هیوا سوعاد سەرۆكی دووەم فیستیڤاڵی شانۆی نێودەوڵەتی لە هەولێر:دەوڵەمەند و هەڵسوڕاوانی كۆمپانیاكان لە گرنگیی شانۆ ناگەن
*وهك سهرۆكی فیستیڤاڵ دهمانهوێ له زاری خۆتهوه بزانین ئهو كهموكوڕییانه چی بوون كه له دووهم فیستیڤاڵی شانۆی ههولێر ههستیان پێدهكرا ؟
- هیچ كارێك بی كەموكوڕی نابێت بەتایبەتی سازدانی فیستیڤاڵێكی لەم شێوەیە. تۆ فیستیڤاڵێكی نێودەوڵەتی سازبكەیت و (10) وڵات بەشداری تێدابكات و هەر گرووپێك لە (7-20) كەس بێت و رۆژانە سی نمایشی شانۆیی و كۆڕو سیمینار و كۆبوونەوە ئەنجام بدەیت. بتەوێ بەدوای كەموكوڕیدا بگەڕێیت هەر دەیدۆزییەوە،بەڵام ئێمە هەمیشە حەزمان لەوەیە باس لە كەموكوڕی بكەین و بەدوای خاڵە لاوازەكاندا بگەڕێین. با سەیری دوێنێ بكەین و ئەمڕۆش ببینین. ئەم هەموو هونەرمەندە ناودار و گرووپە پڕۆفیشناڵانە لە سەر تەختەی شانۆی كوردستان نمایش دەكەن و لە پایتەختی كوردستان راستەوخۆ لەگەڵ هونەرمەندانی كورد بیروڕاو بۆچوون ئاڵوگۆڕ دەكەن و نمایشی یەكتر دەبینن و هەرچی ستایلی نەتەوەكان و ستایلە تازەكان هونەرمەندو بینەری كورد دەیبینێت. ئەمانە زۆر لەوە گەورەترن ئێمە خۆمان بەخاڵە لاوازەكانەوە خەریك بكەین. لەگەڵ ئەوەشدا خەریكین ڕاو سەرنجەكان كۆ بكەینەوە بۆ ئەوەی بۆ فیستیڤاڵی داهاتوو سوودیان لی وەربگرین.
*ههندێك كهس پێیانوابوو ئهم ساڵ له زۆر لایهنهوه له پار باشتر بوو، ههندێكی دیكەیش رایهكی پێچهوانهیان ههیه، ئێوه چی دهڵێن؟
-هەڵبەت دەبێ ئەم ساڵ لەپار باشتر بێت، چونكە ئەزموونێكمان هەبووە. هەوڵدەدەین بۆ فیستیڤاڵی داهاتوو زیاتر خۆمان ئامادە بكەین، لەرووی میوانداریشەوە میوانەكانمان لەئاستێكی بەرزدابوون چ لە هونەرمەندانی ناوخۆ یان ئەوانەی دەرەوەی كوردستان، نمایشەكان نمایشی ساڵ بوون واتە لە وڵاتەكەی خۆیان یان ئەوەتا خەڵاتی باشترین كاریان هەبوو یان لە ئیشە دیارەكانی ئەم ساڵ بوون. هەوڵەكانمان چڕتر دەكەینەوە بۆ ئەوەی ئەم فیستیڤاڵە بە جوانترین شێوەو باشترین كوالێتی بەردەوام بێت و گروپ و وڵاتانی زیاتر و هونەرمەندی ناودارتر و بەتواناتر ئامادەبن ئەمانەش هەموو لەپێناو سوود وەرگرتن و ئاڵوگۆڕكردنی ئەزموونەكان و بەرزكردنەوەی ئاستی شانۆی كوردی و نزیك كردنەوەی شانۆ لە بینەر و هەوڵدان بۆ ئەوەی شانۆ لە وڵاتی ئێمە وەك وڵاتانی پێشكەوتوو ببێتە بەشێك لە ژیان و پێداویستی ڕۆژانە.
