مەیسەم نەحاس: كاری هونەری لە ئێستادا زۆر سەختە

مەیسەم نەحاس: كاری هونەری لە ئێستادا زۆر سەختە
بارودۆخی سیاسیی ئێستای وڵاتانی عەرەبی كاریگەرییەكی راستەوخۆی لەسەر هونەرمەندان و كاری هونەر كردووە لەو وڵاتانەدا، لەم بارەیەوە خانمە گۆرانیبێژی لوبنانی مەیسەم نەحاس پێیوایە بارودۆخی شەڕ و ئاڵۆزیی سیاسی تا رادەیەكی زۆر كاری لەسەر بەردەوام بوونی هونەرمەند هەیە.
مەیسەم دەڵێت: جاران ئێمە زۆر بە ئاسانی لە وڵاتانی عەرەبی خەریكی گێڕانی ئاهەنگی جۆراوجۆر بووین، بەڵام ئێستا بارودۆخەكە گۆڕاوە، لە زۆربەی وڵاتانی عەرەبیدا نا ئارامی هەیە ئەگەر ناسەقامگیریی سەربازیش نەبێت ئەوا لەرووی سیاسییەوە ناسەقامگیرن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی نەتوانین كاری خۆمان بكەین یان ژیانمان پارێزراو بێت، چونكە لە كاتی ئاڵۆزی و شەڕدا كەس ناتوانێت ژیان و سەلامەتیی كەس مسۆگەر بكات، یاخود لە زۆر وڵاتان رێگری هەیە لە ئەنجامدانی كاری هونەری ئەمەش دیسان كاریگەریی سلبی دەبێت لەسەر بەردەوام بوون لە هونەر.
دەربارەی ژیانی تایبەتی خۆیشی مەیسەم دەڵێت: من هونەرمەند و دایك و هاوسەرم كەواتە ئەركێكی زۆرم لەسەر شانە، سەرەڕای ئەمەش رۆژانە كاتی خۆم دابەش كردووە بەشێكم بۆ وەرزش تەرخان كردووە، هەروەها منداڵ و هاوسەرەكەشم پشتگوێ نەخستووە و لە كاری هونەریشدا بەردەوامم، بەردەوام ئاگاداری كار و هەواڵە هونەرییەكانیشم ئەمە جگە لەوەی لە خوێندنەوەش دانەبڕاوم، بەردەوام كتێبی دەروونناسی و رۆحی و ئایینی دەخوێنمەوە، چونكە ئەم جۆرە كتێبانە وا لە مرۆڤ دەكەن خۆی بناسێت و چۆن مامەڵە لەگەڵ دەوروبەریدا بكات.
Top