نەجاتی عەبدە (نەیژەنی گەورەی كورد) بۆ گوڵان:له‌گەڵ هونەرمەندانی تیپی موسیقای مه‌وله‌وی سروودی پێشمه‌رگه و سڵاو له پارتیمان بۆ ئێزگه‌ی ده‌نگی كوردستان تۆماركرد
كاتێك هونەرمەندی سویدی بێرگمان باسی لە هونەری وێنەگری سینەمایی دەكات، دەڵێت( دەبێ كامێرا چاوێ بێ لەسەری شاعیردا...)
ئەی ئەگەر ئامێرێكی نای بە دەست و پەنجەو لێوانی نایژەنێكی دڵژەنەوە بێ، چۆن چۆنی دەژەنێت،(گۆران)ی گوڵدەستەی شاعیرانی سەدەی بیستەم،لەمەڕ(دەروێش عەبدوڵڵای شمشاڵژەن) شیرینی فەرمووە:
((بە ڕەنگی زەردو شێوەی دەست و شمشاڵی كزا،دەروێش حەزم كرد بەستەیەك ببیستم سەراسەر حوزن و ماتەم بێ،لە سیماتا بەدیم كرد هەیكەلی عومرێكی حەسرەتكێش، وەها دیارە كە بەختت ئاشیانی بولبولی خەم بێ!..
بەڵێ دیارە لە ناو قەومی بەسیتا قەدری سەنعەتكار
وەكو عەكسی قەمەر وایە لە ناو حەوزێكی لیخندا
بەڵام تەختی ڕوفاهو تاجی حورمەت میللەتی هۆشیار
بە ئوستادێ ئەدا وەك تۆ لە ناو شمشاڵی كون كوندا))
هەر چۆن مامۆستا نەجات خولیا‌و ئەڤینی هونەر كردییە سەرقافڵەی نەیژەنانی گەلێك، هەرچۆن ئازایانە بەرەنگار بوو، دلێرانە خۆی ڕاگرت و،بەگژ چەشنەها ڕەشەبای دژوار‌دا چوویەوە، ئاكام گرەوی بەختی هونەرمەندانەی بردەوە ((وەكو تۆوی گوڵی دەم با لەسەر بەردێكی ڕەق ئەڕوێن،))
مامۆستا ئەحمەد سالار گێڕایەوە((لە دوایەمین دیداری من و ئەو هونەرمەندەدا،لە شەوی 4/11/2012 و لە شاری یۆتۆبۆری وڵاتی سویددا،جوانترین دیاری خەڵاتی گیانم كرد، كاتێ كاكە دلێری كوڕی نایەكەی بۆ هێناو لەو ئێوارە خوانە خێزانییەدا نایەكەی نا بە لێوانییەوەو پەنجە زێڕینەكانی كە شیلەی جاویدانی هونەریان لێوە دەچۆڕا، بە زمانی دڵ و گیانی هونەر گەشەی بەخشییە هەستی هەمووان و سلێمانییەكەی جارانی لەسەر ئەو خاكی دوورە وڵاتەوە بونیاد نایەوە، هەمان هەست و هەمان سۆز‌و هەمان خرۆش و هەمان بۆكرووزی سۆزەی گڕگرتنی جەرگ و پەراسووی، گوتم:تۆش مامۆستا هەردی یە باڵاكە دڵم هەر ئەو دڵەی جارانەوە دەناڵێنێ)) كاكە نەجات تۆ ئەو نەیەت كردە هاوەڵ و هاوخەمی و هاوتەمەنت و زاری خەم و خولیاكانت بەو زارە تەنگە سپارد كە زمانی ژان و خەم و خاكی لێوە دەشنێ، ئەو نایەی مەولانا جەلالەدینی ڕۆمی لە چامەی پیرۆزە شاكارەكەیدا (چامەی نەی) كاتێ پێمان دەناسێنێ:
بشنواز نی چون حكایت می كند
از جدایی ها شكایت می كند
واتە:
((گوێ لە نەی بگرە و ببیستە، سەرگوزەشتەی باس دەكات
چۆن سكاڵای پڕ لە ژانی جودایی خۆی دەكات
لەو دەمەی لە قامیشەڵانی هەواری دابڕا
بۆی لە شین دان نێر‌و مێ وا لە خاك و خوێ كرا
وا بە سینەی پارە پارەی كون كونی دووری دیار
دەردو داخی بێ نەوایی و پڕ لە ئاخی دێ لە زار
ئەو كەسەی دوورە وڵات بێ هەر تەمای دیدارییە
نوقمی خولیای خەستەژانی، ئەو دەمەی، ئۆخەییە))
بۆیە دیمانەی هونەرمەند كاكە نەجاتی خاڵە عەبدەی خۆمان لە تەك هەر حەرفێكدا دنیایەك وروژان و هەژان و سەرهەڵدانی هەزارو یەك ڕەنگە سۆز‌و ئاوازە، ئەو هونەرمەندەی ناسرا بوو بە كوڕە قیت و قۆزو شۆخ و شەنگەكەی شار، بە هونەرمەندە بۆشناخ و سەربەرزەكەی شار.. ئەمەش دەقی دیمانەكەیە..
