هەڵبژێردراوانی یەكەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆك دیاریكران

هەڵبژێردراوانی یەكەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆك دیاریكران
هەڵبژێردراوانی بەشی پێشبڕكێی یەكەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆك دیاریكران و تەندیسی فیستیڤاڵ، لەوحەی فەخری و خەڵاتی نەقدی بەسەر هونەرمەندانی سەركەوتوودا دابەشكرا.
بە پێی راپۆڕتی راگەیاندنی گشتیی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی دهۆك، رێوڕەسمی كۆتایی یەكەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی دهۆك، كاتژمێر 7ی ئێوارێ دوێنێ یەكشەمە 16ی ئەیلوول / سێپتەمبەر بە بەشداری ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوان، "تەمەر رەمەزان" پارێزگاری دهۆك، دەرهێنەرەكانی بەشداربوو لە فیستیڤاڵ و هۆگرانی هونەری سینەما لە هۆڵی كۆنگرەی زانكۆی دهۆك بەڕێوەچوو، سەرەتا فیلمی سینەمایی "جیایی" لە دەرهێنانی سینەماكاری ناوداری ئێرانی ئەسغەر فەرهادی هەڵگریی خەڵاتی ئۆسكاری 2012 بۆ باشترین فیلمی بیانی نمایشكرا، پاشان عادڵ حەسەن سەرۆكی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی دهۆك سەبارەت بە بەڕێوەچوونی ئەم فیستیڤاڵە وتارێكی پێشكەش كرد و لە درێژەدا ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوانی فیستیڤاڵ، دەنگەكانی خۆیان راگەیاند و تەندیسی فیستیڤاڵ، لەوحەی فەخری و خەڵاتی نەقدی بەسەر هونەرمەندانی سەركەتوودا دابەشكرا.
ئەندامانی لێژنەی دادوەری بەشە جۆراوجۆرەكانی پێشبڕكێی ئەم فیستیڤاڵە كە بریتین لە: "شەوكەت ئەمین كوركی" دەرهێنەر لە هەرێمی كوردستان وەكوو سەرۆكی لێژنەی دادوەران، "سەدیق بەرمەك" دەرهێنەر لە وڵاتی ئەفغانستان، خاتوو "بێرگیتا مانتی" بەرهەمهێنەر لە وڵاتی ئەڵمانیا، خاتوو "ڤیرا لانگێرۆوا" رخنەگر و نووسەر لە ئێسلۆڤاكیا و "كامبووزیا پەرتەوی" سیناریۆنووس و دەرهێنەر لە وڵاتی ئێران، دەنگەكانی خۆیان بەم شێوەیە راگەیاند:
ـ رێزلێنانی لێژنەی دادوەران:
رێزلێنانی لێژنەی داوەرانی ئەم فیستیڤاڵە بەخشرا بە كورتە فیلمی "كوڕی پێشمەرگە" لە دەرهێنانی زانیار ئادەمی و دەیوید هێردیس بەرهەمی هاوبەشی وڵاتانی سوید و نۆروێژ.
رێزلێنانی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی فیستیڤاڵ، پێكهاتوو لە لەوحەی فەخری، تەندیسی فیستیڤاڵ و خەڵاتی نەقدی بەخشرا بە كورتە فیلمی "پاسكڵ" لە دەرهێنانی رزگار حوسێن لە هەرێمی كوردستان.
ـ باشترین كورتە فیلمی دیكۆمێنتاری:
خەڵاتی باشترین فیلمی ئەم بەشە، پێكهاتوو لە لەوحەی فەخری، تەندیسی فیستیڤاڵ و خەڵاتی بری پارەی 3000 هەزار دولاری بەخشرا بە كورتە فیلمی "مێلۆدی بەرد" لە دەرهێنانی پەرویز رۆستەمی لە كوردستانی ئێران.
ـ باشترین كورتە فیلمی چیرۆكی:
پلەی سێیەم:
لەوحەی فەخری، تەندیسی فیستیڤاڵ و خەڵاتی بری پارەی 2000 هەزار دولاری بەخشرا بە كورتە فیلمی "دالیا" لە دەرهێنانی شاخەوان عەبدوڵڵا قازی لە هەرێمی كوردستان.
پلەی دووەم:
لەوحەی فەخری، تەندیسی فیستیڤاڵ و خەڵاتی بری پارەی 2500 هەزار دولاری بەخشرا بە كورتە فیلمی "نیشتمانی پاڵەوانەكان" لە دەرهێنانی سەهیم عومەر خەلیفە لە وڵاتی بەلژیكا.
پلەی یەكەم:
لەوحەی فەخری، تەندیسی فیستیڤاڵ و خەڵاتی بری پارەی 3000 هەزار دولاری بەخشرا بە كورتە فیلمی "بێدەنگ" لە دەرهێنانی رێزان یێشیلباش هەڵگری خەڵاتی چڵەبەڕووی كورتە فیلمی 65مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی كانی 2012 لە باكووری كوردستان.
ـ باشترین فیلمی سینەمایی:
خەڵاتی یەكەمی ئەم بەشە پێكهاتوو لە لەوحەی فەخری، تەندیسی فیستیڤاڵ و خەڵاتی بری پارەی 5000 هەزار دولاری بەخشرا بە فیلمی سینەمایی "گەر بمری، دەتكووژم" لە دەرهێنانی هونەر سەلیم لە وڵاتی فەڕەنسا.
یەكەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆك بە نمایشی 88 فیلم، لەوانە: فیلمی سینەمایی، فیلمی بڵندی دیكۆمێنتاری، و كورتە فیلمەكانی چیرۆكی، دیكۆمێنتاری و ئەزموونی لە سینەماكارانی سەرتاسەری جیهان لە بەشەكانی پێشبڕكێی و دەرەوەی پێشبڕكێی، لەوانە: 9 فیلمی سینەمایی لە بەشی دەرەوەی پێشبڕكێی واتە "سینەمای جیهان"، 9 فیلمی سینەمایی لە بەشی "پێشبأكێی فیلمە بڵندەكان"، 10 فیلم لە بەشی "پێشبڕكێی فیلمە دیكۆمێنتارییەكان"، 12 كورتە فیلم لە بەشی "پێشبڕكێی كورتە فیلمەكان"، 24 كورتە فیلم لە بەشی "نمایشی كورتە فیلمەكان"، 13 فیلم لە بەشی "نمایشی فیلمە دیكۆمێنتارییەكان" و 11 فیلمی سینەمایی لە بەشی تایبەتی "سینەمای ئیتاڵیا" بە بەشداری بەرهەمی سینەماكارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان، لەوانە: پورتوگال، ئیسپانیا، سوید، ئێران، ئەڵمانیا، فەڕەنسا، ژاپۆن، توركیا، سێربێستان، بەلژیكا، كەنەدا، ئەمەریكا، كۆریای باشوور، عێراق، هەنگاریا و هەروەها هەرێمی كوردستان لە رۆژانی 9 تا 16ی ئەیلوول / سێپتەمبەری 2011 لە هۆڵی كۆنگرێسی زانكۆی شاری دهۆك لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەچێت.
Top