هونەرمەند ئاینور دۆغان بۆ گوڵان:هونەرمەندە كوردەكانی(TRT 6) هونەرمەندی گەل نین و بەرژەوەندیخوازن

هونەرمەند ئاینور دۆغان بۆ گوڵان:هونەرمەندە كوردەكانی(TRT 6) هونەرمەندی گەل نین و بەرژەوەندیخوازن
یەكێكە لە هونەرمەندە سەركەووتوەكانی كورد هەمیشە هەوڵیداوە خزمەتی هونەری كوردی بكات، ئاینور دۆغان ناوێكی ناسراوی گۆڕەپانی هونەری كوردییە، خاوەن دەنگێكی رەسەنە، ئەگەرچی بە زمانی توركیش گۆرانی گوتووە، بەڵام لەسەر بەردەوامی گۆرانی گوتنی بەزمانی دایكی زۆرجار رووبەڕووی بەربەستی دەوڵەتی تورك بۆتەوە. یەكێك لە ئاواتەكانی ئاینور ئەوەیە دەرفەتی بۆ بڕەخسێت لە باشوری كوردستان كۆنسێرت ساز بكات و لە نزیكەوە بە جەماوەرەكەی شاد بێت، لەم دیمانەیەی گوڵاندا ناوبراو تیشك دەخاتە سەر هەندێ بابەت كە تایبەتن بە گۆرانی و موزیكی كوردی و چەند بابەتێكی دیكەی بەشداری گۆرانیبێژانی كورد لە كەناڵی (TRT 6) و دەڵێت: ئەو هونەرمەندە كوردانەی بەشداری لەم كەناڵەدا دەكەن هونەرمەندی گەل نین و بۆ بەرژەوەندییەكانیان كار دەكەن.



