شیلان سەعدی:بڵاوكردنەوەی كەلتووری سینەما زۆر پێویستە

شیلان سەعدی:بڵاوكردنەوەی كەلتووری سینەما زۆر پێویستە
شیلان سەعدی لە ساڵی 1980 لە شاری مهابادی رۆژهەڵاتی كوردستان لە دایكبووە، هەڵگری بڕوانامەی بەكالۆریۆسە لە بواری سینەمایی لە زانكۆی تاران، یەكێك بوو لە بەشداربووانی فیستیڤاڵی سینەمایی نێودەوڵەتی لە دهۆك، شیلان لەم دیمانەیەدا باس لە لایەنە باشەكان و كەموكوڕیەكانی فیستیڤاڵی دهۆك و چەند لایەنێكی دیكەی تایبەت بە سینەمای كوردی دەكات.
سەرەڕای ئەو كەموكوڕیانەی لە فیستیڤاڵی دهۆك لە زۆر لایەنەوە گیران،شیلان سەعدی كە یەكێك بوو لە میوانەكانی فیستیڤاڵ و لە رۆژهەڵاتی كوردستانەوە هاتبوو، بە فیستیڤاڵێكی سەركەوتووی دادەنێت و لەم بارەیەوە دەڵێت: بەڕای من یەكێكە لە فیستیڤاڵە سەركەوتوو و پرۆفیشناڵەكان، چونكە فیلمی تێدا نمایش كرا كە لە ئاستێكی زۆر بەرزدابوون، هەست بە پیشەگەری دەكرێت لە هەڵبژاردنی فیلمەكان، فیستیڤاڵەكە ئۆرگانیزەیەكی زۆری بۆ كراوە، بەتایبەتی كورتە فیلمەكان لە ئاستێكی زۆر بەرزدا بوون ئەمەش مایەی دڵخۆشییە و هۆكارێكە بۆ ئەوەی زیاتر لە ئێستا گەشبین بین بە داهاتووی سینەمای كوردی، چونكە كورتە فیلم هەنگاوێكی گەورەیە بۆ بەرهەمهێنانی فیلمی درێژ.
شیلان سەعدی كە لە شاری مهابادەوە هاتبوو دان بەوەدا دەنێت كە هیچ كارێك بێ كەموكورتی نابێت ئەگەر لە هەر شوێنێكیش بێت، شیلان لەم بارەیەوە دەڵێت: ئاساییە گەر سازدانی فیستیڤاڵێكی سینەمایی نێودەوڵەتی لە شارێكی وەكو دهۆك بۆ یەكەم جار كەموكورتیشی تێدا بێت یان هیچ نەبێت بە دڵی هەموو لایەك نەبێت و گلەیی جۆراوجۆریان هەبێت جا لە رێكخستنی فیستیڤاڵەكە و ئەو فیلمانەی كە بەشداربوون یان لە دابەشكردنی خەڵاتەكاندا بێت، بەڵام هەرچۆنێك بێت فیستیڤاڵێك كە یەكەم جار بێت و بەو گەورەییە لە شاری دهۆك ساز بكرێت من بە هەموو شێوەیەك بە فیستیڤاڵێكی سەركەوتووی دەزانم و دڵنیام ئەگەر كەموكورتیشی هەبێت لە خولەكانی داهاتوودا نامێنێت و هەر هەڵەیەك یان خاڵێكی سلبی هەبێت سەرپەرشتیارانی فیستیڤاڵ چارەسەری دەكەن.