* كێ بانگهێشت كردنی تیپه بهشداربووه بیانییهكانی لەئەستۆ گرتبوو و ئایا له ئاستی پێویستدا بوون؟
هەر لە سەرەتاوە لە ماڵی شانۆی ئەڵمانیا گرووپێك پێكهێنرابوو كە نوێنەری ITI جیهانی و ITI ئەڵمانی و ماڵی شانۆی ئەڵمانی و بە شانۆی هەولێر و دوو كەسی پسپۆر لە سازكردنی فیستیڤاڵەكان ئەندام بوون لە لێژنەكە. پەیوەندییان بە چەند وڵات و گرووپی ناودار كردبوو. هەر لەوێشەوە چەندین (سی دی)مان بەدەست گەیشتبوو كە شانۆیییەكان وێنەی گیرا بوو بۆمان رەوانكرابوو ئەوەبوو ئەو كارانەمان هەڵبژارد لەوانەیە كاری باشتر هەبووبێت، بەڵام ژمارەی بەشداربووان ئەوەندە زۆر بوون كە لە تواناماندا نەبوو میوانداریان بكەین، بۆ نموونە (قەمبوورەكەی نۆتردام) كە گرووپە ئەڵمانیەكەی پار ئامادەیان كردبوو، ئەو گرووپەی كە پار بە شانۆگەری (دایكە ئازاكە) بەشداری یەكەم فیستیڤاڵیان كردبوو، بەڵام ژمارەی بەشداربووان زیاتر لە (125) كەس بوو ئەمەش لەتوانای بوودجەكەی فیستیڤاڵدا نەبوو بۆیە نەمانتوانی بانگهێشتیان بكەین.
* ئهم تیپانه لهو ئاسته دا بوون كه شانۆكارانی كورد سوود له ئهزموونهكانیان وهرگرن؟
-بەڵی بۆ نموونە گرووپە ئیتاڵییەكە بە نمایشێكی جوان و ستایلێكی نوێوە هاتبوون، هەروەها ئێرانی و ئۆگەندی و پاكستانیەكانیش. میسریەكانیش گرووپێكی چاك بوون. ئەزموونەكەی توركیاش شایەنی ئەوە بوون ببینرێن و سوودیان لی وەربگرێت.
* ئهگهر ژمارهی نمایشهكان كهم بكرێتهوه بۆ چهند نمایشێكی پوخت باشتر نییه لهو قهرهبالغیهی ههستی پێدهكرا؟
-خۆی بەشداری كردنی گرووپێكی شانۆ ئینجا ژمارەی وڵاتان كەم بێت یان زیاد قەرەبالغی دروست دەكات، بۆیە لە فیستیڤاڵێكی نێودەوڵەتیدا پێویستیت بەبەشداری چەند گرووپێك هەیە لە چەند وڵاتێكی جیاجیادا بۆ ئەوەی لە ئەزموون و ستایلی وڵاتانی پێشكەوتوو بگەیت لە بواری شانۆدا. هەڵبەت هەوڵ دەدەین باشترین گرووپ داوەت بكەین. كە فیستیڤاڵەكەش جێگیر بوو و ناوبانگی دەركرد ئیتر زۆر بە ئاسانی گرووپی چاكتر و گەورەتر ئاشنایەتی پەیدا دەكەن و بەشدار دەبن.
* پهیامی سهرهكیتان له سازدانی ئهم فیستیڤاڵه چی بووه ؟
-شانۆ بی هۆڵ ناكرێت. پێویستیمان بەوە هەیە لەگەڵ بەردەوامی نمایش و فیستیڤاڵەكان هۆڵی نوێتر و چاكتر بینا بكرێت و ئەوەی هەشە نۆژەن بكرێتەوە.
* ئێمه زیاتر پێویستمان به ساز كردنی فیستیڤاڵه یان درووستكردنی هۆڵی شانۆ؟
-بەردەوامی نمایشەكان و بەرنامەدانان بۆ نمایش كردنی شانۆگەریی ئاست بەرز و سازدانی وۆركشۆپ و نۆژەن كردنەوە و دروست كردنی هۆڵی پرۆفیشناڵ و بایەخدان بە رەخنە و دەقی خۆماڵی و دەقی نزیك لە واقعی مرۆڤی كورد و لێكۆڵینەوەی شانۆیی ئەمانە دەبنە هۆی پێشكەوتنی شانۆ لە هەموویان گرنگتر بەڕێوەبەرایەتیی هونەری شانۆ فراوان بكرێت و بكرێتە دەزگایەكی تایبەت.
* وهك بهڕێوهبهرایهتیی شانۆ چ ههنگاوێكتان ناوه یاخود چیتان لهبهر دهسته بۆ زیندووكردنهوهی كلتووری شانۆ و هێنانهوهی جهماوهر بۆ نێو هۆڵهكانی شانۆ؟
- بەڵی هەوڵمانداوە سپۆنسەر پەیدا بكەین، بەڵام لەبەر ئەوەی هەم دەوڵەمەند و هەم هەڵسوڕاوانی كۆمپانیاكان لە گرنگی شانۆ ناگەن پێویستیمان بە هەوڵ و پشتگیری زیاتر هەیە.
*كاری داهاتووتان چی دەبێت؟
-كار و چالاكیمان نمایش كردنی چەند شانۆگەریەك دەبێت لە بۆنەی وەرزێكی شانۆییدا.