خولی دووه‌می فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تى هه‌ولێر به‌ خه‌ڵات كردنی سه‌ركه‌وتووان كۆتایی هات

خولی دووه‌می فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تى هه‌ولێر به‌ خه‌ڵات كردنی سه‌ركه‌وتووان كۆتایی هات
دواى حه‌وت رۆژ له‌ چالاكى به‌رده‌وام و نمایشكردنى پانزه‌ شانۆگه‌رى له‌ ده‌ وڵاتى جیاى جیهان، دووه‌م فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تى هه‌ولێر بۆ شانۆ كۆتایی به‌كاره‌كانى هێناو سه‌ركه‌وتووانى فێستیڤاڵ خه‌ڵاتكران .

كاتژمێر 7ى ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 24/9/2012 له‌ ریستۆرانتى ڤێرساى شارى هه‌ولێر و به‌ ئاماده‌بوونى نه‌وزاد هادى پارێزگارى هه‌ولێر و د. كاوه‌ مه‌حمود وه‌زیری رۆشنبیری و لاوان و ئاریان فه‌ره‌ج به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى دیوان و فه‌رهه‌نگ غه‌فور به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى رۆشنبیری و هونه‌ر و وه‌رزش و لاوانى هه‌ولێر و هیوا سوعاد به‌ڕێوه‌به‌رى هونه‌رى شانۆ و ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ هونه‌رمه‌ندان و میوانانى فێستیڤاڵی كاره‌كانى دووه‌مین فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تى هه‌ولێر بۆ شانۆ كۆتایی هات .

له‌ سه‌ره‌تاى مه‌راسیمه‌كه‌ فه‌رهه‌نگ غه‌فور به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى رۆشنبیری و هونه‌ر وته‌یه‌كى پێشكه‌ش كردو وێڕاى پیرۆزبایی له‌ گروپه‌ به‌شداربووه‌كان ئاماژه‌شی بۆ ئه‌وه‌كرد كه‌ هه‌ولێر به‌رده‌وام باوه‌شی كراوه‌یه‌ بۆ شانۆو هه‌موو هونه‌رمه‌ندان.
دواتر وتارى وه‌زاره‌تى رۆشنبیری و لاوان له‌لایه‌ن د. كاوه‌ مه‌حمود وه‌زیری رۆشنبیری و لاوان خوێندرایه‌وه‌و پشتگیری وه‌زاره‌تیشی بۆ هه‌موو جۆره‌ كارێكى له‌و شێوه‌یه‌ دووپاتكرده‌وه‌و دواى ئه‌ویش هیوا سوعاد به‌ڕێوه‌به‌رى هونه‌رى شانۆی هه‌ولێرو سه‌رۆكى فێستیڤاڵه‌كه‌ وتارێكى پێشكه‌ش كردو ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد ئه‌مڕۆ دواى نمایشكردنى كۆمه‌ڵێك چالاكى كۆتایی به‌كاره‌كانى دووه‌م فێستیڤاڵ دێت و جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ ساڵانه‌ له‌كاتى خۆی ئه‌م فێستیڤاڵه‌ سازده‌كرێ و هه‌وڵ ده‌درێ بكرێته‌ كلتوورێك له‌ هه‌ولێری پایته‌خت .

دوابه‌دواى ئه‌وانه‌ وتارى لیژنه‌ى دادوه‌رى فێستیڤاڵ له‌لایه‌ن د. عصام یوسفی خوێندرایه‌وه‌و د. فازڵ جافیش راسپارده‌كانى لیژنه‌ى دادوه‌رى خوێنده‌وه‌و ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌كرد كه‌ ئه‌وان هه‌ردوو خه‌ڵاتى باشترین ده‌ق و باشترین سینۆگرافیایان لاداوه‌و بڕیاریان داوه‌ پێشكه‌ش نه‌كرێ، هه‌روه‌ك ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه‌ به‌پێویستىزانى ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ بكا كه‌ستایشیان هه‌بووه‌ بۆ شانۆگه‌رى شه‌وى بكوژان له‌ دهۆك و فرمێسك مسته‌فا وه‌ك ئه‌كته‌ر له‌ شانۆگه‌رى زریان كه‌ ئه‌و كارانه‌ له‌ په‌راوێزى فێستیڤاڵ نمایشكراون.
دواى خوێندنه‌وه‌ى وتاره‌كان، براوه‌كانى فێستیڤاڵ خه‌ڵاتكراوه‌كان كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ بوو :

- خه‌ڵاتى باشترین ئه‌كته‌رى كچ به‌ هاوبه‌شی به‌خشرایه‌ ئاینا كایڵێ له‌ شانۆگه‌رى سیمۆناى ئیسپانیاو شیما كرمانى له‌ وڵاتى پاكستانز
- خه‌ڵاتى باشترین ئه‌كته‌رى كوڕ به‌خشرایه‌ كامه‌ران ره‌ئوف له‌ شانۆگه‌رى وێرانه‌ .

- خه‌ڵاتى باشترین ده‌رهێنه‌ر به‌خشرایه‌ فابیۆ له‌ وڵاتى ئیتاڵیا
- خه‌ڵاتى باشترین نمایش به‌خشرایه‌ شانۆگه‌رى زه‌مین و گه‌ردوون
دوابه‌دواى خه‌ڵاتى باشترینه‌كانى فێستیڤاڵ، چه‌ند گۆرانییه‌ك له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ند په‌یوه‌ند جاف وترا، گروپی میوزیكى كه‌ناڵ چوار و كۆڕه‌كیش چه‌ند به‌رهه‌مێكیان پێشكه‌ش كرد .
له‌به‌شێكى ترى مه‌راسیمه‌كه‌دا كۆمپانیاى بابیلۆن و كه‌ناڵی ئاسمانى كۆڕه‌ك و كه‌ناڵ چوار خه‌ڵاتى رێزلێنانیان به‌سه‌ر چه‌ند هونه‌رمه‌ندێك دابه‌ش كردو هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د سالار وتارى كۆمپانیاى بابلیۆنى پێشكه‌ش كردو ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌كرد به‌رده‌وام شانۆ هونه‌رى گه‌ل بووه‌و له‌گه‌ڵ ئێش و ئازاره‌كانیان ژیاوه‌.
دواتر له‌لایه‌ن ئاماده‌بووانه‌وه‌ خه‌ڵاتى رێزلێنانى كۆمپانیاى بابلیۆن به‌خشرایه‌ شانزه‌ هونه‌رمه‌ند، كه‌ بریتى بوون له‌"جه‌لال به‌یار، ئه‌حمه‌د سالار، سه‌عدون یونس، عه‌لى كه‌ریم، زاهیر عه‌بدوڵڵا، ئازاد جه‌لال، عه‌لى ئه‌حمه‌د، مسته‌فا ئه‌حمه‌د، شلێر كۆیی، كارۆخ ئیبراهیم، نه‌رمین كاوانى، دلڤین موحسین، بان غازى، سایه‌ حسێن، شادان عه‌لى، ده‌وه‌ن نه‌وزاد".
له‌كۆتابه‌شی مه‌راسیمه‌كه‌ خه‌ڵاتى رێزلێنانى كۆمپانیاى بابلیۆن به‌خشرایه‌ سه‌رجه‌م گروپه‌ به‌شداره‌كانى فێستیڤاڵ، كه‌ بریتى بوون له‌"گروپی كوردستان، ئه‌ڵمانیا، ئۆغه‌ندا، پاكستان، ئیسپانیا، ئێران، توركیا، ئیتاڵیا، میسر، عێراق".
Top