هێڤی: هونەر بە ئافرەتەوە جوانە
ماوەیەكە خانمە هونەرمەند هێڤی بە سەردان گەڕاوەتەوە كوردستان، پێشتریش چەند جارێكی دیكە گەڕاوەتەوە، بەڵام وەك ئەم سەردانە زۆر لە میدیاكان دەرنەكەوتووە، لە لایەكی دیكەوە سەرقاڵی خۆ ئامادە كردنە بۆ بڵاوكردنەوەی بەرهەمێكی نوێی هونەری، لە چاوپێكەوتنێكدا چەند پرسیارێكمان ئاراستەی خاتوو هێڤی كرد ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی گۆڤاری گوڵانی دایەوە..
* ئەگەرچی رەنگە ئەو پرسیارە تەقلیدیش بێت، بەڵام لە كەیەوە دەستت بەكاری هونەری كردووە؟
-من هەر لە تەمەنی دە ساڵییەوە دەستم بەكاری هونەری كردووە و گۆرانیم گوتووە، بەڵام لە ساڵی 2000 بۆ یەكەم جار گۆرانی تایبەتی خۆم تۆمار كرد.
* هۆی چی بوو بەرهەمی ئەم جارەت هەمووی كاری هونەرمەند زیاد ئەسعەد بوو؟
- دیارە زۆربەی كارەكانم لەگەڵ زیاد ئەسعەدە لەبەر ئەوەی كارەكانی زیاد ئەسعەد زیاتر لە ستایلی منەوە نزیكە جەماوەریش ئاوازەكانی زیادیان پێخۆشە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە كە من ئاوازی هونەرمەندەكانی دیكە نەڵێم.
*ئەو تێكستانەی زیاد پێشكەشی تۆی كردوون تێكستی ئافرەتانەن، مەبەستم ئەوەی شیعرە ئاراستەی ئافرەت كراوە؟
-نەخێر، چونكە زیاد ئەسعەد لە كاتی نووسینی تێكستەكان دیاری ناكات كە ئایا تێكستەكە بۆ پیاوە یان بۆ ئافرەت، بۆیە بۆ هەردوو رەگەزدەگونجێ.
*دووركەوتنەوەت لە راگەیاندن هۆكارەكەی بۆچی دەگەڕێتەوە ئایا جۆرێك لە سیاسەتە یان گلەییت لە راگەیاندن هەیە؟
-من بۆخۆم حەز ناكەم زۆر دەركەوم، چونكە پێموایە زۆر دەركەوتنی هونەرمەند لە كەناڵەكانی راگەیاندن بە رۆژنامە و گۆڤار و كەناڵەكانیشەوە، بە سوودی هونەرمەند ناگەڕێتەوە، بەپێچەوانەوە لەوانەیە زیانی پێ بگەیەنێت و زووش خەڵك لێی بێزار بن.
* زۆر لەو هونەرمەندانەی لە سەرەتای كاروانی هونەرین حەز دەكەن بە سنگڵ گۆرانی بڵێن نەك بەرهەم بڵاو بكەنەوه، بۆچی تۆش بە نیازی هەمان رێچكە بگرییە بەر؟
- لەبەر ئەوەی من پێشتر دوو ئەلبوومم تۆمار وبڵاوكردەوە هیچ داهاتێكی ماددی بۆ من نەگەڕاوەتەوە، دیارە درووستكردنی ئەلبوومیش خەرجی زۆری دەوێ، بۆیە پێم باشترە بەرهەمەكانی خۆم بە سنگڵ تۆمار بكەم و كلیپیان بۆ بكەم.
* بیستوومانە لە بەرهەمی رابردووتدا هیچ پارەیەكت نەهاتەوە دەست، ئەی چەند زەرەرت كرد؟
- راستە پارەیەكی زۆرم خەرج كرد بۆ ئەوەی بەرهەمەكەم بەشێوەیەكی جوان و هونەری تۆمار بكەم و پێشكەش بە جەماوەری خۆمی بكەم، بەڵام بەداخەوە هەرچەندە هەموو بەرهەمەكە فرۆشرا، كەچی هیچ سوودی ماددیم لێی نەدیت.
