مەی حەریری بۆ گوڵان:بەرنامەیەكی هاوشێوەی (THE VOICE)م دەوێ
* گوێبیستی ئەوە بووین كەوا دووچاری رووداوێك بوویت لەكاتی وێنەگرتنی گۆرانیی (بهواك) ئەمە تا چەند راستە؟
- راستە سوپاستان دەكەم من ئێستا تەندروستیم زۆر باشترە، خۆتان دەزانن پروپاگەندەی زۆر دەكرێت دەربارەی ئەو رووداوەی تووشی بووم، لەو پروپاگەندانەی كە زۆر بڵاوكرانەوە ئەوە بوو كە رووداوەكە بووە هۆی ئەوەی چەند پەڵەیەك لەسەر دەموچاوم پەیدا ببێت كە ئەمەش زۆر لە راستییەوە دوورە، راستییەكەش بەم شێوەیە بوو، لەكاتی وێنەگرتنی كلیپێك لە دیمەنێكدا وا پێویستی دەكرد من لە «جاكۆزی» دابم، ئەوە بوو كەوتمە خوارەوە و سەرم بەر لێواری «جاكۆزی» كەوت ئەوەش بووە هۆی بریندار بوونی لێو و قاچم، بەڵام دووبارەی دەكەمەوە تەندروستیم زۆر زۆر باشە.
* وێنەگرتنت تەواو كرد یان بێزار بوویت و وازت لێی هێنا؟
- بێگومان وێنەگرتنمان تەواو كرد و دوایین دانەشم بینی، بەڵام چاوەڕێی دەرفەتی گونجاو دەكەم بۆ ئەوەی نمایش بكرێت و جەماوەر بیبینێت، ئەگەری ئەوەش هەیە لە ماوەیەكی كەمدا، واتە بەر لە جەژن بڵاوی بكەمەوە.
* لە كلیپەكەتدا تەكنۆلۆژیای نوێی(3D)ت بەكار نەهێناوە؟
- پەنا بە خوا نوێترین تەكنۆلۆژیای تێدا بەكار دەهێنرێت، ئەوەش دووپات دەكەمەوە كە تەكنۆلۆژیای تێدا بەكارهاتووە بە كوالیتی زۆر بەرزەوە، بە سەرپەرشتیی دەرهێنەری گەورە فادی حەداد كە ئەمەش خۆی لە خۆیدا نیشانەیەكی دیكەیە بۆ سەركەوتنی كلیپەكە.
* بۆچی لە هەموو هونەرمەندان فوللەی جەزائیریت هەڵبژارد بۆ ئەم دیۆیە؟
- ئەمەیان بە ڕێكەوت بوو، لە ئاهەنگێكی خزمێكی خۆم چاوم پێی كەوت، لە نزیكەوە یەكترمان ناسی و رۆژی دواتر داوەتم كرد بۆ ماڵی خۆم بۆ نان خواردن، لەوێ گوێی لە گۆرانییەكە بوو و زۆریش بە دڵی بوو، بۆیە پیرۆزباییم لێیكرد و پێمگوت چەند وشەیەكی بۆ دانێ بە دەنگی خۆی، بەڵام لەبەر ئەوەی لەكاتی وێنەگرتن لە جەزائیر بوو نەیتوانی لە كلیپەكەدا بەشدار بێت، بە كورتی منیش زۆر خۆشحاڵ بووم بەوەی سوڵتانەی گۆرانی عەرەبی لەگەڵ من بەشداری بكات لە گۆرانییەكی خۆمدا.
* هەموو كەسێك دەتوانێت بێتە نێو بواری هونەرییەوە و زۆربەشیان چەكی مانەوەیان هەیە، پێتوایە ئەمە راست بێت؟
- دەروازەكانی هونەر لەبەردەم هەموو كەسێكدا كراوەن، بەڵام ئەگەر هونەرمەندێكی ئافرەت بەتایبەتی نەتوانێت بچێتە دڵی گوێگرانەوە، ئەوا زۆر زەحمەتە بتوانێت بەردەوام بێت، سەبارەت بە چەكەكانی منیش ئەمە بۆ جەماوەر جێدەهێڵم ئەوان وەڵام بدەنەوە.
* پێشتر راتگەیاندبوو كە ئەلبوومێكی تایبەت بەخۆت بڵاودەكەیتەوە بەناوی (پەشیمانم) ئایا ئەمە راستە؟
- راستە ئەمەم راگەیاند بوو، بەڵام بارودۆخی وڵاتانی عەرەبی رێگایان بۆ هونەر بەرتەسك كردۆتەوە و بواری ئەوە نادەن هونەرمەند كارێكی گەورە بكات كە بە لانی كەمەوە نۆ گۆرانی لە خۆ بگرێت، لە ئێستادا من ئەم كارە بە كارێكی ترسناك دەزانم، چونكە جەماوەری عەرەبی لە بارودۆخێكی ئەوتۆدا نییە گوێی لە هەموو شتێكی نوێ بێت لە بواری هونەری و هەموومان دەبینین رۆژانە خوێنی لاوانمان بەبێ هۆ دەڕژێت و مەینەتییەكانمان بوونەتە دیاردەیەكی رۆژانە.
