سەروەت و سامانی راغب عەلامە خەیاڵییە

سەروەت و سامانی راغب عەلامە خەیاڵییە
رۆژنامەی (دیار)ی لوبنانی رایگەیاند كەوا سەروەت و سامانی هونەرمەندی لوبنانی راغب عەلامە دەگاتە زیاتر لە 450 ملیۆن دۆلار و لەوانە 200 ملیۆنی لە بانكەكانی فەرەنسایە، ئەمەش بووە هۆی توڕە بوونی راغب و ناچار بوو وەڵامی بداتەوە.
راغب عەلامە لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تویتەر رایگەیاند: ئەمە شتێكی سەیر و و زۆر لە خەیاڵەوە نزیكە، رۆژنامەیەكی لوبنانی هەموو كێشە و گرفتەكانی دونیا پشتگوێ بخات و خۆی بە دروستكردنی شتی بێ بنەما و دوور لە راستی لەسەر سەروەت و سامانی منەوە سەرقاڵ بكات، رۆژێك دەڵێت 90 ملیۆن دۆلارە و رۆژێكی تر دەڵێ 400 ملیۆنە.
راغب لە درێژەی قسەكانیدا زیاتر گوتی: خەون و پێشبینییەكانی سەرنووسەری ئەو گۆڤارە گەیشتە ئەو رادەیەی بڵێ كە ملیاردێرێكی وەك سەعد حەریری 250 ملیۆن دۆلاری بە قەرز لە من وەرگرتووە لە كاتێكدا هەموومان دەزانین سەعد حەریری كێیە و لەسەر ئاستی جیهان خاوەن كەسایەتییەكی بەناوبانگە پێدەچێت ئەم ساڵ درۆی نیسان هەر لە ئێستاوە دەستی پێكردبێت، من نازانم ئامانجیان لەم پروپاگەندانە چییە؟ نازانم بۆچی منیان كردۆتە ئامانج و بەم شێوەیە باس لە سەروەتی من دەكەن لەكاتێكدا هەموو خەڵك من باش دەناسن.
Top