* بۆ رێزگرتن له نه‌یژه‌نی گه‌وره مامۆستا نه‌جاتی عه‌بده، هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د سالار پێشه‌كی بۆ ئه‌م دیمانه‌یه نووسیوه
بارزانیی نه‌مر به‌وه زۆر دڵخۆش بوو كه گه‌نجانی كورد ئه‌و هه‌موو سرووده خۆش و شۆڕشگێڕییه پێشكه‌ش دەكه‌ن
ئەو كاتەی مۆسیقا، زاهید بە دەنگی نای ڕادێنێ
* لە رۆژانێكی سه‌خت و دژوار‌دا، بەڕێزتان تەمەنی گەنجایەتی و لاوێتی خۆتان بۆ خزمەت گەیاندن بە مۆسیقا‌و دانانی ئاوازە بەجۆشەكان دەبردەسەر، ئەگەر بكرێت باسی ساتە خۆش و ناخۆشه‌كانی ئه‌و رۆژانه‌مان بۆ بكه‌یت؟
- نازانم له چركەساتە واتادارە خۆشهكانهوه ده‌ست پێبكه‌م یان له كاتە دژوار‌و ناخۆشهكانهوه، بە هەردووباردا یادگاری ئه‌و كاتانه‌مان گەلێك زۆرن، باوه‌ڕ ناكه‌م وا بەئاسانی و ڕاگوزاریی بتوانم له چه‌ند دێڕێكدا ئاوا سەرپێی باسی هەمووی بكه‌م، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بە زیندووێتی له یادما مابێتەوە، بێشك حەز ده‌كه‌م بیخه‌مه به‌رچاوی خوێنه‌رانی گۆڤارەكەتان.
* ئەگەر لەوەوە دەست پێبكەین ئاخۆ دامه‌زراندنی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی كه دێرینترین تیپی مۆسیقای كوردییه و ڕۆژی دامەزراندنیشی وەك وه‌رچه‌رخانێك بە پرشنگدارترین رۆژ بۆ مۆسیقای كوردی ناسراوە، كە به‌ڕێزیشتان له دامه‌زرێنه‌رانی ئەو تیپەدا بوون، حه‌ز ده‌كه‌ین له زاری خۆتانەوه سەربوردەو و هۆكار و هه‌لومه‌رجه‌كانی دامه‌زراندنی تیپەكە باس بكەن كە چۆن تینی گەرمی خستە ناو دەمارەكانی مۆسیقای كوردییەوە؟
- له ساڵانی په‌نجاكانه‌وه ده‌ستم كردووە به ژەنینی مۆسیقا‌و خۆم فێری ژه‌نینی ئامێری نای و شمشاڵ كرد‌و ڕۆژانەش بە ته‌نیا چه‌ند كاتژمێرێك له ماڵه‌وه ئه‌و ئامێره‌م لێده‌داو زۆریش حه‌زم له ژه‌نینی بوو، پاش چه‌ند ساڵێك، بیستم كه كوڕێك هه‌یه ناوی (قادر دیلان)ه وە، ئامێری كلارنێت ده‌ژه‌نێت و كه‌مێك ناسیاویشمان له‌گه‌ڵیدا هه‌بوو، پێوه‌ندیم پێوه كرد‌و پێم وت بۆ فێری مهقامهكانم ناكه‌یت و بۆ یەكەمینجار لە مێژووی ئەم شارەدا ڕچەی دامەزراندنی تیپێك نەشكێنین بۆ ئه‌وه‌ی خزمه‌تی مۆسیقای كوردی پێ بكه‌ین، له وه‌ڵامدا ئەویش وتی: زۆر ده‌مێكه ده‌گه‌ڕێم بۆ یه‌كێكی وه‌ك تۆ تا لە كارێكی وا پیرۆزدا