عەدنان كەریم: كاری هونەرمەند گەڕانە بەدوای داهێنان
خەونێك بوو هاتەدی
عەدنان كەریمی هونەرمەند ئەلبوومی (بادەی گوڵرەنگ) بە خەونێكی دێرینی خۆی وەسف كرد كە دەمێكە ویستویەتی كارێكی لەم شێوەیە ئەنجام بدات كە لە حەوت مەقام و بەستەیەك پێكهاتووە و وەك زۆر لە بەرهەمەكانی پێشووی زۆربەی شیعرەكانی كلاسیكن هەروەها روونی كردەوە ئەم كارە هەوڵێك بوو وەك هەوڵە بەردەوامەكانی، چونكە وەك خۆی ئاماژەی پێكرد كەسێكە ئێستاش دەیەوێ زیاتر فێر بێت و بەم مەقامانە هەندێك لە مەقام فێر بووە،ئەویش لە رێگای هونەرمەندێكی گەورەی وەك مامۆستا عەلی مەردان، هەروەها ئەوەشی خستە روو كە بەرهەمی (بادەی گوڵرەنگ)ی لەسەر ئەركی خۆی چاپ و بڵاوكراوەتەوە.
هونەرمەند عەدنان كەریم دەربارەی مامۆستا عەلی مەردان زیاتر وتی: هونەرمەند عەلی مەردان یەكەم مامۆستام بووە كە من توانیومە لەوەوە فێری مەقام بم،ئەویش بە هەوڵ و گوێگرتنێكی زۆر، سوپاسی خوا دەكەم كە ئەو سەرچاوە گەورەیە بۆ كورد ماوەتەوە، هونەرمەندێكی گەورەی وەكو عەلی مەردان سەرچاوەیەكی بۆ ئێمە جێهێشتووە كە ئێمە تاكو ماوین دروودی بۆ بنێرین و دڵخۆش بین بەوەی كە گەورەترین پایەی هونەری كوردی ئێمە بە بەردەوام زانستی لێ هەڵدەهێنجین.
هەموو ئەلبوومەكانم تایبەتمەندێتی خۆیان هەیە
سەبارەت بە ستایل و داهێنان و گۆڕانكاریی نوێ لە ستایلە هونەرییەكان، هونەرمەند عەدنان كەریم دەڵێت: كاری هونەرمەند گەڕانە بەدوای داهێنان و دەبێ هەمیشە هەوڵی ئەوە بدات ئەو كارەی ئەنجامی دەدات دووبارە نەبێتەوە، من تا ئێستا چەندین كارم ئەنجامداوە و جەماوەر ئەوە دەزانێت كە كارەكانم گۆڕانكاری بەسەردا دێت، سێ ئەلبوومم لەگەڵ كامكاران پێشكەش كردووە هەر ئەلبوومێكیان تایبەتمەندێتی خۆی هەبووە، بە هەمان شێوە كارەكانی دیكەم وەكو (شنەی با و ئەڕۆی ئۆغر) و بەرهەمەكانی دیكەش توانیویانە شوێنی خۆیان بگرن لەنێو هونەری كوردی و ئێستاش من هەر باسی ئەوە دەكەم كە دەبێ بگەڕێینەوە بۆ سەرچاوەكانی هونەری كوردی، مەبەستی سەرەكیم ئەوەیە ئەگەر بێتو زۆر بە وردی سەیری هونەری دەورووبەر و وڵاتانی دراوسێمان بكەن،دەڵێن هونەری عەرەبی یان فارسی یان توركی، بەڵام لەنێو ئەم هونەرانە هونەرێكی تایبەت كە پێناسە و شوناسێكی تایبەتیی خۆی هەیە ئەویش هونەری كوردییە، ئەو كات دۆزینەوەی رەسەنایەتی ئەم هونەرە هەمیشە گەڕانەوەیە بۆ سەرچاوەكان، بەڵام ئایا ئەم سەرچاوانە كێن؟ وەكو ئاماژەم پێكرد، مامۆستا عەلی مەردان یەكێكە لەو سەرچاوە گەورانە كە ئێمە هەتا ئێستا دەتوانین پشتی پێ ببەستین و لەژێر سایەی هونەرەكەی ئەودا رۆژ دوای رۆژ خۆمان تازە كەینەوە، چەندانی دیكەشمان هەیە بە هەمان شێوە وەك حەسەن زیرەك، محەمەد عارف جزیری، تاهیر تۆفیق، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەم هونەرمەندانە دەتوانین هونەرێك پێشكەش بكەین كە شوناسێكی تایبەتی خۆی هەیە.