* كەسانێك پێیانوایە ناوبانگ و بوون بە ئەستێرە پێویستی بە ماندوو بوون و قوربانیی بەردەوام هەیە، ئایا رۆژێك لە رۆژان تۆ لە پێناو هونەر قوربانیت داوە ؟
- هەموومان بەم حاڵەتەدا تێپەڕیوین، چونكە ئێمە قوربانی دەدەین لەپێناو كارەكەمان قوربانی بە كات و ئەركی بەردەوام دەدەین لەپێناو كاری نوێ و گەیشتن بە ئاستێك كە خەڵك رێز لە خۆمان و لە هونەرەكەشمان بگرن، لە كۆتاییدا مرۆڤ ناتوانێت هەر شتێكی لە ژیاندا بوێت و هەر ئاواتێكی هەبێت بیهێنێتە دی، لێرەدا قەناعەت رۆڵێكی گرنگ دەبینێت، پێویستە مرۆڤ قەناعەت و ئارامی هەبێت لەم بوارەوە، لە هەمان كاتدا لە هەوڵەكانی خۆی بەردەوام بێت بۆ گەیشتن بە بەرزترین ئاستی پێشكەوتن.
*رۆژێك لە رۆژان بیرت لە پێشكەش كردنی بەرنامەی تەلەفزیۆنی كردۆتەوە؟
- هەموو كەسێك لە ئێمە چاوەڕێی ئەو دەرفەتانەیە كە ئەرشیفی خۆی پێ دەوڵەمەند بكات و ببێتە خاڵێكی پرشنگدار لە كاروانی هونەریی خۆی، بێگومان ئەگەر كارێكم پێشكەش بكرێت وەك پێشكەش كردنی بەرنامەیەك كە بچێتە نێو هەموو ماڵێكەوە و زۆرترین بینەر سەیری بكەن، تەنیا یەك ساتیش دواناكەوم لە پێشكەشكردنی و لە ئێستاوە رازیم، بەو مەرجانەی كە روونم كردەوە، بۆ نموونە من ئامادەم بەرنامەیەك پێشكەش بكەم كە هاوشێوەی بەرنامەی (The Voice)كە ئێستا پێشكەش دەكرێت و جەماوەرێكی زۆری هەیە.
* بەڵام پێتوانییە ئەستێرەیەكی بواری هونەری خۆی دەسووتێنێت بە بەشداری كردنی لەو جۆرە بەرنامانە؟
- بۆ ئەوەی هونەرمەند بگاتە ئاستی ئەستێرەی راستەقینە پێویستە بە قۆناغ و ئەزموونی جیاجیادا تێپەڕێت بەمەش دەبێتە كەسێكی خاوەن ئەزموون و شارەزاییەكی زۆری دەبێت و دەزانێت چی هەڵدەبژێرێت، بە بۆچوونی خۆم هونەرمەندی ئەستێرە پێویستە لە ماوەیەكی نزیك لە جەماوەر بوەستێتەوە بۆ ئەوەی جەماوەر تامەزرۆی هەموو كار و چالاكییە هونەرییەكانی بێت.
* ئایا راستە ئامادە نەبوویت بەشداری بكەیت لە لیژنەی ناوبژیوانی بەرنامەیەك كە لەكەنداو پێشكەش دەكرێت؟
- بەڵێ ئەمە راستە، چونكە زۆر بە راشكاوانە دەڵێم ئەو كات هەستم دەكرد كە ئامادە نیم بەشدار بم و ئەگەری سەرنەكەوتنم زیاتر بوو لە سەركەوتن لەو تەجروبە نوێیەدا.
* بەڕای تۆ چ كاتێك خۆشەویستی دەبێتە حاڵەتێكی مەترسیدار؟
- ئەگەر ئیستغلال هاتە ئاراوە و خۆشەویستی راستەقینە فەرامۆش كرا.
* مەی حەریری وەك مرۆڤێكی ئاسایی كێیە؟
- هەموو ئەوانەی لە نزیكەوە دەمناسن دەڵێن من كەسێكم خەون و ئاواتی زۆرم لە ژیاندا هەیە و ژیانم خۆشدەوێ، خاوەن دڵێكی باشم، زۆر جار تووڕە دەبم، ئەوەیش لەبەر ئەوەی بە هەڵە و كاری نابەجێ رازی نابم و قبوڵی ناكەم.
* لە ژیانی خۆتدا زیاتر گرنگی بە چی دەدەیت؟
- گرنگی بەمۆسیقا و خوێندنەوە و وەرزش دەدەم.
* لە بەرنامەتدا نییە سەردانی هەولێر بكەیت؟
- ئێستا گفتوگۆی جددی لە ئارادایە بۆ ساز كردنی چەند ئاهەنگێك لە هەولێر و هیوادارم لە نزیكترین دەرفەتدا ئەمەم بۆ بێتە دی، من تامەزرۆی بینینی گەلی كوردم، چونكە خۆشەویستییەكی زۆرم بۆ ئەو گەلە هەیە و لە رێگای گۆڤاری گوڵانەوە بە گەلی كورد دەڵێم: خۆشەویستیی ئێوە مایەی شانازییە بۆ من، سوپاس بۆ پاڵپشتیی بەردەوامتان.