توورەج ئەسڵانی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئیسكرین "ئاسیا پەسیفیك" كاندیدكراوە
وێنەگری لاوی كورد توورج ئەسڵانی دوای بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین وێنەگرتنی بەشی سەرەكی شەستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سان سێباستییانی ئیسپانیا، بە فیلمی سینەمایی "وەرزی كەركەدەن" Rhino Season لە دەرهێنانی سینەماكاری ناوداری كورد بەهمەن قوبادی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی باشترین وێنەگری شەشەمین خولی ڕێوڕەسمی پێشكەش كردنی خەڵاتی ئیسكرین "ئاسیا پەسیفیك" (APSA) لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا كاندیدكراوە و بۆ بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتە گرینگە لەگەڵ "چارین پێنگپانیچ" وێنەگری فیلمی سینەمایی "بۆناهان" نوێنەری وڵاتی مالیزیا لە رێوڕەسمی ئۆسكاری ئەمساڵ و سێ وێنەگری دیكەی كیشوەری ئاسیا ركابەریدەكات.
ناوی كاندیداكانی بەشە جۆراوجۆرەكانی شەشەمین خولی ڕێوأەسمی پێشكەش كردنی خەڵاتی ئیسكرین "ئاسیا پەسیفیك" ASIA PACIFIC، لەوانە: باشترین فیلم، باشترین دەرهێنان، باشترین وێنەگرتن، باشترین فیلمی منداڵان، باشترین فیلمی دیكۆمێنتی، باشترین فیلمی ئەنیمەیشێن، باشترین سیناریۆ، باشترین ئەكتەری پیاو و باشترین ئەكتەری ئافرەت راگەیاندراوە و لەم ناوەندەدا ناوی توورج ئەسڵانی بە فیلمی سینەمایی "وەرزی كەركەدەن" بە نوێنەرایەتیی لە هەرێمی كوردستان لە نێوان كاندیداكانی باشترین وێنەگری ئەم خەڵاتە بەرچاودەكەوێت.
توورج ئەسڵانی بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی ئیسكرین "ئاسیا پەسیفیك" دەبێت لەگەڵ چوار وێنەگری ناودار و بەئەزموونی ئاسیایی ركابەری بكات، لەوانە: "چارین پێنگپانیچ" وێنەگری فیلمی سینەماییBunohan لە وڵاتی مالیزیا، "چین تینگ ـ چانگ" وێنەگری فیلمی سینەمایی Seediq Bale لە وڵاتی تایوان، "حەجیك پۆلای" و "لای یوفای" وێنەگرانی فیلمی سینەمایی Wu Xia لە وڵاتی هۆنگ كۆنگ و "یووری رایسكی" وێنەگری فیلمی سینەمایی Orda لە وڵاتی رووسیا.
ڕێوڕەسمی كۆتایی و دەستنیشانكردنی سەركەوتووانی بەشە جۆراوجۆرەكانی شەشەمین خولی ڕێوڕەسمی پێشكەش كردنی خەڵاتی ئیسكرین "ئاسیا پەسیفیك"، لە رۆژانی داهاتوودا لە شاری بریسبین لە ویلایەتی كۆئینزلەند لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا بەڕێوەدەچێت.
فیلمی سینەمایی "وەرزی كەركەدەن" لە دوایین بەشداری جیهانی خۆیدا لە بەشی پێشبڕكێی 49مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "شیكاگۆ" لە وڵاتی ئەمەریكا، لە بەشی تایبەتی 41مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "سینەمای نوێ" لە وڵاتی كەنەدا و بە ئامادەبوونی بەهمەن قوبادی لە میانەی پەنجا و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "تسالۆنیكی" یوونان نمایشكرا.