ئەو هونەرمەندانەی دوێنی گۆرانییان بە توركی دەگوت،بەڵام لەگەل كرانەوەی كەناڵی TRT6 گەڕانەوەو گۆرانییان بەزمانی كوردی چڕی. سەبارەت بەم بابەتە ئاینور راشكاوانە ئەو كەسانە بە هونەرمەندی كاتی ناو دەبات و دەڵێت: بە بڕوای من ئەم جۆرە كەسانە كەسانی ناڕاستگۆن و هەمیشە هونەرمەندی كاتین و لەگەڵ باڵادەستن. ئەمانە بە هیچ شێوەیەك هاوخەمی گەل نین. بۆیە من كاری ئەم جۆرە هونەرمەندانە بە دڵ نابینم واتە كارەكانیان لە دڵەوە نییە تەنیا بۆبەرژەوەندییە تایبەتییەكانیان كار دەكەن.
زۆر جار لە ئاهەنگ و كۆنسێرتەكان هێرشی توندی كراوەتە سەر لەلایەن چەند كەسێكی رەگەزپەرستی تورك تەنیا لەبەر ئەوەی بە زمانی كوردی گۆرانی گوتووە، ئاینور دان بەوەدا دەنێت كە زۆر جار ئامادەبووانی كۆنسێرتەكە كە هەندێك توركی نەتەوەپەرست بوون، تەنیا لەبەر ئەوەی بە زمانی كوردی گۆرانی وتووە بەرگەیان نەگرتووە و كۆنسێرتەكانیان پرۆتستۆ كردووە و بوونەتە هۆی تێكدانی، ئاینور لەم بارەیەوە زیاتر دەڵێت: هێرش كردنە سەر كۆنسێرتەكانم چەند جار دووبارە بووەتەوە، جارێكیان لەساڵی 1990دا هێرشیان كردە سەرمان و نەیانهێشت گۆرانی بڵێین.بەڵام ئەم هێرشەی پێشتر بەرنامەی بۆ دانرابوو، ئەوانەی كاری تێكدەرانەیان ئەنجامدا مەبەستیان ئەوە بوو بارودۆخەكە زیاتر بشێوێنن، هەر دوای ئەم كارەش هیچی دی منیان بۆ سازدانی كۆنسێرت بانگهێشت نەكردووە.
سەبارەت بە هۆكاری سەرەكی و مەبەستی ئەم كارە تێكدەرانە و ئایا كێ لە پشتەوەیەتی و ئاینور دەڵێت: دەتوانم بڵێم راشكاوانە ئەوانەی ئەو جۆرە كردارە ناشیاوانەیان ئەنجامداوە. هەر ئەو كەسانەن كە بە بوونی گەلی كورد زۆر ناڕەحەتن و هەوڵ دەدەن كورد لە ناوی ببەن جا بە هەرشێوەیەك و كلتور و فەرهەنگی كوردی كە زۆر دەوڵەمەندە، بشێوینن، چونكە ئەو جۆرە كەسانە باش دەزانن موزیك بۆ ناسینی كلتوور و فەرهەنگ و ئایینی هەموو نەتەوەیەك زۆر گرنگ و كاریگەرە و لە هەموو سەردەمێكدا گۆرانی رۆڵی هەبووە لە وشیار كردنەوەی گەلان و ئاشنابوونیان بە مێژووی خۆیان بەتایبەتی بۆ ئێمەی كورد كە هەمیشە هونەر دۆست بووین و بە هونەر و گۆرانی گوزارشتمان لە ئێش و ئازارەكانی خۆمان كردووە و شانازیش بە هونەر و هونەرمەندانی خۆمانەوە دەكەین.
ئاینور لەگەڵ خانمە هونەرمەند تارا جاف یەكێك لە گۆرانییەكانی هونەرمەندی گەورە هۆمەری دزەیی بە زاراوەی سۆرانی زۆر بە سەركەوتوویی نوێكردۆتەوە، دەربارەی ئەم كارەی دەڵێت: من گۆرانییەكی هونەرمەندی گەورە هۆمەری دزەییم گوتووە بە هاوبەشی لەگەڵ خانمە هونەرمەند تارا جاف كە بە چەنگەكەی بەشدار بوو و سەركەوتنێكی بەرچاوی بەدەستهێنا و لەلایەن جەماوەرەوە پێشوازییەكی زۆری لێكرا، من سۆرانی بە یەكێك لە زاراوە خۆشەكان دەزانم و حەز دەكەم زیاتر گۆرانی بەم زارەوەیە بڵێم.
سەبارەت بە هۆكارەكانی سەركەوتنی هەر هونەرمەندێك و ئایا مەرجەكانی هونەرمەندی سەركەوتوو چین، ئاینور بەم شێوەیە بۆچوونی خۆی خستەڕوو: سەرەتا پێویستە هەر هونەرمەندێك فێری كاری موزیكی بووبێت بە شێوازی(ئەكادیمی) پرۆفیشیناڵ. وزۆر كاری لەسەر بكات و زۆریش گوێگری گۆرانی بێت.دواتریش لەهەمووی گرنگتر ئەوەیە گوێگری دەنگبێژو هونەرمەندە دەنگ ڕەسەنەكان بێت.چونكە لەبنەڕەتدا هونەری كوردی بریتیە لە دەنگبێژی.
لە وەڵامی پرسیارێكدا كە ئایا كام لەمانە(دەنگ-موزیك-تێكست)زیاتر دەبێتە هۆی پێشكەوتنی هونەری گۆرانی؟ خاوەنی گۆرانی (كەچا كوردا) بەم شێوەیە وەڵامی دایەوە:هەر یەكێك لەمانە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام لەهەمووی گرنگتر رۆحی مرۆڤە كە پەیوەستە بە هەست و سۆزەوە. بۆیە هونەرمەند لەگەڵ هەریەك لەمانە(تێكست-موزیك-دەنگ) بەهەست و جۆش و خرۆشێكی زۆرەەوە بەكاریان بێنێت.
سەبارەت بە دەركەوتنی بە جلوبەرگی كوردی لە كۆنسێرتەكان و ئایا حەز دەكات بە چ شێوەیەك دەركەوێت، ئاینور دەڵێت: من زۆر جار لە كۆنسێرتەكاندا بە جلوبەرگی كوردییەوە دەركەوتووم و جلوبەرگی كوردیم پۆشیوە و جەماوەریش زۆری بە دڵ بوو،بەڵام من زیاتر دەمەوێت ئەو جلە لەبەر بكەم كەپێی ئاسوودە دەبم.
دەربارەی دوایین كاری هونەری ئاینور دەڵێت:ئێستا لەگەڵ دەرهێنەرێكی ئیسپانی كار بۆ بەرهەمێكی نوێ دەكەم، هەروەها هەر چەندە خۆی لەخۆیدا من كورمانجم. بەڵام لە زاراوەی زازاكیش تێدەگەم و زۆر گۆرانیش بەو زاراوەیە دەڵێم.بۆیە گۆرانی گوتن بە زاراوە جیا جیاكانی كوردی خۆشی و حەزێكی زۆرم لەلا پەیدا دەكات.
سەبارەت بەوەی وەكو هونەرمەندێك گۆرانی بەزاراوەی جیاجیا گوتووە لەوانەش زازاكی ئایا ئەم زاراوەیە پەراوێز خراوە، ئاینور گوتی:سۆرانی و كورمانجی زۆر پەرەی پێدەدرێت و نەوەی نوێش بە زاراوەكانیان باش فێردەبن.بەڵام زاراوەی زازاكی بە رەوشێكی زۆر ناخۆشدا تێپەڕدەبێت و نەوەی نوێ باش نازانێت. خوێندنگایەك یا كەناڵێكی تەلەفزیۆنی بەزاراوەی زازاكی نییە. بۆیە من دەڵێم زازاكی زاراوەیەكی دەوڵەمەندی میللەتی ئێمەیە و پێویستە گرنگی بەم زاراوەیەش بدەین.
سەبارەت بە ژمارەی كلیپەكانیش ئاینور گوتی:دوو كلیپیم هەیە. یەكەم لەگەڵ دەرهێنەر فاتیح ئاكین لە(حەسەنكێف) و دووەمیش لەگەڵ دەرهێنەر حوسێن كارەبی و هەروەها بەبەشداری هونەرمەند تارا جاف بەرهەممان هێناون.
پرۆفایل
ئاینور دۆغان (بە تورکی: Aynur Doğan، لەدایکبووی ١٩٧٥ لە پارێزگای دێرسم) گۆرانیبێژێکی بەناوبانگی کوردە. لە ١٩٩٢ەوە دانیشتووی ئەستەنبوڵە و لەوێ مۆسیقای خوێندووە. یەکەم ئەلبۆمی لە ساڵی ٢٠٠٢دا بڵاوکردووەتەوە. بە ھۆی گۆرانیی (کەچا کوردان) زۆر ناسرا. ئەم گۆرانییە لە لایەن دادگایەکی تورکیا بۆ ماوەیەک قەدەغە کرابوو. گۆرانییەکانی بە شێوەزاری کورمانجی و تورکییە؛ بە سۆرانیش گۆرانییه‌كی هونه‌رمه‌ند هۆمه‌ری دزه‌یی نوێ كردۆته‌وه‌.
ئاینور تا ئێستا ژیانی هاوسه‌ری پێك نه‌هێناوه‌.



Top