ئانا نۆرنبێرگ: سینه‌مای كوردی پێویستی به‌ كرانه‌وه‌ی زیاتر هه‌یه‌

ئانا نۆرنبێرگ: سینه‌مای كوردی پێویستی به‌ كرانه‌وه‌ی زیاتر هه‌یه‌
ده‌رهێنه‌ره‌ له‌ كۆمپانیایه‌كی به‌رهه‌مهێنانی سینه‌مایی ئه‌ڵمانی‌، به‌ر له‌وه‌ی به‌شێوه‌ی پیشه‌گه‌ری خه‌ریكی كاری سینه‌مایی بێت، له‌ زانكۆ لە چه‌ندین فیلمی سینه‌ماییدا كاری كردووه‌ وه‌ك ده‌رهێنه‌ر، ئانا نۆرنبێرگ له‌ فیستیڤاڵی سینه‌مای دهۆك وه‌ك به‌رهه‌مهێنه‌ری به‌شدار به‌ فیلمێك كه‌ ده‌رهێنه‌ره‌كه‌ كچه‌ كوردێكی شاری دهۆك بوو بۆیه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداری به‌شێكی زۆری فیلمه‌ كوردییه‌كانه‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان نمایش ده‌كرێن له‌ هه‌مان كاتدا به‌ نیازی ئه‌نجامدانی پڕۆژه‌یه‌كی سینه‌ماییه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند سینه‌ماكارێكی كورد كه‌ له‌ سه‌ره‌تای ساڵی داهاتوو ده‌ست پێده‌كات، له‌ ده‌رفه‌تێكدا چه‌ند پرسیارێكمان ئاراسته‌ی ئانا كرد.



• به‌ حوكمی كار كردنت له‌گه‌ڵ چه‌ند ده‌رهێنه‌رێكی كورددا‌ زانیاریت هه‌یه،‌ سینه‌مای كوردی و فیلمه‌ كوردییه‌كان چۆن ده‌بینیت؟
- بێگومان وه‌ك خۆت ئاماژه‌ت پێدا من له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كی به‌رهه‌مهێنانی فیلمی كوردی و له‌گه‌ڵ سۆلین ئه‌نوه‌ری ده‌رهێنه‌ر كار ده‌كه‌م و به‌ یه‌كه‌وه‌ چه‌ندین كارمان ئه‌نجامداوه‌، تا رادده‌یه‌ك زانیاریم ده‌رباره‌ی سینه‌مای كوردی هه‌یه‌ و له‌و ڕێگایه‌وه‌ چه‌ندین فیلمی كوردیم بینیوه‌، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئەوەی كە زۆر زه‌حمه‌ته‌ بۆ من هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ كوردستان وه‌ك وڵات یان سینه‌مای كوردی بكه‌م، چونكه‌ كوردستان وڵاتێكه‌ قه‌ره‌باڵغی و شڵۆغی پێوه‌ دیاره‌ و هه‌ر شتێك له‌ ناكاودا ده‌بێته‌ سوپرایزێك، رێگاكانی ئه‌م وڵاته‌ زۆرن له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان كورد روویان له‌م پارچه‌ ئازادكراوه‌ كردووه‌ و به‌رده‌وام هاتوچۆ ده‌كه‌ن وپێوه‌ندییه‌كانیان به‌رده‌وامه‌ و رۆژ دوای رۆژ گه‌شه‌ی پێده‌درێت، پێوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌كان له‌ زیادبووندان له‌گه‌ڵ وڵاتانی ده‌وروبه‌ر پێوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش به‌ هه‌مان شێوه‌، ئه‌م جۆره‌ تێكه‌ڵاوییه‌ مادده‌یه‌كی باشه‌ بۆ كاری سینه‌ما و سینه‌ماكاره‌كان زیاتر دركی پێده‌كه‌ن پێموایه‌ تا رادده‌یه‌كی زۆر سینه‌ماكاران سوودیان لێوه‌رگرتووه‌، جگه‌ له‌مه‌ مێژووی دوور ونزیكی كوردستان سه‌رمایه‌یه‌كی زۆر گرنگ و ده‌وڵه‌مه‌نده‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی ده‌یان فیلمی جۆراوجۆر له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌، بۆیه‌ به‌شێكی زۆری ئه‌و فیلمه‌ كوردیانه‌ی من بینیومن‌ باس له‌ تراژیدیا و به‌سه‌رهاته‌كانی كوردستان ده‌كه‌ن و هه‌ر یه‌كێك له‌ لایەكه‌وه‌.