هاوكاریم بكات، چونكه من و چه‌ند براده‌رێكی دیكه‌ش هه‌ن ئەوانیش ئامێری عودو كه‌مان ده‌ژه‌نن و ئه‌و ئاره‌زووه‌یان هه‌یه بۆ ئەوەی تیپێك دابمه‌زرێنین، پاش ماوه‌یه‌ك چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌كمان ئه‌نجامداو ده‌ستمان به پڕۆڤه كرد، له‌و ماوه‌یه‌دا خوالێخۆشبوو (قادر دیلان) كە لە ساتی خۆیدا ئاوێنەیەكی باڵانما بوو بۆ هونەر، چه‌ند مه‌قامێكی فێركردم و توانیم تێیاندا سه‌ربكه‌وم و ره‌زامه‌ندی ئه‌و به‌ده‌ست بهێنم، ئیتر دوای ئه‌وه بە هەستێكی بێ پایانەوە له بۆنه‌كانی جەژنی نهورۆزو یاده نیشتمانیه‌كاندا به‌شداریمان دەكرد، وای لێ هات له‌ناو جه‌ماوه‌ردا ناومان بڵاوبۆوه‌و زۆر حورمەت و رێزیان لێ ده‌گرتین، پاش ئه‌وه‌ی خوالێخۆشبوو (قادر دیلان) به‌هۆی خەریك بوونی بە كاری سیاسییه‌وه له كۆلێژی ئابووری به‌غدا ده‌ركراو گه‌ڕایه‌وه بۆ سلێمانی، پێوه‌ندی به من و براده‌رانه‌وه كرد‌و پێی راگه‌یاندین كه جارێكی تر ناتوانێت بچێته‌وه به‌غدا، بۆیه پێویسته تیپی مۆسیقای (مه‌وله‌وی) گه‌شه پێبده‌ین، ئینجا كۆبوونەوەیەكمان له‌گه‌ڵ براده‌ره هونه‌رمه‌نده‌كانی وه‌ك خوالیخۆشبووان ((شێروان به‌هجه‌ت، ره‌شید سه‌عاتچی، حاته‌م سه‌عید، هه‌روه‌ها هادی عه‌نبەر و ئومێد مه‌دحه‌ت موباره‌ك)) ئه‌نجامداو بە هاوكاری چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی دیكه‌ش كە ئەوانیش هەستیان بۆ مۆسیقا وەك ئەوە بوو لە كورەی ئاسنگەرا جۆشی خواردبێت، پێكەوە بۆ دامه‌زراندنی تیپه‌كه مۆڵەتێكی فه‌رمیمان پێشكەش كرد، تا ڕێگه به تیپەكە بدرێت بێ ئەوەی كەس بتوانێت بەربەستی بۆ دابنێت كارەكانی خۆی ئه‌نجام بدات، داواكارییه‌كه‌مان له ڕێگای موته‌سه‌ریفی ئه‌و كاتی سلێمانی بۆ به‌غدا نێردرا، له‌و كاته‌شدا (سه‌عید قه‌زاز) وه‌زیری ناوخۆ بوو، كه داواكارییه‌كه‌مان ده‌چێته به‌رچاوی، بێ دوودڵی، یه‌كسه‌ر ده‌ڵێت: زۆر باشە، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كوڕه گه‌نجانه‌ی سلێمانی زۆر خه‌ریكی كار‌و چالاكی سیاسه‌ت نه‌بن و بە مۆسیقاوە خەریك بن، مۆڵه‌تیان پێ بده‌ن تا ئه‌و تیپه دابمه‌زرێنن، ئەو وەزیرە بێ ئاگا بوو لەوەی له بنه‌ڕه‌تدا ئێمه ئامانجمان برەودان بوو بە كاری سیاسی بەڵام له‌ژێر په‌رده‌ی هونه‌ردا.
