یاسین قادر بەرزنجی دوور لە هونەر....:لە كتێبخانەی گشتیدا بوومە خوێنەرێكی جددی و ســەدان نـووسەر و رووناكبیر و خەمخۆرم ناسیوە
*ئەو قسەیە چییە كە زۆر حەزت لێیەتی بیڵێیتەوە؟-دنیایەكی سەیرە گوڵم! كەناونیشانی شیعرێكی شامیلۆیە.
*ئەو قسەیەی كە كەیفت پێی نایەت؟
-ستایش لە خۆكردن.
*ئەو شتە چییە كە زۆر تووڕەت دەكات؟
-ناهەقی و درۆكردن.
*زیاتر حەزت لەكام گۆرانی و گۆرانیبێژە؟
-زۆرن، بەپێی ساتەكانی ژیان و سرووتەكانی گوزەران دەگۆڕدرێن، بەڵام هەمیشە حەز بە عەلی مەردان و خالقی و عەدنان كەریم و ئوم كەلسوم و ئەساڵە و كازم ساهیر و شەجەریان دەكەم.
*ئەو كاتانەی تەنیایت كام گۆرانی لەبەر خۆتەوە دەڵییتەوە؟
-كزەی جەرگانم ماڵی وێرانم، قاپیم لێوەكە ئەمشەو میوانم.
*ناخۆشترین دەنگ لەلای تۆ دەنگی چییە؟
-ئەوانەی دەنگیان دەگۆڕن، یان بابڵێم لە ئاخافتندا (تصنع) دەكەن.
*ئەی خۆشترین دەنگ چییە؟
-ئەوانەی لە دیتن بێ یان لە تەلەفۆندا بە پەرۆشەوە لە تەندروستیت دەپرسن.
*حەزت لە كام وەرزشە؟
-مەلەوانی، جارانیش باسكە.
*زیاتر حەزت لەكام شارە؟
-بێگومان سلێمانی.
*ئارەزووت لەكوێیە لێی بژیت؟
-هەر سلێمانی.
*پەشیمانی زۆرت بۆ چی بووە؟
-لەدەستدانی هەندێك دەرفەتی زێڕین، هاوڕێیەتی كەسانێك كە هی ئەوە نەبوون قومە ئاوێكیان لەگەڵدا بخۆیتەوە.
*ئەی بەرامبەر خۆت؟
-لەهەر هەڵەیەكی ژیانی رۆژانە، كە لەو بڕوایەدام كەس نییە هەڵەی نەبێت، بەتایبەت ئەوانەی كار دەكەن.
*چ دیوانە شیعرێك زۆر لەلات نازدارە؟
-دیوانەكانی نالی و مەحوی و گۆران.
*كاریزمای چ كەسێكی كۆچ كردوو لەسەرت هەیە؟
-باپیرم(مەلا مستەفای سەفوەت)ی زاناو ئەدیبی نەمر.
*چی دەتگریەنێت؟
-مەرگی ئازیزان، ئازارو گریانی خۆشەویستان، هەندێ شیعرو گۆرانیی بەسۆز.
*چی وات لێدەكات پێبكەنیت؟
-قسەی زۆرخۆش، هەندێ كرداری لەدایكبووی ساتی خۆیان.
*تۆ لە منداڵیدا حەزت دەكرد چ كارە بیت، واتە كە گەورە بوویت چ كارێك بكەیت؟
-لە دیتنی فلیمەكانەوە پارێزەری، یاخود ئەكتەری.
*زیاتر حەزت لە كام خواردنە؟
-هەر خواردنێك زوو ئامادەبێت و خاوێن و بەتام بێت و مەزاجی رۆژانەش رۆڵی هەیە.
*تا ئێستا چی تۆی هێناوەتە جۆش؟
-سەركەوتنی گەلەكەم، دەسكەوتە نەتەوەییەكان، ئاوەدانی و جوانبوونی شارو وڵات، لەسەر ئاستی شەخسیش بەئاكام گەیشتنی بەرهەمە هونەرییەكانم و چاپكردنی كتێبەكانم.
*ڕقت لە كام تایبەتمەندیی خۆتە؟
-دڵسافی لە رادەبەدەرو هاوكاریی دەیان جارەی كەسانی بێ ئەمەك.
*ئەی كام تایبەتمەندیی خۆتت پێ باشە؟
-سادەیی و خاكەڕایی و رێزگرتن لە خەڵكی بە منداڵی بچووكیشەوە.
* ئارەزووەكانت چین؟
-گوێگرتن لەئاوازو موزیك، دیتنی سروشتی جوان و تەماشای هونەری لاوە بەهرەمەندەكان.
*لەچی خۆت پەشیمانیت؟
-تووڕەبوون و هەڵچوونی هەندێك جار، كە بەزوویی پەشیمان دەبمەوە.
*ئەی ئەو وشانەی دڵگیرن لەلات؟
-بانگ كردنی هەندێ كچ و ژن بە وشەی(دایە) كە شایەنی ئەو وشەیە بن، لەگەڵ داوای (لێبوردن) كە بەبڕوای من زۆر كەس لایان شەرمە داوای لێبوردن لە هەڵەو بێ مەوعیدی و شتی دیكە بكەن.
*لە چی دەترسیت؟
-وەك خۆم، پێشكەشكردنی بەرهەمی كاڵ وكرچ لە هونەرو نووسیندا، وەك نەتەوەكەشم لە هەر پێشهاتێك زیان بە ئایندەی گەلەكەمان بگەیەێنێت.
*خۆشترین جێگا بۆ تۆ كوێیە؟
-نێو كتێبخانەو شانۆ و باخی گشتی و ماڵەكەی خۆم.
*بەرامبەر ژیانی وەزیفیت لەخۆت رازیت؟
-بەڵێ، چونكە بەشایەتیی یارو نەیار بە باشی و بەپێی توانای خۆم خزمەتی فەرمانگاكەمم كردووە.
*ئەی لە بەرامبەردا فەرمانگەكەت و كەسانی دەوروبەر بەرامبەر تۆ چۆن بوون؟
-زۆرباش بوون، لە كتێبخانەی گشتیدا بوومە خوێنەرێكی جددیی و نووسەرو بەهۆیەوە سەدان كەسانی روناكبیرو خەمخۆرم ناسیوە، كەسانی راستگۆش بەهۆی كتێبخانەوە خۆشیان ویستووم و رێزیان لێگرتووم.
*ئەو كەسانەی كە حەز دەكەیت هەمیشە لەگەڵت بن و لەگەڵیان بیت كێن؟
-ئەندامانی خێزانەكەم و خوشك و براكانم و خاڵ و كەسە نزیكەكانم و هاوڕێ دێرین و نوێیەكانم كە یەكجار شیرینن لە دڵمدا.
*حیكمەتێك كە هەمیشە لەیادت بێ؟
-فەرموودەیەكی پێغەمبەر (د.خ) كە دەڵێت «خۆت لە خراپەی ئەو كەسە بپارێزە كە چاكەت لەگەڵ كردوە».
*ئەو پرسیارەی كە تۆ دەتویست لێت بپرسن و تا ئێستا لێت نەكراوە چییە؟
-كەی لە هونەرو نووسین واز دەهێنیت؟ تامنیش بڵێم: كە مردم، یان كەپێم نەما..