هەڤاڵ ئیبراهیم:سپۆنسەری بازرگانی تاكە هۆكاری بەردەوام بوونی هونەرمەندانە
بۆ یەكەمجارە كۆمپانیایەكی بازرگانی كە كاری هونەری ئەنجام نادات سپۆنسەری كردنی بەرهەمی هونەرمەندێك لە ئەستۆدەگرێت، دەربارەی گرێبەستەكە هەڤاڵ دەڵێت: ئەم گرێبەستەی نێوان من و كۆمپانیای باجگر لە رێگای كۆمپانیای ئاكشن پرۆدەكشنەوە بوو، كە گشت كارە هونەرییەكانی من لە بواری ماركتینگ رادەپەڕێنێت، زۆر خۆشحاڵم بەم ئەزموونە، چونكە لە كوردستان ئەمە ئەزموونێكی نوێیە، گرێبەستەكە بۆ ماوەی یەك ساڵە كە ئەنجامدانی چەند ریكلامێك و بەرهەمهێنانی سێ كلیپ و چەند كۆنسێرتێك دەگرێتەوە و هەموویان بە سپۆنسەری كۆمپانیای باجگرە واتە لە هەمووی یەك ساڵدا هەر كارێك ئەنجام بدەم دەبێت لۆگۆی مارسیدس بێنزی لەسەر بێت.
هەڤاڵ ئیبراهیم كاركردنی نێوان كەرتی تایبەت و هونەرمەندان بە هەنگاوێكی باش دەزانێت بۆ ئەوەی هونەرمەندان بەردەوام بن لە كارەكانیاندا و دەڵێت: پێموایە بوونی سپۆنسەری بازرگانی تاكە چارەسەرە كە هونەرمەند بتوانێت پەنای بۆ بەرێت تاكو لەكاری هونەری بەردەوام بێت، ئەم سیستمە لە هەموو دنیا كارێكی باوە و هونەرمەندان پەنای بۆ دەبەن، هونەرمەند و كۆمپانیاكان تەواوكەری یەكدین، ئەوان پێویستیان بە هونەرمەند و ریكلام هەیە، هونەرمەندیش پێویستی بە كۆمپانیاكان هەیە بەتایبەتی لە پاڵپشتی كردنی ماددی، بۆ ئەوەی بتوانێت كار بكات و دانەبڕێت، لە هەمان كاتدا بەرهەمی باشتر و نایابتر پێشكەش بكات تاكو زۆرترین جەماوەری هەبێت ئەمەش خۆی لەخۆیدا هۆكارێك دەبێت تا كۆمپانیاكان هەوڵی گرێبەستیان لەگەڵدا بدەن، هەڤاڵ ئاماژە بەوە دەكات كە ئەركی رۆشنبیریی لە هەموو دنیا دیارە و بریتییە لەوەی كە گرنگی بە كاری فۆلكلۆر و كلتووری و رەسەن بدات، سەرەڕای ئەمە وا پێویستە وەزارەتی رۆشنبیری گرنگیی زیاتر بە هونەرمەندان بدات، چونكە زۆر شت هەیە پێویست بوو وەزارەت بۆ هونەرمەندان فەراهەمی بكات. بەداخەوە نەیكردووە، بۆ نموونە تا ئێستا وەزارەتی رۆشنبیری نەیتوانیوە مافی هونەرمەندی كورد بپارێزێت و كۆنترۆڵی دیاردەی كۆپی كردن بكات یان دەزگایەكی تایبەتی هەبێت كە پشتیوانی لەو هونەرمەندە گەنجانە بكات كە خاوەن پێگەیەكی جەماوەری دیار و بەرچاون، راستە وەزارەت چەند كارێكی ئەنجامداوە، بەڵام پێموایە ئەمەش وەكو پێویست نییە و زۆر كەمە یان بەشێوەیەكی درووست ئەنجام نەدراوە، لێرەدا دەمەوێ ئاماژە بە شتێك بكەم كە ئێستا لە گۆڕەپانی هونەری كوردیدا هەیە، ئەویش ئەو بێ سەروبەرییەیە كە هەموو لایەك بە ئاشكرا هەستی پێدەكەن، لە هەموو وڵاتان حكومەتێك هەیە كە بەرپرسە لە جێبەجێكردنی ئەو یاسایانەی هەن و هاووڵاتیانیش پابەند دەبن بە یاساكان، هۆكاری ئەم بێ سەرووبەرییە بۆ چەند لایەنێك دەگەڕێتەوە لەلایەنی هونەرییەوە بە پلەی یەك بۆ وەزارەت و ئەو دەزگا هونەرییانەی سەر بە حكومەتن، چونكە ئەوان خاوەن دەسەڵاتن، لەلایەكی دیكەشەوە بەشێكی بۆ خودی هونەرمەندیش دەگەڕێتەوە، لە هەمان كاتدا جەماوەر و ئەو كەسانەی بازرگانی بە هونەرەوە دەكەن ئەوانیش بەشی خۆیان بەرپرسیاریەتییان دەكەوێتە ئەستۆ. نابێ رۆڵی میدیاكانیش لە بیر بكەین لە پێشخستنی هونەردا و بەلای من رۆڵێكی زۆر سەرەكی دەبینن لەم بوارەدا. هەڤاڵ ئیبراهیم ئاماژە بەوە دەكات كە ئێمە وەك كورد تا ئێستا خاوەن كەناڵی هونەری پرۆفیشناڵ نین، هەرچەندە ئەوەی من تێبینیم كردبێت كارە هونەرییەكانی من لە هەموو كەناڵەكاندا زۆر بە باشی پەخش دەكرێن.دوو جۆرە كەناڵی هونەریمان هەیە بەشێكیان بازرگانین و بەشەكەی دیكەیان بە حكومەت و حزبەكانەوە گرێدراون، سەبارەت بە كەناڵە بازرگانییەكان، پەخش كردنی بەرهەمە هونەرییەكان دەمینێتەوە لەسەر ئەو رێكەوتنەی كە لەنێوان كەناڵەكە و هونەرمەندەكان هەیە.