دوای ئه‌مه به‌فه‌رمی تیپی مۆسیقای (مه‌وله‌وی)مان دامهزراندو كه‌وتینه پێشكه‌ش كردنی ئاهه‌نگی مۆسیقا‌و گۆرانی و جه‌ماوه‌ریش پشتگیرییه‌كی باشی كاره‌كانی ئێمه‌یان ده‌كرد، به‌تایبه‌تی خه‌ڵكی سلێمانی، ئه‌مه‌ش وای له تیپه‌كه كرد كه زیاتر گه‌شه بكات و زیاتر پێشبكه‌وێت و چێژی هونەری ته‌شه‌نه بكات و ڕێگەخۆشكەریش بێت بۆ دامه‌زراندنی( كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره جوانه‌كان)و حكومه‌تیش بۆ ئه‌مه ڕێگای پێداین و له هه‌موو بواره‌كاندا ده‌ستكرا به ئەنجامدانی كاری هەمەجۆری هونه‌ری، ئیتر بەم شێوەیە ناوبانگی كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره جوانه‌كانی سلێمانی له سەرانسەری كوردستان بڵاوبۆوه، تا وای لێهات له شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستانیش چه‌ند لقێكی لێ كرایه‌وه.
* وه‌ك ئاگادارین لە رووداوێكی مێژوویداو له‌گه‌ڵ به‌رپابوونی شۆڕشی ئه‌یلولی مه‌زندا، ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و كاتی ڕژێمی فەرمانڕەوا تیپی مه‌وله‌وی له چالاكییەكانی خۆی ڕاگرت، ئه‌مه‌یان چۆن بوو؟
- حكومه‌تی ئه‌وسای ئەو زەمانەی عێراق، وەك هەموو حوكمدارە بێگانەكانی كە كوردیان دەچەوسانەوە، نه‌یده‌ویست ئێمه وەك كۆمەڵێك هونەرمەندی بە جۆش بۆ وەدەستهێنانی مافە ڕەواكانی نەتەوەكەمان و ورە بەرزكەرەوەی خەڵكی بۆ تێكۆشان بوونمان هەبێ و لەو پێناوەدا پێوه‌ندیمان بە قوتابیان و توێژەكانی تری خه‌ڵكی ناو شارەكانەوە هەبێت، ئێمه‌ش به پێچه‌وانه‌ی ویستی هەڵبزركاوی ڕژێمەوە،له هه‌موو بوارێكی هونه‌ریدا گه‌شه‌مان به پێوه‌ندییه‌كانمان ده‌داو بە لق و پۆپەكانی هونەرەوە خزمەتمان بە خولیا‌و ئامانجە مەزنەكانی جەماوەر دەگەیاند، نەك تەنیا بە مۆسیقا بەڵكو لە ڕێگەی نمایشكردنی شانۆگه‌ری و سازكردنی پێشانگای نه‌خشه و وێنهداریشەوە ..تاد.