شیلان وەك سینەماكارێك دوور لە شێواز و چۆنییەتی رێكخستنی فیستیڤاڵەكە باس لە خاڵە باشەكانی فیستیڤاڵەكە دەكات بەتایبەتی لە رووی ئاستی فیلمەكان و پێیوایە كە كورتە فیلمەكان لە ئاستێكی زۆر باشدابوون و بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردوو پێشكەوتنی بەرچاویان بەخۆیانەوە بینیوە و دەڵێت: ئەوەی زۆر دڵخۆشی كردم ئاستی كورتە فیلمەكان بوو بەتایبەتی كورتە فیلمەكانی باشووری كوردستان هەر كە بینیم هەستم كرد لە هەموو روویەكەوە زۆر پێشكەوتووترن لەو فیلمانەی كە ساڵانی رابردوو پێشكەش كران، ئەمەش مایەی خۆشحاڵی هەموو لایەكە، چونكە كورتە فیلم بە بناغەیەكی گرنگ دادەنرێت بۆ بەرهەمهێنانی فیلمی درێژ لە داهاتوودا، شیلان ئاماژە بەوە دەكات كە ئێستا بە دەگمەن فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەما هەیە كە كورتە فیلمی كوردی تێدا بەشدار نەبێت و بەشدارییەكەشی كاریگەرە، رۆژانە هەواڵی كورتە فیلمە كوردییەكان دەبیستین لە فیستیڤاڵە جیهانییەكان ،ئەمەش نیشانەیەكی ئاشكرایە لەسەر بەرزیی ئاستی ئەم فیلمانە، لە هەمان كاتدا ئاماژەیەكی روونیشە بۆ ئەوە كە سینەمای كوردی خەریكە بەرەو ئاستێكی بەرز هەنگاو دەنێت و لە جیهاندا زیاتر دەناسرێت.
ئەم كچە سینەماكارەی رۆژهەڵاتی كوردستان سازدانی فیستیڤاڵەكانی تایبەت بە كورتە فیلم لە كوردستان بەشێوەیەكی بەردەوام بە هەنگاوێكی باش دەزانێت كە بوونەتە هۆكارێك بۆ بەرەو پێشچوونی ئەم فیلمانە ،بەڵگەش بۆ قسەكانی ئاستی كورتە فیلمەكان دەهێنێتەوە یاد لەو فیستیڤاڵانەی كە چەند ساڵێك لەمەوبەر پێشكەش كراون و ئەوانەی ئێستا پێشكەش دەكرێن بەتایبەتی ئەوانەی لە فیستیڤاڵی دهۆك نمایشكران لە ئاستێكی زۆر بەرزدابوون، هۆكارەكەشی ئەوەیە كاتێك فیلمی ئاست بەرز دەهێنیت لە فیستیڤاڵێكدا بەشداری پێدەكەیت ئەمە خۆی لە خۆیدا دروستكردنی كلتوورێكە بۆ سینەما، هیوادارم لە ساڵانی داهاتوودا فیلمە كوردییەكان بە گشتی بگەنە ئاستی فیلمە جیهانییەكان.
شیلان وێڕای ئەوەی كە دڵخۆش بوو بە ئاستی كورتە فیلمەكان و بە هەنگاوێكی باشی زانی، لە هەمان كاتدا باس لەوە دەكات كە فیلمە درێژەكان لە ئاستێكی باشدا نەبوون و ئەمەش تا رادەیەك هەموو لایەكی دڵتەنگ كردووە، شیلان پێیوایە دەكرا فیلمە درێژەكان لە ئاستێكی باشتردا بن و خاڵی هەرە لاوازیی فیلمە درێژەكانی وەك هەموو لایەك ئاماژەی بۆ دەكەن بۆ لاوازی سیناریۆكان گەڕاندەوە و دەڵێ: كێشەی نەبوونی سیناریۆی باش لە هەموو فیلمە درێژەكان دەبینرا و دووبارە دەبویەوە، زۆر لە كێشەكانی فیلمەكان چارەسەر كراون بەتایبەتی لایەنی تەكنیكی، بەڵام گرفتی سیناریۆ هەر ماوە و خەریكە دەبێتە كێشەیەكی دیاری سینەمای كوردی بەتایبەتی لە فیلمە درێژەكان.
