لە مەراسیمێكی گەورەدا غازی غەفور رێزی لێدەنرێ

لە مەراسیمێكی گەورەدا غازی غەفور رێزی لێدەنرێ
راگەیاندنی دەزگای كەڤاڵ
لەدرێژەی چالاكییەكانی خۆیدا، دەزگای كەڤاڵ بۆ راگەیاندن و بەرهەمهێنانی هونەری بەهاوكاری هەریەك لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان- بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەرو وەرزش و لاوانی هەولێر و لقی هەولێری سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان لەژێر دروشمی "پیاوە ریش سپییەكە.. مرۆڤێك لە هەڵوێست" مەراسیمێكی رێزلێنان بۆ هونەرمەند و پێشمەرگە غازی غەفور سازدەكات.
بەگوێرەی راپۆرتی راگەیاندنی دەزگای كەڤاڵ بۆ راگەیاندن و بەرهەمهێنانی هونەری هاتووە كە دەزگاكەیان وەك هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر هونەرمەندان و رۆشنبیرانی بە هەڵوێست مەراسیمێكی رێزلێنان بۆ هونەرمەند و پێشمەرگە غازی غەفور سازدەكات.
هەر لەو راگەیەنراوەدا هاتووە كە ئەم مەراسیمە لە كاتژمێر 11ی سەرلەبەیانی رۆژی دووشەممە 19/11/2012 لە هۆڵی گەلی شاری هەولێر سازدەكرێ.
لە بەشێكی تری راگەیەنراوەكەدا هاتووە كە لەم مەراسیمەدا كتێبێكی تایبەت بە ژیان و بەرهەمەكانی هونەرمەند بە ناوی "پیاوە ریش سپییەكە- ژیان و بەرهەمەكانی هونەرمەند و پێشمەرگە غازی غەفوور" لە ئامادەكردنی مەسعودی مەلا هەمزە بەسەر ئامادەبووان دابەش دەكرێ و فیلمێكی دیكۆمێنتی بەناوی "مرۆڤێك لە هەڵوێست" لە ئامادەكردن و دەرهێنانی ستار محەمەد ئەمین نمایش دەكرێ، كە بەرهەمی هاوبەشی دەزگای كەڤاڵ و كەناڵی هەولێری تەلەفزیۆنی گەلی كوردستانەو خەڵاتی زێڕین و تایبەتی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان- بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر و خەڵات و دیاری چەندین لایەنی حزبی و حكومی بەسەر هونەرمەند دابەش دەكرێ.
Top