گاواراس و بەهمەن قوبادی بۆ خەڵاتی فیستیڤاڵی سان سێباستییان لە ركابەریدان
لە پاش سەركەوتنی فیلمی سینەمایی "وەرزی كەركەدەن" Rhino Season دوایین بەرهەمی سینەماكاری ناودار و بەئەزموونی كورد "بەهمەن قوبادی" لە یەكەمین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا لە بەشی تایبەتی سی و حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "تۆرێنتۆ" لە وڵاتی كەنەدا و پێشوازی زۆربەی رخنەگرانی سینەمای جیهان، لەم فیلمە و هەروەها نووسینی ڕخنەی پۆزێتێڤ لە پەیوەندی لەگەڵ بنەمای شاعیرانەی ئەم فیلمە، بەهمەن قوبادی، مۆنیكا بێلوچی، بێهرووز وسووقی، بێلجین بێلگین و ئاڕش لەباف ئێستاكە لە 60مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سان سباستییانی ئیسپانی ئامادەن بۆ ئەوەی كە ئەم فیلمە لەم فیستیڤاڵە گرنگەی جیهانی سینەما نمایش بكرێت.
60مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سان سێباستییان چەند رۆژە كە بە ئامادەبوونی سینەماكارانی ناوداری جیهان و نمایشی فیلمەكانیان دەستی پێكردووە و فیلمی سینەمایی "وەرزی كەركەدەن" لە رۆژانی 26 و 27ی ئەیلوول / سێپتەمبەری 2012 لەم فیستیڤاڵە نمایشكرا و لە لایەن ڕخنەگرانی سینەما، رۆژنامەنووسان و بینەرانەوە پێشوازی لێكرا.
"وەرزی كەركەدەن" كە لە بەشی تایبەتی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سان سباستییان وەرگیراوە، بۆ وەرگرتنی خەڵاتی گرینگی ئەم بەشەی فیستیڤاڵ، لەگەڵ بەرهەمی سینەماكارانی گەورەی جیهان لە ركابەریدایە.
بەشی پێشبڕكێی شەستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سان سێباستییان كە یەكێكە لە فیستیڤاڵە بەرچاوە و گرینگەكانی سینەما، ئەمساڵ خانەخێوی فیلمەگەلێكە لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان كە خاوەنی شێوازی تایبەت بە خۆیانن، لەوانە: وڵاتانی ئیسپانیا، ئەرژانتین، ئەمەریكای باشوور و ئەورووپای رۆژئاوا، كە هەر ئەوانە بۆتە هۆی ئەوەی كە ركابەری فیلمەكەی قوبادی لەم بەشەدا سەختتربێت.
سان سێباستییان ئەمساڵ لە لایەكەوە ناوی یەكێك لە دەرهێنەرە گەورە و ناودارەكانی ئێران و كوردستان و هەروەها لە لایەكی دیكەشەوە ناوی سینەماكاران و ئەكتەرە ناودارەكانی جیهان لەگەڵیدا هاوڕێیەوە، لەوانە: پێنێ لە پە كرووز، بێن ئەفلاك، مۆنیكا بلووچی، بێهرووز وسووقی و ئەكتەرە ناودارەكانی سینەمای ئیسپانیا، چین، فەڕەنسا، كەنەدا، سوێد، ئێران و چەندین وڵاتی دیكە و هەروەها كۆمەڵێك دەرهێنەر، لەوانە: داستین هافمەن، نیكۆلاس جارسكی، گۆستاو گاواراس، خاوییەر رۆبێرۆ، سێرجیۆ كاستۆ، سینەماكاری كورد بەهەمەن قوبادی و چەندین دەرهێنەری دیكە.
فیلمی سینەمایی "وەرزی كەركەدەن" دوایین بەرهەمی بەهمەن قوبادی لە ولاتی توركیا و دەرەوەی ئێرانە كە كردنەوەی درگایەكی نوێیە بۆ فیلمسازانی ئێرانی لە دەرەوەی وڵات.
"وەرزی كەركەدەن" دوای بەشداری لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سان سێباستییان، بەرەو چەندین فیستیڤاڵی گرینگی جیهانی سەفەر دەكات تا ئەم سینەماكارە بەناوبانگە كوردە بە دوایین بەرهەمی خۆی، نەفەسێكی نوێی بە سینەمای ئێران لە دەرەوەی وڵات ببەخشێت.
جێی وەبیرهێنانەوەیە بەهمەن قوبادی لە ساڵانی ڕابردوودا بە فیلمی سینەمایی "كیسەڵەكانیش دەفڕن" و هەروەها فیلمی سینەمایی "نیوە مانگ" دوو خەڵاتی سەرەكی سەدەفی زێڕینی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سان سێباستییانی بەدەستهێناوە.