* هونەرمەندان تا چەند دەتوانن بەردەوام بن لە كاری هونەری لەو كاتەی كە پێشێل كردنی مافیان بەردەوامە؟
- دیارە لە هەموو دونیا هونەرمەند ئەو كاتە دەتوانێت لە كارەكانی بەردەوام بێت و پارەی بۆ خەرج بكات كە دەتوانێت سوودی لە فرۆشتنی بەرهەمەكانی هەبێت بۆ خودی خۆی تاكو بتوانێت بەرهەمی باشتر پێشكەش بكات، بەڵام بەداخەوە لەناو میللەتی كورددا ئەمە نەبووەتە كەلتوور كە سیدی ئۆرجیناڵ بكڕن بۆ ئەوەی بەشێكی خەرجی پارەكانی بۆ بگەڕێتەوە ئەو پارانەی لە بەرهەمهێنانی سیدییەكە خەرجی كردوون، زۆربەی خەڵك بەرهەمی كۆپی دەكڕن، بۆیە تەنیا ئەو شوێنانەی سیدییەكان دەفرۆشن سوودی لێدەبینن و حكومەتیش هەوڵی ئەوەی نەداوە كە یاسایەكی تایبەت دەربكات بۆ ئەوەی بەرهەمهێنەری پێ بپارێزێت.
* بەهای هونەری لای هێڤی چی دەگەیەنێت؟
- دیارە من كە لە بواری هونەری كار دەكەم وەك ئارەزووەكی تایبەتی خۆمە و نەمویستووە هونەر بكەم بە پیشە و سوودی ماددی لێ ببینم و هونەریش بە كارێكی زۆر پیرۆزو خۆشەویست دەزانم، چونكە من هەر سەرەتا كە دەستم پێكرد لە خێزانێكی هونەری پەروەردە كراوم، برای خۆشەویستم مامۆستا مەجید خۆشناو هونەرمەندێكی ئەكادیمی بوو، پێشتر هاوسەرەكەشم هونەرمەند بووە و كاری هونەری كردووە.
*هونەری كوردی چۆن بە بازرگانی دەكرێت؟
-بە ڕای من هونەر ئەگەر نەگاتە ئەو ئاستەی كە بازرگانی پێ بكرێت و بەرهەمی هونەرمەندان لە بازاڕ و كەناڵەكان داواكاری لەسەر نەبێت،ئەوا هونەرمەند ناتوانێت بەردەوامی بە كاری خۆی بدات، چونكە كاری هونەریی باش و لە ئاستی بەرزدا بێت خەرجی زۆری دەوێت، ئەمەش زەحمەتە و هەموو هونەرمەندێك ناتوانێت دابینی بكات.
* هونەرمەند بۆ ئەوەی سەركەوتوو بێت پێویستە ركابەری كێ بكات و چۆن بیكات؟
- لەسەر هونەرمەند پێویستە بەردەوام ئاگای لە كارە هونەرییە تازەكان بێت، لەرووی نوێكارییەوە بزانێت چی نوێ لە جیهانی گۆرانی و موزیك، چاودێرییەكی تەواوی هەبێت لەسەر هەموو كارە باشەكان لە بواری تێكست و ئاواز و ئاستی كلیپەكان، لە هەمان كاتدا كە بەلای منەوە ئەمەیان لە هەموو لایەنەكانی دیكە گرنگترە پێویستە هونەرمەند گوێ لە رەخنە و پێشنیارەكان بگرێت بەتایبەتی ئەگەر رەخنەی بونیادنەر بن نەك رووخێنەر و هەوڵ بدات لایەنە خراپەكانی كارەكانی كەم بكاتەوە و نەهێڵێت و لایەنە باشەكانیشی پتەوتر بكات.
* ئایا جەماوەر رۆڵێكی هەیە لە پەرەسەندنی دیاردەی كۆپی كردن و پێشێل كردنی مافی هونەرمەندان؟
-بێگومان، چونكە ئەگەر جەماوەر بەرهەمی كۆپی نەكڕێت تۆمارگاكان بۆ كێ چاپی دەكەن، هەروەها بەشێكی بەرپرسیاریەتییەكە دەكەوێتە ئەستۆی حكومەت لەبەر ئەوەی كۆپی كردن بەكارێكی زۆر ئاسایی دادەنرێت و حكومەت كەسی سزا نەداوە لەسەر ئەوەی بەرهەمی هونەرمەندانی كۆپی كردووە.
