خەونی چەندین ساڵەی عەدنان كەریم هاتەدی

خەونی چەندین ساڵەی عەدنان كەریم هاتەدی
13 ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر (گوڵان میدیا)- هونەرمەند عەدنان كەریم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی باسی خەونی چەندی ساڵەی خۆی دەكات و دەڵێ ئێستا هاتووەتە دی.
ئەمڕۆ شەممە لقی هەولێری یەكێتی نووسەرانی كورد كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی بۆ هونەرمەند عەدنان كەریم گێڕا كە ناوەڕۆكەكەی دەربارەی ئەلبوومە نوێیەكەی (بادەی گوڵرەنگ) بوو، تێیدا هونەرمەند تیشكی خستە سەر چۆنیەتی ئامادەكردنی بەرهەمەكەیی و تەواوی ئەو شاعیر و میوزیكژەنانەی لەبەرهەمەكەدا هاتوون باسكرد.

لە كۆنگرەكەی ئەمڕۆ كە لە شاری هەولێر بەسترا و (گوڵان میدیا)ش ئامادەی بوو، عەدنان كەریم گوتی: بڵاوكردنەوەی ئەلبوومێكی لەو جۆرە كە تایبەت بێت بە مەقاماتی كورد و تێیدا چەند جۆرێكی مەقامی تێدا ناسراوە، خەونی چەندین ساڵەم بوو، كە خۆشبەختانە ئێستا هاتووەتە دی و لەبەردەستاندایە.

عه‌دنان كه‌ریم له‌ساڵی 1963 له‌شاری كه‌ركوك له‌دایك بووه‌, و له‌بنچینه‌دا خه‌ڵكی دێی ژاژڵه‌ی سه‌ر به‌ناوچه‌ی شارباژێڕه‌.له‌شاری سلێمانی ژیانی منداڵی و سه‌ره‌تای ژیانی هونه‌ری گه‌شه‌ی سه‌ندووه‌. ساڵی 1985 به‌شی نیگاركێشانی له‌په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی شاری سلێمانی ته‌واو كردوه‌. چەندین ئەلبوومی بڵاوكراوەی هەیە، لەمیانەیانا سێ ئەلبووم لەگەڵ گروپی كامكاران. ئێستا عەدنان كەریم بەیەكێك لە دیارترین هونەرمەندی كورد دادەنرێت و پسپۆڕانی بواری هونەر بە هەڵگری پەیامی هونەری رەسەن ناوی دەبەن.

ناتوانم حەیران بخوێنم
لە وەڵمی پرسیارێكدا كە ئایا لەبەرنامەیدا هەیە لەداهاتوودا حەیرانێكی دەشتی هەولێریش بخوێنێ، هونەرمەند عەدنان كەریم گوتی: حەیران یەكێكە لە هونەرە هەرە رەسەنەكانی كورد و زۆر لام خۆشە، بەڵام ناتوانم بیخوێنم چونكە باوەڕناكەم بتوانم سەركەوتوو بم تێیدا، كاێكیش كە پوختەیی نەبێ نەوتنی باشترە، نامەوێ گلەییم بێتە سەر.

ئەلبوومە گۆرانییەكەم وا تەواو دەبێ
جگە لەم ئەلبوومەی كە تایبەت بوو بە مەقامات، عەدنان كەریم رایگەیاند: خەریكی كاركردنم لەسەر ئەلبوومێكی گۆرانی كە 8 یان 9 تراك دەبێت، لە ئێستادا كاری 7 تراكیان كۆتایی پێ هاتووە، لەگەڵ تەواوبوونی ئەو ئەلبوومەش، دەكەوێتە بازاڕەوە.
گوتیشی: ئەم ئەلبوومە لەدووای سێ ئەلبووم لەگەڵ گروپی كامكاران، لەدەرەوەی ئەو گروپە دەبێت و پشت بە كۆمەڵێ میوزیكزانی گەنج بەستراوە.


كوردۆ شابان
فۆتۆ: كەمال ئاكرەیی
Top