تا دوایی وای لێهات بۆ تیپەكەی ئێمە، چاودێر‌و سانسۆرمان لە دوا بێت، بۆیە ده‌بوایه بۆ گێڕانی ئاهه‌نگی مۆسیقا و گۆرانی شوێنی دوورەشار هه‌ڵبژێرین، چاریشمان نه‌بوو، هەر ده‌بوایه بچوینایە بۆ ڕێگای هه‌ڵه‌بجه، یان لە پێدەشتی شاره‌زوور و ڕۆخی ئاوی زه‌ڵم، له‌وێ كاری گۆرانی و مۆسیقامان ئەنجام بدایە، به‌ڵام له‌وێش هەر بە لێشاو خه‌ڵكێكی زۆر ده‌هاتن بۆ گوێگرتن له كاره‌كانمان، بۆیە چه‌ند جارێك له سلێمانییه‌وه پۆلیس و (ئه‌من) یان دهناردەسەرمان، له‌گه‌ڵ چه‌ند موعاونێكی پۆلیسدا هه‌ر له‌و ده‌شته پێشیان لێ دەگرتین و ئامێره مۆسیقییهكانیان دهشكاندین و به‌ربه‌ره‌كانێیان ده‌كردین و به زۆری زۆرداری ئاهه‌نگه‌كه‌یان پێ دهوهستاندین و ده‌یانگوت ده‌بێ بگه‌ڕێنه‌وه بۆ سلێمانی، له‌وێش له قوتابخانه‌كاندا بە توندی سەركۆنەیان دەكردین و بە هەڕەشەو گوڕەشەوە لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كردین.
سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش ئێمه كۆڵمان نه‌دا و له پێشكه‌شكردنی ئاهه‌نگ و گۆرانی بۆ جه‌ماوه‌ر هه‌ر به‌رده‌وام بووین، به‌ڵام به‌ربه‌ره‌كانێ و فشارێكی زیاترمان ده‌خرایه سه‌ر، به‌جۆرێك كار گه‌یشته ئه‌وه‌ی تیپه‌كه نه‌توانێت لە هیچ جێگەیەك چالاكییه‌كانی خۆی ئه‌نجام بدات.
وەرزی فڕین لە یادوەرییەكاندا دەژیێتەوە
* وه‌ك هونه‌رمه‌ندێك ناسۆرو تاڵی زۆرتان چه‌شتووه، هه‌روه‌ها ئەگەر ساتەوەختی شیرینیشتان نۆشی بێت، هەر له په‌رداخی تاڵیدا بووە، چی ده‌ڵێن سەبارەت بە یادگاریه‌كانی ژیانتان، پێمان خۆشە پوختەیەكی لێرەوە لێ باس بكەن؟
- پاش هاتنی رژێمی سەركوتكاری به‌عس، ئێمه كه‌وتینه به‌ر فشارێكی زۆرەوە، دەیانەویست بۆ به‌عس و عهسكهریهكانیان ئاهه‌نگ بگێڕین و له به‌رژه‌وه‌ندی ڕژێمدا خزمه‌ت بكه‌ین، به‌ڵام ئێمه هه‌رگیز نه‌كه‌وتینه ژێر فشارهكانیانهوه، تا وای لێهات بە ئاشكرا‌و بە ڕۆژی نیوەڕۆ دەهاتنهسەر شاره‌وانی، كه من ئه‌و كات له‌وێ فه‌رمانبه‌ر بووم، وتیان ئه‌گه‌ر نه‌یه‌ن بۆ ئاهەنگەكانمان ئه‌وا هه‌مووتان ده‌گرین و لە زیندان دهتانپەستین، منیش چوومه لای به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌وانی كه ئه‌و كات خوالێخۆشبوو (عیزه‌ت كابان) بوو پێیم وت: شتێكی وامان پێده‌ڵێن، ئه‌ویش وتی هەنجەتێك بدۆزنه‌وه كه بۆتان ناكرێت، بۆیه من پێم وتن: هونه‌رمه‌نده‌كانی دیكه پەرش و بڵاو بوونەتەوەو یەكێكیان رۆیشتووه‌و یه‌كێكیان نهساغهو ئه‌وانی تریش نه‌قڵ كراون و منیش به تەنیاو بەشمشاڵێكهوه هیچم پێناكرێت، كه‌چی وتیان بڕوامان بەم قسانەت نییه، خۆمان ده‌زانین چۆن هه‌قتان لێده‌كه‌ینه‌وه.
