بەشی شەشەمی باب الحارە چاوەڕێی رووخانی ئەسەد دەكات
9 ئەیلوول/سێڵتێمبەر (گوڵان میدیا)- بڕیارە رەمەزانی داهاتوو بەشی شەشەمی زنجیرە درامای باب الحارە لە كەناڵەكان پەخش بكرێت و لە ئێستادا بۆ تۆماركردنی چاوەڕێی گۆڕانی دۆخی سووریا دەكەن.
زنجیرەكە لەبەر زۆری تەماشاوانی 5 بەشی لەماوەی پێنج رەمەزان بەرهەم هێندرا و لە كەناڵە هەرە گەورە عەرەبیەكان پەخشكرا، بەرهەمهێنەری ئەو زنجیرە درامایە رایگەیاند كە بەشی شەشەمی لە قۆناغی ئامادەكردنی سیناریۆكەیەتی، دووابەدوای ئەو قۆناغە راستەوخۆ دەستدەكرێت بە تۆماركردنی گرتەكانی باب الحارە.
باب الحارە، یەكێكە لە زنجیرە دراما هەرە بەناوبانگەكانی سووریا كە باس لە باری ژیانی سەردەمی داگیركاری فەڕەنسا دەكات بۆ ئەو وڵاتە و ئەم باسەش لەچوارچێوەی بیرەوەریەكانی گەڕەكێك وروژێندراوە.
بەسام مەلا، دەرهێنەری دراماكە كە كوردە و خەڵكی قامیشلۆیە، لە راگەیەندراوێكی پێشتردا گوتی "هەر گۆڕانكاریەك لە دۆخی سیاسی و حوكمڕانی سووریا، دەبێتە هۆی گۆڕان لە درامای باب الحارە". چاودێران ئەو لێدوانەی دەرهێنەر بە ئاماژەیەك تێدەگەن بۆویستی ستافی ئەو درامایە بە رووخانی بەشار ئەسەد، سەرۆكی رژێمی سووریا.