پێویستە لە رێگای هونەر و كلتوورەوە شوناسی خۆمان بناسین
عەدنان كەریم باسی لەو شەپۆڵە نوێیە كرد كە ئێستا لەنێو هونەری كوردیدا بوونی هەیە و بە ویستی جەماوەر و هەموو دونیای شوبهاند و وتی: جگە لەوەی باسم كرد ئێستا شەپۆلێكی دیكە هەیە لە نێو هونەری كوردیدا كە لەوانەیە شەپۆلێكی هاوچەرخ و تازە بێت، ئێمە ناتوانین ئینكاری لە هیچ شەپۆلێك بكەین كە دێتە نێو هونەری كوردییەوە، چونكە ئەمە ویستی من و تۆ نییە بەڵكو ویستی هەموو دونیایە، بۆ نموونە ئەگەر سەیری هونەری عەرەبی بكەین چەند هونەرمەندێكی هاوشێوەی فەیروز شوێنیان دیارە، بەڵام بە سەدان هونەرمەندی دیكە پەیدا بوون كە بە هەناسەیەكی دیكە كار دەكەن، بەڵام بڕوا ناكەم فەیروز یان عەبدولحەلیم حافزێكی دیكە دروست بێتەوە، دەتوانم بڵێم ئەمانە هەمووی لەگەڵ ئەو پێشكەوتنەی ئێستا بەدی دەكرێت، بەڵام ئەوەی بەلای منەوە گرنگە ئەوەیە كی ئێمە لە ناوچەكەدا خەون بە وڵات بوونەوە دەبینین و بە فیدرالییەكەش رازین ئەگەر بماندەنێ كەچی ئیعتیرافیشی پێ ناكەن، كە میللەتێك بارودۆخی ئەمە بێت پێویستە بیر لەوە بكەینەوە لە رێگای كەلتوور و هونەرەكەیەوە شوناسی خۆی بدۆزێتەوە، پێویست ناكات ئێمە لەژێر سایەی هونەری نەتەوەیەكی دیكە خۆمان حەشار بدەین واتە میللەتی كورد دەبێ خۆی بێت، بۆیە دەبێ سیاسەتمەدارەكان، مێژوونووسان، ئەدیبان، هونەرمەندانی كورد هەوڵ بدەن خۆیان بن و كەسی دیكە نەبن، من ناڵێم كاریگەریی نەتەوەكانی دیكەی بەسەرەوە نەبێت. ئەگەر سەیری كلتووری توركی بكەین دەبینین چۆتە نێو هونەری عەرەبی و كوردی ئەمەش بەبێ پلان نەبووە، بۆیە پێویستە حكومەتی ئێمە پلان دابنێت بۆ گەشەسەندنی و پێشخستن و هونەر و هونەرمەندان بەرەو هەنگاوێك ببات كە شوناسی خۆیان بزانن.
حەز دەكەم هەمیشە گوێ لە حەیران بگرم
ئەم ئەلبوومە نوێیەی هونەرمەند تایبەتە بە مەقامات بۆیە دەربارەی مەقام بە گشتی وتی: هەموو مەقامێك چەندین لقی لێ دەبێتەوە بۆ نموونە حیجاز چەندین ناوی بەدواوە دێـت، ئەوەی بەلای منەوە گرنگە ئەو فۆرم و شێوە زانستییەی مەقامە كە بە نۆتە دەنووسرێتەوە، لقەكانی دیكە من هەست دەكەم ئەمە هەستی تاكەكان و ناوچەكانە ئەم ناوچانە خۆیان ناویان لێناوە، واتە ئەو هەستانەی دەریانبڕیوە ناویان لێناوە، بۆ نموونە من كە حیجاز بڵێم لەوانەیە زۆربەی زۆری گۆشەكانی تێدا بێت، بەڵام دەمەوێت بەو پەیژە مەقامییەی كە وتراوە لەناو حیجاز ئەوە پێشكەش بكەم، من نایەم وردەكارییەكانی هەموو باس بكەم بۆ ئەوەی سەر لە كەس تێك نەدەم ئەمە كار و هەنگاوی منە، بەڵام ئەگەر یەكە یەكەی بەشەكانی وردی بكەینەوە وردەكاری زۆری دەچێتە سەر وای لێدێت كە سەر لە گوێگر دەشێوێنێت، بەڵام زۆر گرنگە هونەرمەند یان گۆرانیبێژان ئەمانە بناسن و بزانن كامەیان سەبا و چوارگا و پێنج گا و حیجازە، لەبارەی خورشیدییەوە دیارە خورشیدی و ئەڵاوەیسی و ئای ئای ئەمانە زیاتر بە زاراوەی هەورامی دەخوێندرێن، بڵێین و نەڵێین رەوتی ئەدەبی كوردی پێش نالی و سالم زیاتر شیعرەكان بە شێوەزمانی هەورامی نووسراون و ئەو زمانە هەورامییەش دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی زەردەشت، ئەو هاوار و نزایانە كە موغەكان لە خوایان كردووە بەگەنجان ناوبراوە، دوعا و نزاكان بەشێك بوون لە مەقام كە دەماودەم ماوەتەوە و ئەوەی لە مامۆستا عەلی مەردان ماوەتەوە و لە ئێران پێی دەڵێن چوار گا جیاوازییەكەی زۆرە لە دەربڕین، بەڵام هەمان نۆتەیە، كەواتە ئێمە سەرچاوەكەیمان هەبێت ئەویش ناوچەی گەرمیان و عەلی مەردان بێت بۆچی پەنابە سەرچاوە رەسەنەكەی نەبەین، سەبارەت بە ناوەكەشی خورشیدی لە خۆرەوە هاتووە فارسیش ئەم ناوەیان هاتووە ئیتر چۆن هاتووە.
عەدنان كەریم سەبارەت بە خوێندنی حەیران وتی: رەنگە نەوێرم حەیران بڵێم، چونكە حەیران ئەوەندە خۆش و تایبەتە كە حەز دەكەم هەمیشە گوێم لێی بێت، بەڵام ئەگەری بیڵێم لەوانەیە نەتوانم تێیدا سەركەوتوو بووم، رەنگە بە تەنیا بۆخۆم بیڵێم.