دلبەر جزیری:لە رێگای گۆرانییەوە دەتوانین زمانەكەی خۆمان بپـارێزین و زیاتری بناسێنین
* تاچەند لەو ستایلەی خۆتدا سەركەوتوویت؟
- هەموو ئەو گۆرانییانەی كە من گوتوومن بوونەتە هۆی پێشكەوتنم، بەڵام من هەست دەكەم بەو ستایلە نوێیەی كە هەڵمبژاردووە زیاتر سەركەوتوو بم و هونەرەكەی خۆم پێش بخەم، ئەم پێشكەوتن و سەركەوتنەی ستایلی خۆم بوو بە هۆی ئەوەی كە دوایین گۆرانیم هەر بە خۆم تێكست و میلۆدییەكەی دابنێم، پەنا بە خوا لە كاتێكی نزیكدا دەست دەكەم بە تۆمار كردنی ئەو گۆرانییە بە كلیپ لە وڵاتێكی ئەوروپی و جەماوەریش بە بینینی شاد دەبن.
*لەگەڵ ئەوەی ستایلی خۆت تایبەتە و تا راددەیەكیش لە رۆژئاوایی نزیكترە، بەڵام بیرت لە وتنەوەی گۆرانیی فۆلكلۆری نەكردووەتەوە؟
- بێگومان بیرم لەوە كردووەتەوە كە گۆرانیی فۆلكلۆری بڵێم، چونكە بۆ ئێمە زۆر پێویستە، بەڵام لە ئێستادا من دەمەوێت خۆم تێكست و میلۆدی هەندێك لە گۆرانییەكانی خۆم دانێم ئینجا بیر لە هەنگاوی دیكە دەكەینەوە و كاری بۆ دەكەین.
*ئایا ئێمە تا چەند پێویستیمان بە موزیكی راپ و جاز هەیە؟
- ئەم جۆرە موزیكانەش زۆر پێویستن، چونكە زۆر لە گەنجانمان حەز لەو جۆرە موزیكە دەكەن، من خۆم یەكێكم لەو كەسانەی كە زۆر حەز دەكەم گوێی لێبگرم.
* وەك كچێك كاتێك دەستت بە گۆرانی وتن كرد بەو ستایلە تایبەتە چ رێگرییەكت هاتە پێش؟
-سەرەتا كە دەستم بە كاری هونەری و موزیك كرد، هیچ كەسێك پشتگیری لێنەكردم یان پشتیوانم بێت، دواتر مستەفای برام بە هەموو شێوەیەك پشتگیری كردم و هاوكارم بوو، بۆ ئەوەی لە كاری هونەری بەردەوام بم، بۆیە لە رێگای گۆڤاری گوڵانەوە زۆر سوپاسی دەكەم كە بووە هۆی ئەوەی من بگەمە ئەو ئاستەی ئێستام.
* لە رووی ئەكادیمییەوە چیت لە بواری هونەر خوێندووە؟
-نەخێر لە هیچ پەیمانگا یان كۆلێژێكی هونەری لەبواری گۆرانی و موزیك نەمخوێندووە، دەنگ خۆشی تەنیا بەهرەیەكە خوای گەورە پێی بەخشیوم،منیش بەم بەهرەیە دەستم داوەتە كاری هونەرییەوە.
* بە چەند زمانی دیكەی بیانی جگە لە زمانی كوردی گۆرانیت گوتووە؟
- بە كوردی كە زمانی دایكە گۆرانیم گوتووە، هەروەها جگە لە كوردی بە زمانەكانی دیكەی وەك ئەڵمانی، توركی، عەرەبی گۆرانیم گوتووە، گۆرانی داهاتووشم بە زمانی ئینگلیزییە كە كارەكانی تەواو بووە لە كاتێكی زۆر نزیكدا وەك كلیپ بڵاوی دەكەمەوە.
* زۆر لە هونەرمەندان بە زمانی بیانی گۆرانی دەڵێن جگە لەزمانی كوردی، پێتوایە ئەم كارە كاریگەریی چۆن دەبێت لەسەر هونەری كوردی بە ئەرێنی یان نەرێنی؟
- بە رای من كارێكی خراپ نییە كە بە زمانی میللەتانی دیكە گۆرانی بڵێیت، چونكە من بە كوردی گۆرانی دەڵێم كە زمانی دایكە و بۆ هەموو هونەرمەندانی كوردیش بە هەمان شێوەیە، بەڵام ئەمە دەمێنێتەوە سەر ئەوەی من چەند حەز دەكەم بە زمانەكانی دیكە گۆرانی بڵێم، وەك ئەلبانی، ئەڵمانی، توركی بۆ ئەوەی كچێكی تورك فێری گۆرانیی كوردی بێت یان تەنانەت هەوڵیداوە خۆی فێرە زمانەكەش بكات ئەویش لە رێگای ئەو گۆرانییەوە، من زۆر خۆشحاڵم كە كچێكی تورك گوێ لە گۆرانییەكانی من بگرێت و لە رێگای گۆرانییەكەی منەوە خۆی فێرە زمانی منیش كرد و ناچارە زانیاری دەربارەی هونەر و كلتووری نەتەوەی كوردیش بزانێت، چونكە كە حەزت لە هونەری میللەتێك كرد حەز لە كلتوورەكەشی دەكەیت و دەتەوێت زیاتر بەو میللەتە ئاشنابیت.
