وێنەگری كورد توورەج ئەسڵانی خەڵاتی ئوسكاری ئاسیایی بەدەستهێنا

وێنەگری كورد توورەج ئەسڵانی خەڵاتی ئوسكاری ئاسیایی بەدەستهێنا
وێنەگری كورد توورج ئەسڵانی بە فیلمی "وەرزی كەركەدەن" لە دەرهێنانی بەهمەن قوبادی خەڵاتی باشترین وێنەگری شەشەمین فیستیڤاڵی ئیسكرین "ئاسیا پەسیفیك" (ئوسكاری ئاسیایی) لە ئوستوڕاڵیا بەدەستهێنا.
توورج ئەسڵانی دوای بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین وێنەگرتنی بەشی سەرەكی شەستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سان سێباستییانی ئیسپانیا، بە فیلمی سینەمایی "وەرزی كەركەدەن" Rhino Season لە دەرهێنانی سینەماكاری ناوداری كورد بەهمەن قوبادی، خەڵاتی باشترین وێنەگری شەشەمین خولی ڕێوڕەسمی خەڵاتی ئیسكرین "ئاسیا پەسیفیك" (APSA) ناسراو بە "ئوسكاری ئاسیایی" لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا پێبەخشرا.
ئەسڵانی لە كاتی وەرگرتنی خەڵاتی باشترین وێنەگری شەشەمین خولی ڕێوڕەسمی ئیسكرین "ئاسیا پەسیفیك" ASIA PACIFIC، ئەم خەڵاتەی پێشكەش بە بێهرووز وسووقی ئەكتەری ئەفسانەیی و ناوداری سینەمای ئێران كرد.
ئەم وێنەگرە كورد بۆ بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتە گرینگە لەگەڵ "چارین پێنگپانیچ" وێنەگری فیلمی سینەمایی "بۆناهان" Bunohan نوێنەری وڵاتی مالیزیا لە ڕێوڕەسمی ئۆسكاری ئەمساڵ، "چین تینگ ـ چانگ" وێنەگری فیلمی سینەمایی Seediq Bale لە وڵاتی تایوان، "حەجیك پۆلای" و "لای یوفای" وێنەگرانی فیلمی سینەمایی Wu Xia لە وڵاتی هۆنگ كۆنگ و "یووری رایسكی" وێنەگری فیلمی سینەمایی Orda لە وڵاتی رووسیا لە ركابەریدابوو.
ڕێوڕەسمی كۆتایی شەشەمین خولی پێشكەش كردنی خەڵاتی ساڵانەی ئیسكرین "ئاسیا پەسیفیك" چەند رۆژ پێش ئێستا بە شێوازێكی بەشكۆ لە شاری بریسبین لە ویلایەتی كۆئینزلەند لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا بەڕێوەچوو، و براوەكانی بەشە جۆراوجۆرەكانی فیستیڤاڵ، لەوانە: باشترین فیلم، باشترین دەرهێنان، باشترین وێنەگرتن، باشترین فیلمی منداڵان، باشترین فیلمی دیكۆمێنتی، باشترین فیلمی ئەنیمەیشێن، باشترین سیناریۆ، باشترین ئەكتەری پیاو و باشترین ئەكتەری ئافرەت، دەستنیشانكران و خەڵات بەسەریاندا دابەشكرا.
Top