• له‌و فیلمه‌ كوردییانه‌ی تا ئێستا بینیوته‌ ده‌كرێ لایه‌نه‌ باش و خراپه‌كانیان دیاری بكه‌یت له‌ روانگه‌ی خۆته‌وه‌؟
- ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی گشتی باس بكه‌م، كاتێك سه‌یری فیلمێكی كوردی ده‌كەم وه‌ك بینه‌ر، ئه‌م فیلمانه‌ سه‌رنجی بینه‌ر راده‌كێشن و ناچاری ده‌كه‌ن به‌ وردی لێیان بڕوانێت، چونكه‌ فیلمی كوردی جیهانێكی جیاوازه‌، جا ئه‌و جیاوازیه‌ له‌ كه‌سه‌كانه‌وه‌ یان له‌ سروشته‌وه‌ بێت یانیش له‌رووی فه‌رهه‌نگ و كه‌لتووری كوردییه‌وه‌ بێت، ئه‌مانه‌ زوو سه‌رنجی بینه‌ر بۆ خۆیان راده‌كێشن و هه‌ست به‌ تایبه‌تمه‌ندێتی و جیاوازیی میلله‌تی كورد ده‌كه‌ی له‌ ڕێگای فیلمه‌كانیانه‌وه‌، به‌ڕای من ئه‌مه‌ لایه‌نه‌ باشه‌كانی سینه‌مای كوردین، هه‌روه‌ها كورد پێویستی به‌ فیلمی سیاسیش هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌یان له‌وانه‌یه‌ لایه‌نی سلبی و ئیجابی هه‌بێت، هه‌ست ده‌كرێت بابه‌تی فیلمه‌كان تا رادده‌یه‌ك سیاسین، به‌ڵام بابه‌ته‌كانیان نزیكی یه‌كترین واته‌ لێكچوونێك هه‌یه‌، ئه‌م نزیكبوونه‌وه‌ی بابه‌تی فیلمه‌كان له‌ یه‌كدی ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ بینه‌ر زۆر جیاوازی نه‌كات له‌نێوان فیلمه‌كان و هه‌ست به‌ تێكه‌ڵیی بكات، بۆیه‌ پێویستە سینه‌ماكارانی كورد به‌ گشتی بیر له‌م مه‌سه‌له‌یه‌ بكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ له‌ سینه‌مای رۆژئاواییدا له‌وانه‌یه‌ چه‌ند ده‌رهێنه‌رێك باس له‌ كێشه‌یه‌كی دیاریكراو بكه‌ن، به‌ڵام هه‌ر یه‌كێكیان له‌ روانگه‌یه‌كی تایبه‌تی خۆیه‌وه‌ سه‌یری ده‌كات و هیچ جۆره‌ نزیك بوونێك هه‌ستی پێناكرێت، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ بینه‌ر زۆر جارخۆی له‌ به‌رده‌م دوو كێشه‌ی جیاوازدا ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ له‌ ئه‌سڵدا یه‌ك كێشه‌ و یه‌ك مه‌سه‌له‌ن‌، من خۆم له‌ دڵه‌وه‌ حه‌ز ده‌كه‌م له‌ دواڕۆژێكی نزیكدا سینه‌مایه‌كی كوردی تێكه‌ڵ ببینم كه‌ چه‌ندین بابه‌تی جۆراوجۆر و به‌ شێوازو ستایلی جیاجیاوه‌ بخاته‌ڕوو كه‌ تایبه‌تمه‌ندێتی كلتوور و فه‌رهه‌نگی كوردیی به‌ ئاشكرا پێوه‌ دیار بێت، چونكه‌ من ئێستا زۆربه‌ی فیلمه‌ كوردییه‌كان وه‌كو یه‌ك ده‌بینم و جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆیان نییه‌، بۆ نموونه‌ یه‌ڵماز گونای یه‌كێك بوو له‌ ده‌رهێنه‌ره‌ جیهانییه‌ گه‌وره‌كان، كاتێك چه‌ندین ساڵ به‌ر له‌ ئێستا ده‌ستی بۆ چه‌ند دیارده‌یه‌ك ده‌برد له‌ فیلمه‌كانیدا زۆر به‌هێزتر بوو له‌و ده‌رهێنه‌رانه‌ی ئێستا بوونیان هه‌یه‌ و كار ده‌كه‌ن.