* چ یادگارییهكتان له‌گه‌ڵ بارزانی نه‌مردا هه‌یه؟
- من خۆم یه‌كێك بووم له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی كه به فه‌خره‌وه پێشوازیمان له سه‌رۆكی نه‌مر (مسته‌فا بارزانی)و هەڤاڵانی كرد دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی لە ڕووسیاوە بۆ عێراق، بە بیرم دێت له یانه‌ی فه‌رمانبه‌رانی سلێمانی ئاهه‌نگێكی گه‌وره‌مان ساز كرد‌و بارزانی نه‌مر زۆر دڵخۆش بوو به‌وه‌ی كه گەنجانی كورد بتوانن ئه‌و هه‌موو سرووده خۆش و شۆڕشگێڕییه لە پێناوی خاك و نەتەوەكەیاندا پێشكه‌ش بكه‌ن، ئیتر دوای چه‌ند ساڵێك ناخۆشی و نه‌هامه‌تی و ململانێ له‌گه‌ڵ دەستەندەو پیاوانی سەر بە حوكمی به‌عس و ئازاردانم، ناچار بووم خۆم و خێزانم له كوردستان دوور بكه‌وینه‌وه‌و روو له هه‌نده‌ران بكه‌ین و له وڵاتی سوید نیشته‌جێ بووین، ئێستاش به ئاواتی ئهوەین گه‌لی كوردستان رۆژێك له ڕۆژان بگاته ئامانجی سەرفرازی خۆیی و ئێمه‌ش بگه‌ڕێینه‌وه وڵاته‌كه‌ی خۆمان، چونكه هه‌میشه له یادمان ده‌رناچێت.
* گرتن و بهندكردنتان له پاش خۆپیشاندانێك له سه‌رده‌می پاشایەتیدا، كه بەو هۆیەوە ئاكامی خراپی به‌سه‌ر ژیانتانەوە دروستكرد، به‌تایبه‌تی لە كیس چوونی خوێندنتان، ده‌كرێ ئه‌وه‌شمان بۆ باس بكه‌ی؟
- له ساڵانی په‌نجاكاندا حكومه‌تی عێراق بڕیاریدا هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت و خه‌ڵك بۆی هه‌بوو به‌شداری بكه‌ن، له‌و كاته‌دا هه‌روه‌ك هه‌موو گه‌نجانی كورد بە تاسەوە پێوه‌ندیم به (یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان) و (پارتی دیموكراتی كوردستان)ه‌وه كرد‌و یه‌كێك بووم له‌و گه‌نجانه‌ی كه له‌گه‌ڵ چه‌ند گه‌نجێكی دیكه‌دا له ناوچه‌ی (قه‌ره‌داغ)، ئه‌ركی ئه‌نجامدانی پرۆپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردنمان پێ سپێردرا بوو، ئه‌وه‌ی من بێته‌وه یادم خوالێخۆشبووان (ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، مه‌عروف به‌رزنجی، نووری ئه‌حمه‌د ته‌ها) له ناوچه‌ی سلێمانی پاڵێوراوی پارتی دیموكراتی كوردستان بوون، شه‌وێكیان تاكو به‌یانی له دێی سێوسێنان مایینه‌وه تا ده‌ست به پڕوپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردن بكه‌ین، به‌ڵام پۆلیس هاتنه سه‌رمان و ڕێگایان لێگرتین و چه‌ند كه‌سێكیشمان قۆڵبەست كراین و گرتیانین و دوای ماوه‌یه‌ك داوایان لێكردین ئامادە بكرێین بۆ به‌رده‌م دادگا،شه‌ش مانگ زیندانی كرام و بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵ له قوتابخانه‌ش ده‌ركرام، ئەو كاتە له پۆلی (3)ی ناوه‌ندی بووم، دوای ئه‌وه چیتر نه‌متوانی بچمه‌وه قوتابخانه‌و به‌ر خوێندن، بۆیە له شاری سلێمانی بووم به نه‌خشه‌كێشی به‌شی ئه‌ندازیاری شارەوانی ئەو شارە، دوای ئه‌وه‌ش چه‌ند جارێكی دیكه‌ش بە تۆمەتی ئه‌وه‌ی كاری سیاسی ده‌كه‌م، گیرام و له‌ژێر ناوی مۆسیقا‌و بەو هەنجەتانەوە زۆر به زه‌حمه‌ت لە دەستی ستەمكاران رزگارم ده‌بوو.