شیلان ئاماژە بە چارەسەر كردنی گرفتی سیناریۆ دەكات و دەڵێت: پێویستە زۆر بە جددی بیر لە چارەسەر كردنی ئەم كێشەیە بكرێتەوە، ئێمە چەندین ساڵە هەر دەڵێین لە سەرەتای دامەزراندنی سینەمای كوردیداین، نازانم تاكەی دەبێ هەر ئەم قسەیە دووبارە بكەینەوە، ئێستا سینەمای كوردی هەنگاوی زۆر باشی ناوە، بەڵام گەورە بوون و پێشكەوتنی سینەمای كوردی كارێكە هەر لە خۆڕا نابێت و پێویستی بە كاری بەردەوام و بەرنامەڕێژی هەیە، پێویستە شوێنی تایبەت هەبێت بۆ ئەوەی فێری بنەماكانی سینەمایەكی سەركەوتوو بین و هەوڵ بدەین لەو كەسانەوە فێر بین كە لە بوارەكەدا شارەزا و پسپۆرن، هەروەها كەسانی پرۆفیشناڵ و خاوەن ئەزموون لە دەرەوە بهێنین بۆ كوردستان تاكو سوود لە ئەزموونەكانیان وەربگرین و لایەنە باشەكانیان لە سینەمای كوردی بەكاربهێنین و گرنگترین شت كە پێویستە بیری لێبكەینەوە و هەوڵی چارەسەر كردنی بدەین كێشەی سیناریۆیە كە من هەست دەكەم لە زۆر لایەنەوە سینەمای كوردی رێچكەی خۆی گرتووە و لەسەر رێگای راست دەڕوات تەنیا سیناریۆ نەبێت كە هەموو لایەكمان لە سیناریۆدا هەست بە كەموكورتی دەكەین.
بڵاوكردنەوەی كلتووری سینەما پێویستی بە زەمینەسازی و بەرنامە هەیە، شیلان سەعدی لەم بارەیەوە دەڵێت: كاتێك فیستیڤاڵ ساز دەكەیت واتە كلتووری سینەما لە نێو كۆمەڵگادا بڵاو دەكەیتەوە، كە تۆ هۆڵت نەبێت بۆ نمایشی سینەمایی و خەڵك ئامادە نەبێت بۆ بینینی فیلمەكان (جا فیلمی كوردی بێت یان بیانی) كاتێك حكومەت وەكو پێویست پشتگیری لە سینەما و ئەو كەسانە نەكات كە فیلم بەرهەم دەهێنن و كاری سینەما دەكەن، ئەمانە هەموویان گرفتی گەورەن و دەبنە بەربەست لەبەردەم بڵاوكردنەوەی كەلتووری سینەما لە وڵاتدا، لێرەدا دەمەوێ ئاماژە بەوە بكەم كە بینەری كوردی فێری ئەوە بووە سەیری فیلمی خراپ بكات، خراپ مەبەستم ئەوەیە كە رەنگە لەگەڵ دابونەریت وكلتووری ئێمەدا نەگونجێت ئەمەش كاریگەریی سلبی دەبێت، هۆكارەكەشی ئەوەیە ئێمە كاتێك كاری باشمان نەبێت پیشانی بینەری بدەین، بینەر ناچارە كارە خراپەكان ببینێت، هەروەها نەبوونی هۆڵی سینەما بۆ بینینی ئەو فیلمانەی كە فیلمی رۆژن و فیلمی هونەرین، ئەگەر بینەر ئەم جۆرە فیلمانە ببینێت ئەو كات خۆی جیاوازی دەكات لەنێوان فیلمی باش و خراپ، فیلمی گونجاو لەگەڵ كۆمەڵگای ئێمەدا و ئەو فیلمانەی كە لەرووی كۆمەڵایەتییەوە زیانیان هەیە بۆ تاكی كورد.
شیلان لە كۆتاییدا دەڵێت: بوونی كلتووری سینەما لە كۆمەڵگادا هۆكارێكە بۆ پێشخستنی سینەمای كوردی ئەگەر كەلتوورێكی سینەماییمان هەبێت، ئەو كات بینەر خۆی دێت داوای ئەوە دەكات چ جۆرە فیلمێكی دەوێت و فیلمی چ نەتەوەیەك لەگەڵ كەلتوور و دابونەریتی ئێمەدا دەگونجێت .
Top