ئەكتەرە سەرەكییەكەی بەهمەن قوبادی لە فیستیڤاڵی تسالۆنیكی بەشداری ناكات

ئەكتەرە سەرەكییەكەی بەهمەن قوبادی لە فیستیڤاڵی تسالۆنیكی بەشداری ناكات
"بێهرووز وسووقی" ئەكتەری سەرەكی فیلمی "وەرزی كەركەدەن" لە دەرهێنانی بەهمەن قوبادی بە هۆی ڕووداوێكی هاتووچۆوە لە شاری سانفرانسیسكۆی ئەمەریكا بەشداری لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "تسالۆنیكی" یۆنان ناكات.
ئەكتەری ناوداری سینەمای ئێران "بێهرووز وسووقی" و ئەكتەری سەرەكی فیلمی سینەمایی "وەرزی كەركەدەن" Rhino Season لە دەرهێنانی سینەماكاری ناوداری كورد بەهمەن قوبادی بە هۆی ڕووداوێكی هاتووچۆوە لە شاری سانفرانسیسكۆ لە وڵاتی ئەمەریكا بەشداری لە ڕێوڕەسمی وەرگرتنی خەڵاتی تەمەنێك چالاكی هونەری لە 53مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "تسالۆنیكی" لە وڵاتی یۆنان ناكات.
بێهرووز وسووقی دوێنێ بۆ سەردانی وڵاتی یۆنان و وەرگرتنی خەڵاتی تەمەنێك چالاكی هونەری بۆ رۆڵ بینین لە فیلمی سینەمایی "وەرزی كەركەدەن" لە 53مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی تسالۆنیكی بەرەو فرۆكەخانەی شاری سانفرانسیسكۆ لە وڵاتی ئەمەریكا بەڕێكەوت، بەڵام لە رێگای فرۆكەخانە تووشی ڕووداوی هاتووچۆ هات.
ئەم ئەكتەرە ناودارەی سینەمای ئێران لە پشت چرای سووری شەقامێكی شاری سانفرانسیسكۆ سەری لە گێژەوەدێت و دوای سەوزبوونی چراكە، ترۆمبیلێكی گەورە بە خێرایی لە پشتەوە خۆ بە سەیارەكەی ئەودا دەدات كە ترۆمبیلەكەی وسووقی كۆدەبێتەوە و ئەم ئەكتەرەی فیلمی سینەمایی "وەرزی كەركەدەن" بە توندی بریندار دەبێت و بە خێرایی دەگەیەندرێتەوە نەخۆشخانەیەكی شاری سانفرانسیسكۆ.
بڕیاروابوو بێهرووز وسووقی دوای سەردانی وڵاتی یۆنان بەرەو شاری ئەستەنبووڵی توركیا بەڕێبكەوێت تاكوو لە ڕێوڕەسمی فەڕشی سووری نمایش كردنی فیلمی سینەمایی "وەرزی كەركەدەن" بەشداری بكات كە لە سەرەتای مانگی نۆڤەمبەری 2012 بەڕێوەدەچێت. كە بە پێی ئەم ڕووداوە، بەرنامەی ڕێوڕەسمی فەڕشی سووری فیلمی سینەمایی "وەرزی كەركەدەن" لە دەرهێنانی بەهمەن قوبادی بۆ كاتێكی دیكە دواخرا.
بە پێی زانیاری كەسووكاری وسووقی، باروودۆخی ئەم ئەكتەرە زۆر باش نییە و یەكێك لە شانەكانی تووشی سەدمەی توندبووە و بە پێی فشار خوێنی سەرێ و تەمەنی زۆری ئەم ئەكتەرە بەناوبانگ و بەئەزموونەی سینەمای ئێران، دكتۆرەكان نیگەرانی رەوشی گشتیی ئەون. وسووقی ئێستاكە لە نەخۆشخانەیەكی شاری سەنفرانسیسكۆ بەسەردەبات و لە ژێرچاودێری دكتۆرەكاندایە.
جێگای داخ و كەسەری ئەم كارەساتە نالەبارە بێجگە لە سڵامەتی جەستەیی ئەم ئەكتەر پێشەنگەی سینەمای ئێران، شایەد ئەوەیە كە دوای 33 ساڵ گەڕانەوە بۆ سەر پەردەی سینەماكان، لە رۆژێكدا كە بڕیاروابوو لە لایەن 53مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "تسالۆنیكی" یۆنان بە هۆی تەمەنێك چالاكی هونەری و ئەو زەحمەتە زۆرانەی كە بۆ سینەما كێشاوییەتی رێزی لێبگیرێت كە ئەو پێكانی ترۆمبیلە ڕوویدا تاكوو، وسووقی لە وەرگرتنی خەڵاتەكەی لەم فیستیڤاڵە گرینگەی هونەری سینەما دوابكەوێت.
هەواڵی زیاتر سەبارەت بە باروودۆخی جەستەیی و دەروونی بێهرووز وسووقی لە داهاتوودا بڵاودەبێتەوە كە ئەم رۆژانە ڕوخسارە ناسراوەكەی لە فیلمی سینەمایی "وەرزی كەرگەدەن"دا لە تەنیشت "مۆنیكا بێلوچی"، "بێران سات"، "یەڵماز ئوردووگان"، "بئێلجیم بێلگین" و "ئاڕش لەباف" لە فیستیڤاڵە جیهانییەكاندا دەبیندرێت.
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "تسالۆنیكی" كە یەكێك لە گرینگترین ڕووداوە سینەماییەكانی ئەورووپا دێتەئەژمار، بە ئامادەبوونی بەهمەن قوبادی لە رۆژانی 2 تا 11 نۆڤەمبەری 2012 لە وڵاتی یۆنان بەڕێوەدەچێت.
فیلمی سینەمایی "وەرزی كەركەدەن" دوای بەشداری لە بەشی تایبەتی سی و حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "تۆرێنتۆ" و بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین وێنەگرتنی 60مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سان سباستییەنی ئیسپانی، لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا بە ئامادەبوونی بەهمەن قوبادی لە رۆژانی 6، 7 و 12ی تەشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبری 2012 لەگەڵ 7 فیلمی سینەمایی دیكە لە بەشی "گاڵا"ی 17مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی پووسان نمایشكرا.
ئەم فیستیڤاڵە بە نمایشی 304 فیلم لە سینەماكارانی 75 وڵاتی جیهان لە چەندین بەشی جۆراوجۆر، لەوانە: بەشی "پێشبڕكێی سەرەكی"، بەشی پێشبڕكێی "رەوتی نوێ"، "دەلاقەیەك بەرەو سینەمای ئاسیا"، "دیاری فیستیڤاڵ"، بەشی "فلەش فۆروارد"، "سینەمای ئەمڕۆی كۆریا" و چەندین بەشی دیكە لە رۆژانی 4 تا 13ی تەشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبری 2012 لە شاری پووسان لە كۆریای باشوور بەڕێوەچوو.
Top