* بەدەر لەو ستایلەی پێی ناسراویت دەتوانیت بە شێواز و ستایلی دیكەش گۆرانی بڵێیت؟
- بێگومان دەتوانم بە هەر ستایلێكی كوردی گۆرانی بڵێم، تەنانەت دەتوانم گۆرانیی فۆلكلۆریش بڵێم، بۆ من وەك دلبەر جزیری ستایلەكان جیاوازییان نییە و زۆر پێویستە هونەرمەند بتوانێت بە هەموو ستایلەكان گۆرانی بڵێت.
* تا ئێستا گۆرانیی فۆلكلۆریت گوتووە؟
-نەخێر تا ئێستا هیچ گۆرانییەكی فۆلكلۆرم نەگوتووە، بەڵام ئەگەر گۆرانیی فۆلكلۆریشم گوت یان بە كلیپ تۆمارم كرد ئەو كاتە ئەو گۆرانییە بەو شێوەیە دەڵێم كە من حەزم لێیەتی واتە بەپێی حەز و ئارەزووی خۆم گۆرانییەكە هەڵدەبژێرم و پێشكەشی جەماوەری خۆمی دەكەم.
* زۆر جار گوێمان لەوە دەبێت كە بەشێك لەو ئافرەتانەی ئێستا لە بواری موزیك و گۆرانیی كوردیدا بوونیان هەیە توانا هونەرییەكانیان دیاریكراوە و زیاتر پشت بە خۆ نمایش كردن دەبەستن لەوەی پشت بە توانا و دەنگی خۆیان ببەستن، رای تۆ بەرامبەر بەم قسەیە چییە ؟
- من ناتوانم و مافی ئەوەم نییە لەسەر هیچ هونەرمەندێك قسە بكەم یان بەرگری لێبكەم، بەڵام دەتوانم تەنیا باسی خۆم بكەم، من خۆم لە ئاستێكی بەرزی هونەریدا نابینم، چونكە من بەو هونەرەی پێشكەشی دەكەم خزمەت بە میللەتی كورد دەكەم لە هەر شوێنێك بێت و كاتێك كە دەبینم میللەتەكەم لە خۆشی و شادیدا ژیان بەسەر دەبات و رازییە لە كارە هونەرییەكانی من ئەمە زیاتر دڵخۆشم دەكات و هەست دەكەم خزمەتێكم پیشكەش كردووە، من خۆم نە لە كەس بەرزتر دەبینم و نە خۆشم لە كەسیش نزمتریش دەبینم، ئێمە هەموومان مرۆڤین و هیچ جیاوازییەكمان نییە، من رێزێكی بێ پایانم بۆ میللەتی كورد هەیە، حەز ناكەم شتێك بكەم هەستی میللەتەكەم بریندار بێت.
* لە خانەوادەكەی ئێوە تەنیا تۆ هونەرمەندیت یان هونەرمەندی دیكەشتان لێ هەڵكەوتووە؟
- جگە لە من لە خانەوادەكەی خۆماندا مستەفای براشم كاری هونەری ئەنجام دەدات و هەر ئەویش بوو پشتگیری كردم و هانیدام بۆ بەردەوام بوون و منی فێرە كارە سەرەتاییەكانی گۆرانیی گوتن كرد.
* لە تێكستدا پشت بە چی دەبەستیت؟ كێ زیاتر تێكستت بۆ دەنووسێت؟
-تا ئێستا من گۆرانییەكانی خۆم نەنووسیوەتەوە ئەوەی گوتوومە كەسانێك پێشكەشیان كردووم، تەنیا گۆرانیی داهاتووم نەبێت.
* شاری هەولێرت چۆن بینی؟
-هەولێری پایتەختی كوردستان رۆژ بە رۆژ جوانتر و پێشكەوتووتردەبێت، من زۆر حەز دەكەم لە شاری هەولێر بم، هەمیشە خۆشحاڵ دەبم كە دێمە ئەم شارە .