بەهمەن قوبادی لە فیستیڤاڵی فیلمی پووسان رۆڵی نێچیروان بارزانیی بەرز نرخاند
فیلمی سینەمایی "وەرزی كەركەدەن" Rhino Season لە دەرهێنانی سینەماكاری ناودار و بە ئەزموونی كورد بەهمەن قوبادی، دوای بەشداری لە بەشی تایبەتی سی و حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "تۆرێنتۆ" و بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین وێنەگرتنی 60مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سان سباستییەنی ئیسپانی، لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا بە ئامادەبوونی بەهمەن قوبادی لە رۆژانی 6، 7 و 12ی تەشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبری 2012 لەگەڵ 7 فیلمی سینەمایی دیكە لە بەشی "گاڵا"ی 17مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی پووسان لە كووریای باشوور نمایشكرا.
پێش نمایشكردنی فیلمی سینەمایی "وەرزی كەركەدەن" لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی پووسان، پێشوازییەكی تایبەت لە قوبادی كرا و مافوورەی سووری ئەم فیستیڤاڵە بۆ سینەمای كوردی و هەروەها بەهمەن قوبادی ڕاخرا و ئەم سینەماكاری كوردە لەبەرچاوی كامێراكانی جیهان، بەسەر مافوورەی سووری ئەم فیستیڤاڵەدا تێپەڕی.
دوای نمایشكردنی "وەرزی كەركەدەن"، قوبادی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە تایبەت بوو بە سینەمای كوردی وڵامی پرسیاری نوێنەرانی دەزگاكانی راگەیاندنی جیهانی دایەوە و لە وڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە رەوشی ئێستای سینەمای كوردی گوتی: بە یارمەتی كەسایەیەتی ناوداری كورد نێچیروان بارزانی هێواش هێواش لە هەرێمی كوردستان یەكێك لە گەورەترین پێگەكانی كەلتووری و سینەمایی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەمەزرێت و ئێستاكە سەرقاڵی دەستپێكی كارەكانی دروستكردنی بینای یەكەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی كوردین.
گوتیشی: نێچیروان بارزانی كەسایەتییە كە فەرهەنگ و هونەری خۆش دەوێت و لەسەر فەرهەنگ و هونەری كوردی هەنگاو هەڵدەگرێت و ئەو تایبەتمەندییە لە وڵاتانی دەورووبەری هەرێمی كوردستان، لەوانە: عێراق، ئێران، ئەفغانستان و تەنانەت وڵاتانی عەڕەبیش بەم شێوەیە بەرچاوناكەوێت.
سینەماكاری بەئەزموونی كورد سەبارەت بە دوایین كارەكانی خۆی گوتی: ئێستا پێگە و نووسینگەیەكی تایبەتم لە شاری هەولێری پێتەختی هەرێمی كوردستان هەیە و دەمەوێت زۆربەی كارەكانم لەوێ جێبەجێی بكەم. ئێستا هەولێر ناوەندێكی هونەرییە بۆ كوردەكان كە خەریكە سینەمای كوردی بەرەوپێشەوە دەبات و تەنیا كەسێك كە خەریكە یارمەتی ئەم سینەمایە دەدات نێچیروان بارزانییە و بەس. ئەم كەسایەتییە، بە تایبەت تاقانە فیلمسازەكانیش دەبێنێت و لە نزیكەوە بەدواداچوونی رەوتی سینەمای كوردی دەكات.
گوتیشی: من زۆر هیوام هەیە كە بە زووترین كات چاوتان بە فیلمەكانی زۆر باشتر لە لایەن سینەمای
كوردییەوە بكەوێت و ئەمڕۆكە زیاتر لە 1000 دەرهێنەر لە هەر چوار پارچەی كوردستان بوونیان هەیە.
قوبادی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتی: هیوادارین كە بتوانین فیلمەكانی كۆریا و ژاپۆنیش لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی كوردی هەولێر نمایشبكەین و هەروەها بەتەماین فیلمەكانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئاسیاش لەوێ پێشكەش بكەین.
راشیگەیاند: كورد خاوەنی كەلتوورێكی دەوڵەمەندە و پێویستە بەرەوپێشەوە بچێت و دەبوو لەوە پێشتر فیستیڤاڵمان هەبایە، بەڵام بەداخەوە لە ساڵانی سەخت و نالەباری ڕابردوودا هیچ كاتێك ئەو دەرفەتەمان پێنەدرا. لەوبڕوایەدام لە داهاتوودا سینەمایەكی بەهێزمان دەبێت و شاهیدی سینەمایەكی دەوڵەمەند لە كوردەكان دەبن.
لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆنگرە رۆژنامەوانییەدا قوبادی بڕیاریدا كە بە زووترین كات كە لە كۆریای باشوور و ژاپۆن فیلم سازبكات و لە كاتێكدا ئەم قسەیەی كرد كە بەرهەمهێنەرێكی ژاپۆنی و كۆریای باشوور بانگهێشتی ئەوی كردووە كە لەم وڵاتانە فیلم سازبكات.
17مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی پووسان بە نمایشی 304 فیلم لە سینەماكارانی 75 وڵاتی جیهان لە چەندین بەشی جۆراوجۆر، لەوانە: بەشی "پێشبڕكێی سەرەكی"، بەشی پێشبڕكێی "رەوتی نوێ"، "دەلاقەیەك بەرەو سینەمای ئاسیا"، "دیاری فیستیڤاڵ"، بەشی "فلەش فۆروارد"، "سینەمای ئەمڕۆی كۆریا" و چەندین بەشی دیكە لە رۆژانی 4 تا 13ی تەشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبری 2012 لە شاری پووسان لە كۆریای باشوور بەڕێوەچوو.