كەمال محەمەدی هونەرمەند :ئەگەر هونەر دەریایەك بێت،خۆشحاڵم من دڵۆپێك بم لەو دەریایە
* هۆی چییە تا ئێستاش گۆرانییە كۆنەكانت لە هزری خەڵكدا بە زیندوویی ماونەتەوە؟
- بێگومان ئێمە لە رابردوودا هەموو هەوڵەكانمان بۆ خزمەتی هونەری كوردی بووە، بۆمەبەستی تایبەتی و مادە نەبووە هەر لەبەر ئەو هۆیەش دەكرێت بڵێین كارەكانمان زیندوویەتیی خۆیان لەدەست نەداوە ئێستاش هەمان بۆچوونمان هەیە بۆ خزمەتی هونەری كوردی، ئومێدەوارم نەوەی داهاتووش ئەم بۆچوونەیان هەبێت.
*ئەگەر لەم بەرهەمە نوێیەتدا كارە هونەرە كۆنەكانتان نوێ كردبێتەوە كامە بەرهەمیانە و هۆكاری نوێ كردنەوەی بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟
- بۆ هەموو ئەلبوومێك هەوڵمداوە بەشێواز و تەكنێكی نوێ چەند كارێك نوێ بكەمەوە بۆیە بۆ ئەم بەرهەمە نوێیەشم سێ گۆرانی كۆنی منی تێدایە كە بریتین لە( ئازیز ئەمشەو گوڵی رەعنا، لەیلا وەرە لام، كە ئێواران گەڵای زەردی باخی نیگام هەڵئەوەرێ)یە، دیارە مەبەستی خۆم هەبووە لە نوێ كردنەوەی ئەو بەرهەمانە،جگە لەوەی هاوڕێی ئازیز عەتا ئەحمەدیش پێی باش بوو و زۆر جاریش هەوادارانی دەنگم ئەو خواستەیان هەبووە. شیعری ئەم بەرهەمانەش لەلایەن (ئیسماعیل خورماڵی و كاك سالار سەلمان ) ئامادەكراوە.
* بەرنامەی سازدانی كۆنسێرتت هەیە؟
-لەبەرنامەمدایە لەشارەكانی كوردستان كۆنسێرت بكەم،بەتایبەتیش لە شاری هەولێری خۆشەویست و كەركوكی ئازیز و كۆیە.
*مەرجی ئێوە بۆ سازكردنی كونسێرت چییە؟
- تاكە مەرجی من بۆ كونسێرت تەنیا بوار ڕەخساندنە بۆ بەشداری كردنی هەوادارانی دەنگم تەنانەت ئەگەر لەسەر شەقامیش بێت حەز دەكەم لە خزمەتیان بم.
*تۆ زۆرجاران سەردانی كەسانی كەم ئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت دەكەیت ئایا ئامادەیت كونسێرتی تایبەتیان بۆ بكەیت؟
- بەدڵنیاییەوە بۆ ئەو مەبەستەش زۆر جاران لەگەڵ هونەرمەندی هاوڕێم عەتا ئەحمەد سەردانی ئەو شوێنانەمان كردووە كە منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەت و بێ لانەی لێیە منداڵی بێنازن بە گیتارەكەمانەوە چووین و گۆرانیشمان بۆ چڕیون بۆ ساتێكیش بووبێت داواكارییەكانمان جێبەجێ كردوون، چونكە یەكێك لە ئاواتەكانی من خزمەتكردنی ئەو كەسانەیە.
*دوایین بەرهەم و كاری هونەریی ئێوە لە قۆناغی كۆتاییدایە، دەكرێت وردەكارییەكانی بۆ گوڵان بدركێنیت؟
- ئەم بەرهەمە بەناوی (تەمەن)ە لە 12 تراك پێكهاتووە زۆربەری ئاوازەكانی لەلایەن هونەرمەند عەتا ئەحمەدەوە ئامادە كراوە جگە لەوەی ئاوازی خۆمی تێدایە، بەشێوازو تەكنیكیی نوێ لەلایەن هونەرمەند كارزان كامیلەوە كاری موزیكی بۆكراوە كە هەمیشە خەمخۆری كارەكانمان بووە، دابەشكردنی موزیكیش ئەم دوو هونەرمەندە بەڕێزە ئەنجامیانداوە، بەم زووانەش تەواوی كارەكانی بە كۆتا دێت و بڵاو دەكرێتەوە، بەهیوام لەو ئاستەدا بێت كە جەماوەر چاوەڕوانی دەكەن.لێرەوە دەمەوێت داوای لێبوردن لە هەوادارانم بكەم كە بڵاوبوونەوەی دواكەوت.
