پیاوە ریش سپییەكە رێزی لێدەنرێ
بە ئامانجی زیاتر خزمەتكردنی هونەرمەندان و رێزگرتن لە تواناو ماندووبوونەكانیان دەزگای كەڤاڵ بۆ راگەیاندن و بەرهەمهێنانی هونەری بە هاوكاری و هاوبەشی هەریەك لە وەزارەتی رۆشبنیری و لاوان- بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشبنیری و هونەر و وەرزش و لاوانی هەولێر و لقی هەولێری سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان مەراسیمێكی گەورەی رێزلێنان بۆ گەورە هونەرمەندی كورد و پێشمەرگەی رۆژانی خەبات "غازی غەفوور" سازدەكات.
بەگوێرەی راپۆرتی راگەیاندنی دەزگای كەڤاڵ هاتووە كە لە ناوەڕاستی ئەو مانگە دەزگاكەیان بە هاوبەشی و هاوكاری هەریەك لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر و لقی هەولێری سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان مەراسیمێكی رێزلێنان بۆ "پیاوە ریش سپییەكە- هونەرمەند و پێشمەرگە غازی غەفوور سازدەكا.
هەر لەو راپۆرتەدا هاتووە ئەم مەراسیمی رێزلێنانە بەشێوەیەكی جەماوەری سازدەكرێ و تێیدا وێڕای نمایشكردنی فیلمێكی دیكۆمێنتی لەسەر ژیان و بەرهەمەكانی و بڵاوكردنەوەی كتێبێك لەبارەی ژیان و هەڵوێستەكانی و میدالیای زێڕی وەزارەتی رۆشنبیریشی پێ دەبەخشرێ و دیاری و خەڵاتی تایبەتی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان و دەزگای كەڤاڵی پێ دەبەخشرێ.
لەكۆتا بەشی راپۆرتەكەی دەزگای كەڤاڵدا هاتووە سازكردنی ئەم مەراسیمەی رێزلێنان هەوڵێكی دیكەی دەزگای كەڤاڵە بۆ رێزلێنان لە توانا هونەرییەكانی هونەرمەندان و رۆشنبیران.