* لە شوێنان هونەرمەند بە داهاتی كۆنسێرتەكان دەژین، بۆ لە كوردستان ئەمە ناكرێ هەرچەندە هونەرمەندان خاوەن رێژەیەكی زۆری جەماوەریش بن؟
- لەبەر ئەوەی خەڵكی كوردستان هەروا راهاتوون كە كاری هونەری بەخۆڕایی بێت، خەڵك پێی شەرمە كە هونەرمەند پارەی بەرهەم و كۆنسێرتەكانی وەربگرێت، چونكە هونەر لەنێو ئێمەی كورددا هێشتا نەبووەتە پیشە تەنیا وەك ئارەزووەك وایە زۆر جاریش كاری هونەری تەنیا بۆ خۆشییە.
*هیچ بەرهەمێكی كۆنت نوێ كردۆتەوە؟ و بۆچی؟
- بەڵێ بەرهەمی كۆنم تازە كردۆتەوە لە هەردوو ئەلبوومەكانم، پێموایە هەندێك جار ئەو بەرهەمە كۆنانە بە دابەشكردن و ژەنینێكی تازەوە خەڵك چێژی زیاتری لێ وەردەگرێت.
* بۆچی تا ئێستا بە زاراوەی كرمانجی گۆرانیت نییە؟
- یەك گۆرانیم بە زاراوەی كرمانجی گوتووە، بەڵام من پێموایە ئەگەر هەر زاراوەیەك زۆر بە باشی قسەی پێ نەكەیت ناكرێ گۆرانی پێ بڵێیت، زۆر لە هونەرمەندەكان بە كرمانجی گۆرانییان گوتووە، بەڵام باشیان نەهێناوە، دیارە كە كرمانجن و بە پێچەوانەوەش سۆرانیش بە كرمانجییان گوتووە، بەڕای من هەر چەندە گۆرانی بە زاراوەی كرمانجی بڵێم لەو باوەڕەم ناتوانم وەك هونەرمەندێكی دەڤەری بادینان بیڵێم.
* بیستوومانە بە نیازی سازدانی كۆنسێرتی لە هەولێر و سلێمانی، دەكرێ بۆمانی باس بكەیت؟
-گەر بۆم بڕەخسێت و گرووپێكی موزیكی باش كۆ بكەمەوە و لایەنی بەرپرس لە هەولێر و سلێمانی ئامادەییان هەبێت من ئامادەم بەخۆڕایی كۆنسێرت بۆ جەماوەر ساز بكەم.
*حەز دەكەیت منداڵەكانیشت كاری هونەری بكەن؟
-زۆرم پێخۆشە بەڵام بەداخەوە لە كۆمەڵگای ئێمەدا هەندێك كەس هونەر بە كارێكی باش نازانن، كەچی ئەو كەسەی بێتە نێو بواری هونەرییەوە، لە هەموو كارێكی سلبی و زیانبەخش بەتایبەتی گەنجەكان دوور دەكەوێتەوە.
* جاران گلەیی ئەوە دەكرا كە ژمارەی ئافرەتانی هونەرمەند كەمە، ئێستا ئافرەتی زۆر لە گۆڕەپانی هونەریدان، بەڵام ئایا توانیویانە وەك پێویست خزمەتی هونەری كوردی بكەن؟
-بەڵێ ئێستا خۆش بەختانە ئافرەتی هونەرمەندمان زۆرە و زۆربەی زۆریان ئاستی هونەرییان باشە و دەنگیان خۆشە و كاری باشیشیان پێشكەش كردووە،دیارە لە هەموو دونیا هونەری بە ئافرەتەوە جوانە و موزیك ئەگەر ئافرەت وەكو پێویست تێیدا بەشدار نەبێت، خەڵك چێژی لێ وەرناگرێت.