زاگرۆس جەبار:ئەو ئافرەتەم پێ جوانە كە هەست بە سەنگینی خۆی بكات

زاگرۆس جەبار:ئەو ئافرەتەم پێ جوانە كە هەست بە سەنگینی خۆی بكات
دوای دوو ساڵ كار كردن تێیدا، بەم دواییە زاگرۆس جەبار یەكەم بەرهەمی گۆرانییەكانی خۆی بڵاو كردەوە، زاگرۆس لە ساڵی 1988 لە شاری سلێمانی لە دایكبووە و ساڵی 2009 لە رێگای نواندنەوە چووەتە نێو دنیای هونەر و هەمیشە ویستوویەتی لە كارەكانیدا كەلتوور و هونەری كوردی زاڵ بێت و پێی بناسرێتەوە، جگە لە گۆرانی گوتن، بێژەر و ئەكتەریشە، ئێستا لە ئەوروپا نیشتەجێیە، سەبارەت بە هۆكارەكانی دواكەوتن و چۆنییەتی بڵاوكردنەوەی یەكەم بەرهەمی خۆی ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ ساز كرد.
*لە بواری بێژەری بە چ بێژەرێك سەرسام بوویت لەسەر ئاستی جیهانی و بۆچی؟
-لەسەر ئاستی جیهانی ئۆپیرا وێنڤری زۆر پێی سەرسامم نموونەی ئافرەتی بە تواناكانی جیهانە و توانی ئەوە پیشان بدات كە ئافرەتێكی بە توانا و خاوەن هەستەو چەندین گۆڕانكاری بە سوودی بە دەست هێنا و دەستی چەندین ئافرەتی دیكەی گرت بۆ بەدەستهێنانی سەركەوتن.



* ئەی لە بواری گۆرانی گوتندا؟
- چەندین هونەرمەندی گەورە كاریگەرییان بەسەر منەوە هەبووە و سوودی زۆرم لێیان وەرگرتووە.
* ماوەی دوو ساڵ بوو سەرقاڵی گۆرانییەكە بوویت، بۆچی ئەوەندە دواكەوت؟
- بەهۆی ئەوەی چەند جارێك كلیپەكەم گۆڕی، سەرەتا كلیپم كرد بە دڵم نەبوو، چونكە بینیم جلوبەرگ و جووڵەی رۆژئاوایی زۆر زاڵە بەسەر بەرهەمەكەوە منیش بەهۆی ئەوەی كە بە لامەوە گرنگە لە بەرهەمەكە زیاتر سەرنج بخەمە سەر كەلتوور و هونەری كوردی بۆیە ناچار بووم كلیپەكەم گۆڕی و هەوڵمدا جلوبەرگی كوردی بپۆشم، هەروەها دووبارە لە ستۆدیۆیەكی دیكە بە هاوكاری هونەرمەند گۆران كامل تۆمارم كردەوە.
* بۆچی تەنیا گۆرانییەكیت بە سیدی بڵاوكردەوە؟
- بۆیە یەكەم گۆرانیم بە سینگڵ بڵاو كردەوە چونكە تەنیا یەك گۆرانییە كە ئەم جارە كارم لەسەر كردووە. لەگەڵ دروستكردنی ئەم بەرهەمە زۆر ئەزموونی زیاترم وەرگرت و شارەزایی زیاترم پەیدا كردووە و لە هەوڵی ئەوەدام كاری باشتر بەرهەم بهێنم.
* لە كاری هونەریدا زیاتر پشت بە چی دەبەستیت؟
- خۆشەویستی، توانا، بەهرە و زیرەكی.
* ئەی شێوە و رووخسار بۆ تۆ چەند گرنگن؟
-بێگومان رووخسار گرنگە، بەڵام گرنگیش نییە ئەگەر هونەرمەند نەزانێت بەشێوەیەكی راست و دروست بۆ سەركەوتنی لە كارەكانیدا سوودی لێ وەربگرێت،ئەوا بە ئاسانی تێدەكەوێت، لەبەر ئەوە من زۆر گرنگی بە رووخسار نادەم.
*جوانترین ئافرەت كێیە لای تۆ؟
- ئەو ئافرەتەم پێ جوانە كە هەست بە گەورەیی و پەسندی خۆی بكات لە كۆمەڵگادا وەك ئافرەت كە خوای گەورە بەو هەموو جوانی و پاكییەوە دروستی كردووە.
* كاری داهاتووت چی دەبێت؟
- هەم لە بواری گۆرانی گوتن و نواندن و بێژەریدا دەرفەتم بۆ هاتووەتە پێش و لە داهاتوودا زیاتر دەردەكەوێ لە كام بواردا بەردەوام دەبم.



Top