• ژیان و مێژووی كورد پڕیه‌تی له‌ تراژیدیا و كاره‌سات كه‌ سه‌رمایەیەكن بۆ به‌رهه‌مهێنانی ده‌یان فیلم، به‌ڵام ئایا پێویسته‌ كورد ته‌نیا بیر له‌ نیشاندانی لایه‌نه‌ تراژیدیاكانی ژیان و مێژووی خۆیان بكه‌نه‌وه‌ یاخود پێویسته‌ ئاوڕێك له‌ لایه‌نه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش بدرێته‌وە و له‌ سینه‌مادا بخرێنه‌ ڕوو؟
- مخابن كه‌ مێژووی میلله‌تی كورد تراژیدیای زۆری به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ سینه‌ما ده‌توانرا سوود له‌ هه‌ردوو لایه‌ن وه‌ربگیرێت لایه‌نی تراژیدی و لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تی و مرۆڤایه‌تی، به‌مه‌ش فیلمی سه‌ركه‌وتوو به‌رهه‌م ده‌هێنرێت و ئه‌گه‌ر هه‌ردوو لایه‌نه‌كه‌ (تراژیدی و كۆمه‌ڵایه‌تی) له‌ یه‌ك فیلمدا كۆ بكرێنه‌وه‌ ئه‌وه‌یان كارێكی هه‌ر زۆر زۆر باشە و ده‌توانم بڵێم پێویستیشه‌، من ئاگاداری چیرۆك و به‌سه‌رهاته‌ مێژووییه‌كانی كوردم و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ سه‌ره‌تای قۆناغی باس كردن و بونیادنانی ده‌وڵه‌تن، بۆیه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن زمان و مێژووی خۆیان فه‌رامۆش نه‌كه‌ن و له‌ هزر و بیری نه‌وه‌كانی نوێیاندا زیندووی بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام زۆر شت كه‌ به‌ ژیانی تاكه‌كانه‌وه‌ گرێدراوه‌ وه‌ك به‌تایبه‌تی ئه‌و چیرۆكانه‌ی له‌ لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ باس له‌ مرۆڤه‌كان ده‌كه‌ن، ناكرێ ئه‌وانیش فه‌رامۆش بكرێن و له‌ كاره‌ سینه‌ماییه‌كاندا سینه‌ماكارانی كورد بیریان لێ نه‌كه‌نه‌وه‌ و گرنگییان پێ نه‌ده‌ن.
* وه‌ك كورد زیاتر ده‌توانین سوود له‌ ئه‌زموونی سینه‌مای كێ وه‌ربگرین كه‌ له‌گه‌ڵ سینه‌مای كوردیدا بگونجێت؟
- سینه‌مای هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك تایبه‌تمه‌ندێتی خۆی هه‌یه‌ كه‌ گرێدراوه‌ بە كلتوور و فه‌رهه‌نگی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌یه‌ و نابێ له‌و چوارچێوه‌یه‌ ده‌ربچێت، بۆیه‌ واپێویسته‌ سوود له‌ ئه‌زموونه‌كانی خۆیان وه‌ربگرن نه‌ك له‌ سینه‌مای نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌، هه‌روه‌ها سینه‌مای كوردی پێویستی به‌ كرانه‌وه‌ی زیاتر هه‌یه‌ له‌رووی بابه‌ته‌كانه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ سازكردنی فیستیڤاڵی سینه‌مایی له‌ شێوه‌ی فیستیڤاڵی دهۆك به‌ هه‌نگاوێكی پێویست و گرنگ ده‌زانم بۆ ئه‌وه‌ی كرانه‌وه‌ی زیاتر هه‌بێت و تێكه‌ڵییه‌ك له‌نێوان سینه‌ماكارانی كورد له‌گه‌ڵ جیهانی ده‌ره‌وەدا دروست ببێت كه‌ ده‌بێته‌ ده‌روازه‌یه‌ك بۆ كرانه‌وه‌ی زیاتربۆ كار كردن له‌سه‌ر چیرۆك و ستایلی نوێ.
* له‌ كوردستان ساڵانه‌ چه‌ندین فیستیڤاڵی كورته‌ فیلم ساز ده‌كرێن، ئایا ئه‌م جۆره‌ فیستیڤاڵانه‌ پێویستن یاخود سینه‌مای كوردی ئه‌و قۆناغه‌ی تێپه‌ڕاندووه‌؟
- بێگومان ئه‌م جۆره‌ فیستیڤاڵانه‌ پێویستن و ئه‌گه‌ر بینه‌ران ئاماده‌ی فیستیڤاڵه‌كان بن ئه‌وا پێویسته‌ ساڵانه‌ فیستیڤاڵی زیاتر ئه‌نجام بدرێت، چونكه‌ فیلم بۆ بینه‌ر به‌رهه‌م ده‌هێنرێت، زۆر جار كاری كورته‌ فیلم زه‌حمه‌تتره‌، چونكه‌ پێویست ده‌كات له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا ده‌رهێنه‌ر شتی زۆر بخاته‌ روو بۆ بینه‌ر و په‌یامی خۆی بگه‌یه‌نێت به‌ پێچه‌وانه‌ی فیلمی درێژ كه‌ ده‌رهێنه‌ر كاتێكی زۆری له‌به‌ر ده‌سته‌ بۆ گه‌یاندنی په‌یامی خۆی به‌ بینه‌ر.





Top