەنجام دەدرێت ئەمەش نیشانەی گرنگی پێدانە بەم بوارە لە كوردستان، فیستیڤاڵی هەولێر دەتوانێت سیاسەتی و جیاوازتر بێت لە فیستیڤاڵەكانی دیكە، لە زۆربەی فیستیڤاڵەكاندا بەشدار بووم زۆربەیان بەشێوەیەك بوون كە زۆر جیاواز نەبوون، بەرای من پێویستە لە فیستیڤاڵدا بەتایبەتی لە كاتی نمایش كردنی فیلمەكاندا دەتوانرێت چەند فیلمێك دیاری بكرێن و دەرهێنەرەكانیان بانگ بكرێن و گفتوگۆ و باس كردن و رەخنە لە فیلمەكە بگیرێت لەلایەن كەسانی تایبەت و سینەماكارانی دیكەوە، هەروەها ناكرێ هەموو بەشەكانی فیستیڤاڵ تایبەت بێت بە نمایش كردنی فیلم، چونكە ئەمە دەبێتە هۆی ماندوو بوونی بەشداربووان و ناتوانن وەك پێویست ئامادەی نمایشەكان بن و هەڵسەنگاندنی بۆ بكەن، بۆیە دەكرێت لایەنێكی فیستیڤاڵ بریتی بێت لە گەشت یان سەردانی چەند شوێنێكی دیاریكراو وەك مۆزەخانە یان شوێنێكی سەرنجڕاكێش بۆ ئەوەی لەگەڵ سازدانی فیستیڤاڵ میوانەكان ئاشنای كەلتوور و فەرهەنگی ئەم شارەش بن.
تەلار هیرانی شانۆكار بەم شێوەیە باسی لە فیستیڤاڵ كرد: فیستیڤاڵ یان چالاكیی هونەری بەڵكو هەر هەنگاوێك بۆ كەمكردنەوەی توندوتیژی كارێكی باشە، بەڵام ئەوەی كە جێگای دڵخۆشییە نیشاندانی چەند بابەت و چەند فیلمێكی سینەماییە ئەمەش خۆی لە خۆیدا هەنگاوێكی باشە، چونكە سینەما بەشێكی سەرەكی نییە لە ژیانی ئێمە و پیشەسازییەكی باش نییە بۆیە ئەگەر هەنگاوێكی كەمیش بێت مایەی دڵخۆشییە بۆ ئەوەی پیشەسازیی سینەما و سینەما بە گشتی لە كوردستان بووژانەوەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.
تەلار هیرانی پێیوایە وشیار كردنەوە تەنیا لە رێگای فیلمەوە ناكرێت، هەرچەندە ئامانج لە فیستیڤاڵەكە نەهێشتنی توندوتیژییە، بەڵام هەنگاوی یەكەمی نەهێشتنی توندوتیژی لە ماڵەوە دەست پێدەكات، ئەمەش زۆر گرنگە وەزارەتی پەروەردە كاری بۆ بكات بۆ ئەوەی ئەم كلتوورە لە مێشكی نەوەكانی داهاتوو رەگی دابكوتێت.
مامۆستا رەفیق نوری حەنا دەڵێت: هەر كارێك ئەگەر ئەنجام بدرێت باشە، بە بڕوای من كە هیوادارم بە تەعەسوب لێك نەدرێتەوە مادام ئەو فیستیڤاڵە لە هەولێر ئەنجام دەدرێت ناكرێت كەسانێك لە ئێرانەوە بهێنرێن بۆ فیستیڤاڵ كە خۆیان گەیشتوونەتە ئاستێكی بەرز و پێویستیان بەوە نییە لێرە فیلمەكانیان نمایش بكرێت، پێویستە ئەم پارەیە بۆ گەنجانی كوردستان خەرج بكرێت، ئێرانییەكان ئەگەر لێیان بپرسیت خاوەن ماجستێر و بڕوانامە و خەڵاتی زۆر بەرزن لە بواری سینەما و لە دەیان فیستیڤاڵی جیهانی بەشدارییان كردووە بۆیە پێویستیان بە هاندانی ئێمە نییە و بەشداری ئەوان بۆ ئێمە داهێنان نییە، وەك رێزگرتن لە ئافرەت هەر كەسێك لە روانگەیەكەوە لەم بابەتە دەڕوانێت سینەماكاریش بە زمانی كامیرا، ئەم زمانە پێمان خۆشە لە رێگای خەڵكی خۆمانەوە بێت.
لێوژە جەلال راگەیاندنكار دەڵێت:ئومێدەوارم بتوانین لە ساڵانی داهاتوودا زەمینەسازی بۆ بكەین و كاری باشتر پێشكەش بكەین بۆ ئەوەی بتوانین رۆڵمان هەبێت، لە كوردستان توانای ماددی و هەوڵ و دەرهێنەر وكادرو ئەكتەر و ئافرەت و فیلمی باش هەیە، بەڵام بەداخەوە هۆڵی سینەمامان نییە، تا ئێستا هۆڵێكمان نییە تایبەت بێت بە سینەما بە هەموو پێوەرە جیهانییەكان بۆ ئەوەی بتوانین فیلمی تێدا نمایش بكەین، ئەگەر هەموو پێداویستییەكانی سینەما دابین بكەین ناتوانین پەیامە هونەرییەكە بگەیەنین، پێویستە ساز كردنی فیستیڤاڵ و دابینكردنی هۆڵی سینەما بیریان لێ بكرێتەوە، چونكە تەواوكەری یەكترن و نابێ لە هەوڵە هونەرییەكانمان بوەستین تا ئەو كاتەی ژێر خان دابین دەكەین، چونكە بینەر بەرهەمی دەوێت بۆ ئەوەی بیبینێت و ئێمەش هەموو پێداویستییەكمان هەیە بۆیە پێویستە گەشە بەكارە هونەرییەكانمان بدەین، ئیتر بەو ئومێدەم كەرتی تایبەت و وەزارەت بیر لە دابینكردنی هۆڵی سینەمایی شیاو بكاتەوە و خەڵكی زیاتر بەشداری پێ بكرێت، چونكە پێویستە خەڵك بیبینێت.