ئەو دوو سروودەی ئێزگەكەی پێ كرایەوە
* به‌ڕێزتان نه‌ك ته‌نیا وه‌ك ژه‌نیار به‌ڵكو وه‌ك ئاوازدانه‌ریش دوو سروودی پیرۆزی گه‌لی كوردستان(ئه‌ی شه‌هیدان و پارتی پێشڕه‌وی گه‌ل و وڵاتە)تان له رۆژانێكی سه‌ختدا ئاماده كرد‌و وه‌ك ده‌سكه گوڵێكی هونه‌ری، خه‌ڵاتی رادیۆی ده‌نگی كوردستانتان كرد، سه‌ربورده‌ی ئه‌م دوو سرووده چی بوون، ئەی گۆرانیبێژ و ئاوازدانه‌ر و شاعیره‌كانی كێ بوون؟
- دوای ده‌ستپێكردنی شۆڕشە مەزنەكەی گه‌لی كورد‌و دواتر ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ی له هه‌موو بواره‌كاندا ئەو شۆڕشە به ده‌ستیهێنا، رۆژێكیان نامه‌یه‌كم له‌لایه‌ن خوالێخۆشبوو (سه‌یدا ساڵح یوسفی)یه‌وه بۆ هات، ئەوەیش بە دەستی خوالێخۆشبوو (ره‌فیق)ی برامه‌وه پێم گەیشت، كه ئه‌و كات پێشمه‌رگه بوو لە ناوچەی ئاوەكورتێ، له نامه‌كه‌دا نووسرا بوو: برای به‌ڕێز كاك نەجاتی عەبدە دوای ئه‌وه‌ی توانیمان ئێستگهیهكی رادیۆیی په‌یدا بكه‌ین، ده‌مانه‌وێت دەسپێكی ئێستگه‌كه به چه‌ند سروودێكی تازه بكه‌ینه‌وه، زۆرمان پێخۆش ده‌بێت كه به زووترین كات ئەو سروودانەمان پێ بگات.
منیش پێوه‌ندیم كرد به به‌ڕێزان كاك (نوری وه‌شتی و جەلال عه‌زیز)و پێموتن كه له مه‌كته‌بی سیاسییه‌وه نامه‌یه‌كی وام بۆ هاتووه، ئەدیب و نەتەوەپەروەری كورد (نوری وه‌شتی) بێ راوه‌ستان وتی: من ده‌توانم هۆنراوه‌ت بده‌مێ و تۆ ئاوازی بۆ دابنێیت، پاشی سێ رۆژ، دوو هۆنراوه‌ی بۆ هێنام و وتی: فه‌رموو ئه‌وه‌تان، بزانم تۆ چی ده‌كه‌ی؟ كه هۆنراوه‌كانم خوێنده‌وه، زۆرم به دڵ بوون، چونكه پڕ به قاڵبی ئه‌و كاتی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بوون.
یه‌كه‌میان ده‌ڵێ:
(سڵاو له پارتی دیموكراتی كورد)
(ئه‌و پارته‌ی ئاڵای شۆڕشی هەڵكرد).تاد.
دووه‌میشیان ده‌ڵێ:
(دایه گیان توخوا به‌سیه‌تی گریان)
(به‌سه ئاخ و ئۆف به‌سه سینگ كوتان)
(وا كوردێك كوژرا من له شوێنی ئه‌و)
(شه‌رت بێ خه‌بات كه‌م چاوم نه‌چێته خه‌و)
(تاكو ئه‌بینم به‌زینی دوژمن)
(كورد هه‌ڵ ئه‌كات ئاڵای سه‌ركه‌وتن...)
