زاگرۆس جەبار:ئەو ئافرەتەم پێ جوانە كە هەست بە سەنگینی خۆی بكات
*لە بواری بێژەری بە چ بێژەرێك سەرسام بوویت لەسەر ئاستی جیهانی و بۆچی؟
-لەسەر ئاستی جیهانی ئۆپیرا وێنڤری زۆر پێی سەرسامم نموونەی ئافرەتی بە تواناكانی جیهانە و توانی ئەوە پیشان بدات كە ئافرەتێكی بە توانا و خاوەن هەستەو چەندین گۆڕانكاری بە سوودی بە دەست هێنا و دەستی چەندین ئافرەتی دیكەی گرت بۆ بەدەستهێنانی سەركەوتن.
* ئەی لە بواری گۆرانی گوتندا؟
- چەندین هونەرمەندی گەورە كاریگەرییان بەسەر منەوە هەبووە و سوودی زۆرم لێیان وەرگرتووە.
* ماوەی دوو ساڵ بوو سەرقاڵی گۆرانییەكە بوویت، بۆچی ئەوەندە دواكەوت؟
- بەهۆی ئەوەی چەند جارێك كلیپەكەم گۆڕی، سەرەتا كلیپم كرد بە دڵم نەبوو، چونكە بینیم جلوبەرگ و جووڵەی رۆژئاوایی زۆر زاڵە بەسەر بەرهەمەكەوە منیش بەهۆی ئەوەی كە بە لامەوە گرنگە لە بەرهەمەكە زیاتر سەرنج بخەمە سەر كەلتوور و هونەری كوردی بۆیە ناچار بووم كلیپەكەم گۆڕی و هەوڵمدا جلوبەرگی كوردی بپۆشم، هەروەها دووبارە لە ستۆدیۆیەكی دیكە بە هاوكاری هونەرمەند گۆران كامل تۆمارم كردەوە.
* بۆچی تەنیا گۆرانییەكیت بە سیدی بڵاوكردەوە؟
- بۆیە یەكەم گۆرانیم بە سینگڵ بڵاو كردەوە چونكە تەنیا یەك گۆرانییە كە ئەم جارە كارم لەسەر كردووە. لەگەڵ دروستكردنی ئەم بەرهەمە زۆر ئەزموونی زیاترم وەرگرت و شارەزایی زیاترم پەیدا كردووە و لە هەوڵی ئەوەدام كاری باشتر بەرهەم بهێنم.
* لە كاری هونەریدا زیاتر پشت بە چی دەبەستیت؟
- خۆشەویستی، توانا، بەهرە و زیرەكی.
* ئەی شێوە و رووخسار بۆ تۆ چەند گرنگن؟
-بێگومان رووخسار گرنگە، بەڵام گرنگیش نییە ئەگەر هونەرمەند نەزانێت بەشێوەیەكی راست و دروست بۆ سەركەوتنی لە كارەكانیدا سوودی لێ وەربگرێت،ئەوا بە ئاسانی تێدەكەوێت، لەبەر ئەوە من زۆر گرنگی بە رووخسار نادەم.
*جوانترین ئافرەت كێیە لای تۆ؟
- ئەو ئافرەتەم پێ جوانە كە هەست بە گەورەیی و پەسندی خۆی بكات لە كۆمەڵگادا وەك ئافرەت كە خوای گەورە بەو هەموو جوانی و پاكییەوە دروستی كردووە.
* كاری داهاتووت چی دەبێت؟
- هەم لە بواری گۆرانی گوتن و نواندن و بێژەریدا دەرفەتم بۆ هاتووەتە پێش و لە داهاتوودا زیاتر دەردەكەوێ لە كام بواردا بەردەوام دەبم.