"بەكرێگیراوی سپی" لە فیستیڤاڵی سینەما حەقیقتی ئێران سەركەوتنی بەدەستهێنا
بە پێی راپۆڕتی راگەیاندنی گشتیی ئەم فیلمە، فیلمی دیكۆمێنتی "بەكرێگیراوی سپی" لە دەرهێنانی سینەماكاری بانەیی تەها كەریمی و لە دەرهێنانی ناوەندی پەرەپێدانی سینەمای ئەزموونی و دیكۆمێنتی ئێران، چەند رۆژ پێش ئێستا لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا لە دوو بەشی پێشبڕكێی نێودەوڵەتی و هەروەها بەشی پێشبڕكێی شەڕ لە میانەی شەشەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "سینەما حەقیقەت" لە شاری تاران لە وڵاتی ئێران نمایشكرا و توانی خەڵاتی باشترین فیلمی بڵندی دیكۆمێنتی بەشی نێودەوڵەتی ئەم فیستیڤاڵە گرینگەی فیلمە دیكۆمنێتارییەكان بەدەستبێنێت و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوانەوە تەندیسی فیستیڤاڵ، لەوحەی فەخری و بڕی پارەی نەقدی پێبەخشرا.
ڕێوڕەسمی كۆتایی شەشەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "سینەما حەقیقەت" بە ئامادەبوونی دكتۆر سەید محەمەد حوسێنی وەزیری فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی، جەواد شەمەقدەری سەرۆكی رێكخراوەی سینەمایی ئێران، شەفیع ئاقامحەمەدیان بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی پەرەپێدانی سینەمای ئەزموونی و دیكۆمێنتی ئێران و سەرۆكی فیستیڤاڵ، ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوانی بەشە جۆراوجۆرەكانی فیستیڤاڵ، سینەماكارانی بەشداربوو لە فیستیڤاڵ و هۆگرانی هونەری سینەما لە تەلاری وەحدەتی شاری تاران بەڕێوەچوو.
ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوانی بەشی پێشبڕكێی نێودەوڵەتی ئەم فیستیڤاڵە بریتی بوون لە: تووشی فووجیوارا ـ دەرهێنەر و مونتێری سینەما لە ژاپۆن، فوئاد سوئیبا ـ رۆژنامەنووس، دەرهێنەر و بەرهەمهێنەر لە مەغریب، مارسیا گامارگۆس ـ رۆژنامەنووس، نووسەر و بەرپرسی فەرهەنگی لە برازیل، مارك هووركا ـ بەرپرسی فیستیڤال، ئەحمەد زابێتی جەهرۆمی ـ توێژەر، دیكۆمێنتساز و مامۆستای زانكۆ لە ئێران و دكتۆر ئەحمەد ئەلەستی نووسەر و مامۆستای زانكۆ لە ئێران.
فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "سینەما حەقیقەت" بە بەشداری بەرهەمی سینەماكارانی سەرتاسەری ئێران و وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە چەندین بەشی پێشبڕكێی لەوانە: بەشی پێشبأكێی نەتەوەیی، لە چەندین بەشی: دیكۆمێنتی سەربەست، دیكۆمێنتی كۆمەڵناسی، دیكۆمێنتی شەڕ، دیكۆمێنتی پۆرترێت، دیكۆمێنتی مێژوویی، دیكۆمێنتی بنەماڵە، دیكۆمێنتی دینی و ئایینی، دیكۆمێنتی ژینگە پارێزی، دیكۆمێنتی نەتەوەناسی، بەشی تایبەت و ئەستێرەی درەوشاوە و هەروەها بەشی نێودەوڵەتیی، لەوانە: دیكۆمێنتی كورت، دیكۆمێنتی نیوەبڵند و دیكۆمێنتی بڵند.
جێی ئاماژەپێدانە كۆمپانیای سینەمایی "ستاك فیلمی سنە" فیلمی دیكۆمێنتی "بەكرێگیراوی سپی" لە ئاستی دنیادا بە شێوەی نێودەوڵەتی بڵاودەكاتەوە.
فیلمی دیكۆمێنتی "بەكرێگیراوی سپی" لە دەرهێنانی تەها كەریمی لە یەكەمین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا و بە ئامادەبوونی ئەم سینەماكارە كوردە لە دوو سانسی جیاوازدا لە بەشی پێشبڕكێی پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "گۆڵف" لە وڵاتی ئیمارات نمایشكرا و توانی پلەی دووەمی باشترین فیلمی دیكۆمێنتی بلًندی بەشی "خەلیج"ی ئەم فیستیڤاڵە بەدەستبێنێت.
ئەم فیلمە هەروەها لە بەشی پێشبڕكێی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "كوریتیبا"ی Curitiba برازیل لە دوو سانسی جیاوازدا لە 31ی مای 2012 و 4ی حوزەیران / یۆلیۆی 2012 لە هۆڵی ژمارە یەكی سینەما ئۆلهەری شاری بەندەری كوریتیبای برازیل نمایشكراوە.