سانا دەنگی لە (هێڤی)ی دایكی خۆشترە و نایەوێ گۆرانی بڵێ

سانا دەنگی لە (هێڤی)ی دایكی خۆشترە و نایەوێ گۆرانی بڵێ
زۆر لەو منداڵانەی كە لە خێزانێكی هونەری پەروەردە دەبن ئەوانیش بەهرەیەكی هونەرییان تێدا بەدی دەكرێت بەتایبەتی گۆرانیبێژان جا ئەم بەهرەیە هەر لە خۆرسكەوە بێت یاخود بە هاندانی دایك و باوكیانەوە تواناكانیان پەرەی پێدرا بێت.سانا موحسین كچی خانمە هونەرمەند هێڤییە باوكیشی بەر لە چەند ساڵ یەكێك بوو لە موزیسیانە ناسراوەكان، سانا كە ئەم ساڵ قۆناغی دوازدەی خوێندنی تەواو كرد خاوەن بەهرەیەكی هونەری و دەنگێكی خۆشە و جگە لە زمانی كوردی بە زمانەكانی تریش گۆرانی دەڵێ، لە بارەی گۆرانی وتن سانا دەڵێ: لە ئەڵمانیا بەشداریم لە بەرنامەی سوپەر ستاردا كرد و توانیم زۆر سەركەوتووانە قۆناغی یەكەم ببڕم، بەڵام لە قۆناغی دووەمدا نەمتوانی بەشداری بكەم، چونكە بەرنامەكە لەو شارە نەبوو كە ئێمە لێی نیشتەجێین، باوكم ئەو كات لە كوردستان بوو دایكیشم نەیتوانی لەگەڵم بێت، بۆیە لە پێشبڕكێیەكە دوور خرامەوە.
سانا حەز دەكات لە بواری ئەندازەی پێوەندییەكان خوێندن تەواو بكات و زۆر ئارەزوو لە هونەر و گۆرانی وتن ناكات هەرچەندە خاوەن دەنگێكی خۆشە، ئاماژەش بەوە دەكات كە لە نێو كورددا وەك پێویست رێز لە هونەرمەند و كاری هونەری ناگیرێت و كەس ناتوانێت تەنیا لە رێگای هونەرەكەیەوە بژێوی ژیانی پەیدا بكات و دایكیشی وەك نموونە دەهێنێتەوە كە حەز ناكات كچەكەشی بێتە ناوبواری هونەری لەبەر ئەوەی كاری هونەری بۆ ئافرەت كارێكی ئاسان نییە.
جگە لە بەهرەی دەنگخۆشی لە قوتابخانەكەی خۆی لە وڵاتی ئەڵمانیا هەڵبژێردرا وەك تۆپ مۆدێل، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو كارە لەگەڵ دابونەریتی كۆمەڵگای كوردەواری نەدەگونجا بەتایبەتی لە وڵاتێكی وەك ئەڵمانیا بۆیە نەیتوانی بەردەوام بێ لەو كارە.



Top