* لە هەموو ئەلبومێكدا بەرهەمێكتان بۆ شەو چڕیوە، شەو لای ئێوە چ مانایەكی هەیە؟
- هەمیشە شەو ئارامی بە ئێمە دەبەخشێت و كارە هونەرییەكانی ئێمەش زۆربەیان لەشەودا لەدایك دەبن.شەو ئەو زەمەنەیە كە دەكرێت مرۆڤەكان بیر لە جوانییەكان بكەنەوە.
*زیاتر كارەكانی ئەم بەرهەمە لەلایەن كەمال محەمەد و عەتا ئەحمەد ئامادەكراوە، بۆچی هەوڵتان نەداوە سوود لەكەسانی دیكەش وەربگرن؟
- ئێمە لەگەڵ كەسانی دیكەیش زۆر كارمان كردووە، بەڵام ئەم جارە هەوڵماندا زیاتر لەسەر ئەو بەرهەمانە كار بكەین كە لەگەڵ ناخ و هزری ئێمە یەك دەگرێتەوە هەوڵمانداوە لەسەر ئێش و ئازارەكانی خەڵك كار بكەین، لەگەڵ هەستی خۆماندا یەك بگرێتەوە ئەگەر هونەر دەریایەك بێت من خۆشحاڵم دڵۆپێك بم لەو دەریایە.
* غوربەت چی پێ بەخشیوویت؟
- هەمیشە غوربەت تاڵی و شیرینی هەیە من بە جەستە لە كوردستان دوورم، بەڵام بە رۆح لە ناو نەتەوەكەمم.
* هەوڵەكانی حكومەتی هەرێم لە پێناو خزمەتی هونەری كوردی لە چ ئاستێكدا دەبینیت؟
- هەندێك جار شوێنی خۆی گرتووە و هەندێك جاریش گێرەشێوێنی پێوە دیار بووە، من ناتوانم رای یەكلاكەرەوە بدەم، پێمخۆشە كەسانی پسپۆرو شارەزا لەو رووەوە قسەی خۆیان هەبێت.
* ئەو ستایلەی ئێوە كاری لەسەر دەكەن بە ستایلی سلێمانی ناو دەبرێت تۆ بۆ ئەم پرسیارە چی دەڵێیت؟
-بە خۆشحاڵییەوە كارەكانی ئێمە سیمای سلێمانی پێوە دیارە من حەز دەكەم بەدەر لە سلێمانی كارەكانم بۆ خزمەتی هەر چوار پارچەی كوردستان بێت كە هەمیشە لە هەموو پارچەكانی كوردستانەوە دەست خۆشیمان لێدەكەن، من هەمیشە گوتومە ئێمە كوڕی كوردستانین و بێ كوردستان هیچ مانایەكمان نییە.
هەر لە سەرەتاوە خۆشەویستیمان بۆ نیشتمان بەسەر هونەرەكەمانەوە رەنگی داوەتەوە، هەروەك ئاگادارن ئێمە لەسەردەمی رژێم چەندین گۆرانی سیاسیمان چڕیوە و هەرگیز بێ بەش نەبووین لە ئازارەكانی نیشتمان هەردەم گۆرانیمان بۆ ئازارەكانی نیشتمان چڕیوە،هیوادارین لە پاڵ تفەنگی پێشمەرگەردا بە ئاواز و گۆرانی بەرامبەر دوژمن وەستابین.
* كلیپ رۆڵ و گرنگی خۆی هەیە، هەوڵتانداوە بۆ ئەم بەرهەمە چەند گۆرانییەك كلیپ بكەن؟
-لەگەڵ عەتا ئەحمەد یەكێك لە گۆرانییەكانی ئەم بەرهەمەمان كلیپ كردووە بەناوی (فرمێسك نەما لە چاوم لەئاهی تۆ نەیڕێژم) كاری وێنەگرتنی ئەم بەرهەمە لە لایەن بڕیار فەتاح و بەسپۆنسەری كۆمپانیای نالیا بەرهەم هێنراوە.
* عەتا ئەحمەد لای كەمال محەمەد چی دەگەیەنێت؟
دەتوانم بڵێم عەتا ئەحمەد پاڵپشتی تەواوی كارە هونەرییەكانمە و زۆر جاران پێكەوە لە خەڵوەتاین بۆ دروستكردنی بەرهەمێكی نوێ، هەمیشە رێز و خۆشەویستیم بۆی هەیە.
* لە كۆتاییدا چ بە خوینەرانی گوڵان دەڵێیت؟
- رێزو خۆشەویستم بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان هەیە و زۆر سوپاستان دەكەم كە هەمیشە لەگەڵ خەمی هونەرمەندان هاوبەشن، دەستی ماندووبوونتان دەگوشم.