دواتر ئاوازم بۆ هه‌ردووكیان دانان، واته سروودەكە لە هۆنراوەی نوری وه‌شتی و لە ئاوازی خۆم بوو، ئینجا كه رووبەڕووی گرفتی تۆماركردنی ده‌نگ و ڕێكخستنی كۆرس بووینەوە، حزب پێی راگه‌یاندین كه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆتان و حزب باشترە كه‌مترین كه‌س به‌شداری ئه‌م كاره بكات تا لە چاوی دوژمن پارێزراو بن، دوایی ماڵی كاك حاته‌م هه‌ڵبژێردرا كه تێیدا تۆماری بكه‌ین، ئیتر به ئاماده‌بوونی چه‌ند ئه‌ندامێكی حزب لەوانە (جه‌لال عه‌زیز، فه‌ره‌یدون دارتاش، نەجات مه‌حوی، خۆم، حاته‌م سه‌عید) توانیمان پاش چه‌ند سه‌عاتێك سروودەكان تۆمار بكه‌ین و كاك نوری وه‌شتی خۆی تۆماری ده‌كرد، دوای ئه‌وه‌ی له‌به‌ر نەچوونه ده‌ره‌وه‌ی ده‌نگ دیواری ئه‌و ژووره بچكۆله‌یه‌ی ماڵی كاك حاته‌م هه‌مووی به (به‌تانیه و لێفە) داپۆشی بوو، چونكه ماڵەكەی له له گه‌ڕه‌كی (ئه‌سحابه سپی) ناوه‌ڕاستی شاری سلێمانیدا بوو، له كۆتاییدا توانیمان به جوانی وبە سەركەوتوویی تۆماری بكه‌ین و بۆ رۆژی دواتریش، له ڕێگای ئه‌و برایه‌م كه نامه‌كه‌ی هێنابوو بۆمان یه‌كسه‌ر ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌مان كرد.
دوو رۆژ دواتر، له ئێستگه‌ی ده‌نگی كوردستانەوە، هەموو خه‌ڵكی كوردستان گوێی له‌و دوو سرووده بوو، سەداو ده‌نگێكی زۆر گه‌وره‌و كاریگه‌ری له‌ناو جه‌ماوه‌ر و پێشمه‌رگه‌دا هه‌بوو، بوو به شانازییەك بۆ خۆم و هاوڕێكانم كه گوێمان لێده‌بوو، سه‌رمان پێی به‌رز ده‌بوویه‌وه، به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌تا ئێستا هیچ كام له‌و ئێستگانهی بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه به هیچ شێوه‌یه‌ك باسی ئه‌وه ناكه‌ن شاعیر و ئاوازدانه‌ره‌كه‌ی كێن و له چ بارودۆخ وكاتێكدا دانراون و بە چ زەحمەتی و چۆن چۆنی تۆمار كراوه .
* ئێوه به‌بێ مامۆستا‌و بێ ئەوەی كەس فێرتان بكات شاره‌زاییه‌كی زۆرتان له ژه‌نینی نای هه‌بووە، (حه‌قی شبلی) چۆن داوای لێ‌كردیت،تا بچیت بۆ به‌غداو ئامێری نای بژه‌نی و وه‌ڵامی ئێوه بۆ ئەو چی بوو؟
- كاتی خۆی خوالێخۆشبوو (حه‌قی شبلی) هاته سلێمانی و دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند دانیشتنێك‌مان پێكەوە ئه‌نجامدا پێمی وت: كاكه نەجات تۆ بۆ نایه‌یت بۆ به‌غدا ئیشمان زۆره به ژه‌نیارێكی وه‌ك تۆ، منیش هه‌موو ئاسانكارییهكت بۆ ده‌كه‌م، له وه‌ڵامدا وتم: مامۆستا گیان بمبووره، من ده‌مه‌وێ شاره‌كه‌ی خۆم به هونه‌ره‌كه‌م و ئامێره‌كانی مۆسیقا ئاشنا بكه‌م، زۆر سوپاست ده‌كه‌م.
مامۆستا نەجاتی عه‌بده
له چه‌ند دێڕێكدا
• له ساڵی 1937 له دایك بووە.
• ساڵی 1961 ژیانی هاوسه‌ری له‌گه‌ڵ خاتوو (فه‌ریده مه‌حوی)ی كچی (شێخ محه‌مه‌د مه‌حوی) پێكهێناوه.
• باوكی دوو كوڕه به ناوه‌كانی (دیاری) ته‌مه‌ن 50 ساڵه پزیشكی ددانه‌و پسپۆره له رواندنی ددان و له به‌ریتانیا نیشته‌جێیه و (دلێر) ئەندازیارە.
• ئێستا نیشته‌جێی وڵاتی سویده.