ئایا جەماوەر چ رۆڵێكی هەیە لە نەهێشتنی ئەم بێسەرووبەرییە یان خۆی بەشێكە لەوەی ئێستا هەیە بەتایبەتی ئەوەی پێوەندی بە كۆپی كردنی بەرهەمە هونەرییەكان و نەپاراستنی مافی هونەرمەندانەوە هەیە، هەڤاڵ زیاتر دەڵێت: جەماوەری كوردیش زۆر مەغدورە و بەشێوەیەكی ئەوتۆ پەروەردە نەكراوە لەرووی موزیك و گۆرانییەوە و رۆشنبیری موزیكی جەماوەر زۆر كەمە ئەمەش لە ئەنجامی ئەو بارودۆخەی لەدوای 1991 بەسەر كوردستاندا هات و تا ئێستاش ئێمە لە هەوڵی ئەوەداین وڵاتەكەمان زیاتر سەقامگیر بێت، ئەمانە كاریگەرییەكی زۆریان لەسەر ئەوە هەیە كە جەماوەر گوێی موزیكی هەبێت و گرنگی پێ بدات و درك بە رۆڵی موزیك بكات لە كۆمەڵگا و چەند گرنگە، لە هەمان كاتدا چێژ لە هونەر وەربگرێت و سوودێكی بۆی هەبێت، چونكە هونەر و موزیك زۆر گرنگن لە ژیانی هەر كەسێكدا و كاریگەریی بەسەر هەموو هەستەكانی مرۆڤەوە هەیە، ئەگەر باس لە كوردستانی عێراق بكەین دەبینین ژمارەی دانیشتوانی كوردستان خۆی زۆر نییە و بە رەچاوكردنی تەمەن دەبینین ژمارەی ئەو كەسانەی كە بە جەماوەری هونەرییان ناو بنێین زۆر نییە، لە بەرامبەردا ژمارەی هونەرمەندان زۆر زۆرە بە بەراورد لەگەڵ ژمارەی دانیشتوان ئەمەش كاریگەرییەكی زۆری هەیە بۆ پێشكەوتنی هونەری كوردی لەم پارچەیەی كوردستاندا، هەروەها تا ئێستا كێشە و گرفتی كۆمەڵایەتیشمان هەیە كە ئاستەنگن لەبەردەم هونەرمەند، بۆ نموونە تا ئێستا سازدانی ئاهەنگ جۆرێكە لە شەرم كردن و هەموو هونەرمەندێك ئامادە نییە لە ئاهەنگەكان گۆرانی بڵێت مەگەر لە ئاهەنگ و بۆنە رەسمییەكان نەبێت، بۆیە دەتوانم بڵێم زۆر شتی باوی ناو كۆمەڵگا كاریگەری لەسەر هونەر هەیە و تا ئێستا هونەر بە گشتی نەبۆتە بەشێك لە ژیانی خەڵك، بەڵام سەرەڕای ئەمەش هونەرمەندە باش و بە تواناكان خاوەن جەماوەرێكی زۆرن هەر ئەمەشە وایكردووە بەردەوام بن لە كارەكانیاندا، چونكە هونەر بۆ جەماوەرە.
ماوەیەكە لای زۆر لە هونەرمەندان دووبارە وتنەوەی گۆرانییە كۆنەكانی هونەرمەندان كە پێشتر وتراون وەك نەریتێكی لێهاتووە و بە دەگمەن بەرهەم هەیە كە گۆرانییەكی كۆنی تێدا نەبێت بە دابەشكردنێكی نوێوە، سەبارەت بە لایەنە سلبی و ئیجابیەكانی ئەم دیاردەیە، هونەرمەند هەڤاڵ ئیبراهیم دەڵێت: لایەنە ئیجابییەكانی، بە رای من ئەوەیە هونەرمەند گۆرانییەكە ئەرشیف دەكات، چونكە گۆرانیی فۆلكلۆری ئەوەیە كە نەوە دوای نەوە دەوترێتەوە و كەسیش نازانێت كێ خاوەنی پەیڤ و ئاوازەكەیە و لەبەر ئەوەی گۆرانییەكە خۆشە و كەوتۆتە سەر زاری خەڵك بۆیە ماوە و لەناو نەچووە، پێموایە كارێكی باشە ئەگەر ئەم جۆرە گۆرانییانە دووبارە بكرێنەوە و گرێدراوە بە گۆرانی كوردی بەشێوەیەكی تایبەت، لایەنە سلبییەكەی ئەوەیە كە گۆرانییەكە خۆی خۆشە و لای جەماوەر پەسند كراوە و كەسێك دووبارەی بكاتەوە، بەڵام وەك خۆی نەیڵێتەوە و تێكی بدات بەمەش مافی گۆرانییەكە نەدات وەكو پێویست.