هەڵكەوت مستەفا بۆ گوڵان:وەزارەتی رۆشنبیری ناتوانێت خەرجی فیلمەكە لەئەستۆ بگرێت

هەڵكەوت مستەفا بۆ گوڵان:وەزارەتی رۆشنبیری ناتوانێت خەرجی فیلمەكە لەئەستۆ بگرێت
فلیمی(ڤیزەی شنگن) بەرجەستەكردنی ململانێی میسی و كرستیانۆ لە جەستەی دوو كورتەباڵای هەورامیدا

ماوەیەكە دەرهێنەری لاوی كورد هەڵكەوت مستەفا سەرقاڵی بەرهەمهێنانی فیلمێكی سینەماییە بە ناوی (ڤیزەی شنگن) كە باس لە ململانێی نێوان هەردوو یاریزانی جیهانی لیونێل میسی و كریستیانۆ رۆناڵدۆ دەكات، بەڵام ململانێیەكە لە جەستەی دوو كورتە باڵای كوردی خەڵكی دەڤەری هەورامان بەرجەستە دەكات، ئەم دوو كورتە باڵایە هەوڵ دەدەن دوو جووت كڵاشی كوردی پێشكەش بەم دوو یاریزانە بكەن، بۆیە بڕیار وایە هەر یەكە لە میسی و رۆناڵدۆش لەم فیلمە جیهانییەدا بەشداربن، بەڵام تا ئێستا ئەمە یەكلا نەبووەتەوە، سەبارەت بە دوا هەنگاوەكانی فیلمەكە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ دەرهێنەر هەڵكەوت مستەفا سازكرد.




* كارەكانی فیلمی (ڤیزەی شنگن) بەچی گەیشتوون؟

- بیرۆكەی فیلمی (ڤیزە شنگن) لە ئەوەوە درووستبوو كە دوو كورتە باڵا دوو جووت كڵاش پێشكەش بە میسی و رۆناڵدۆ بكەن، دواتر بیرۆكەیەكی دیكە هاتە ئاراوە كە ئیسپانیاشی تێدا بێت بۆ ئەم دوو كورتە باڵایە بە ئامانجی خۆیان بگەن، چونكە ئەو فیلمانەی لە جیهانی سێیەمدا بەرهەم دەهێنرێن ئامانجێكی دیاریكراویان تێدایە، ئەمەش داهێنانێكی نوێ نییە، من پار لەگەڵ بەرپرسانی هەردوو یانەی ریال مەدرید و بەرشەلۆنە كۆبوومەوەو گرفتی ئەوان تەنیا رۆناڵدۆ و میسییە، بەجۆرێك من گەیشتوومەتە ئەو قەناعەتەی ئەگەر ئەوەندە داوامان لە ئۆباما بكردایە ئەوا بەشداری دەكرد لە فیلمەكە، چونكە ئەم دوو یاریزانە كڕین و فرۆشتنی زۆریان پێوە كراوە و چەند كەسێك بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ لە ژیانی ئەوانەدا هەن كە ژیانیان سنووردار كردوون و كەس ناتوانێ ریسی ئەوانە هەڵبگرێ كە لە فیلمەكەی ئێمەدا بەشداری بكەن، ئەوان لە فیلمەكەدا بەشدار دەبن، بەلام كێشەكە ئەوەیە چۆن بەشدار دەبن، بۆیە تا ئێستا میسی و رۆناڵدۆ هۆكاری سەرەكیی دواكەوتنی فیلمەكە بوون و لەوانەیە كەسانێكی لای خۆشمان هۆكار بن، چونكە خاوەنی بەڵێنەكانی خۆیان نەبوون.

بەڕێوەبەرانی هەردوو یانەكە قەناعەتێكی زۆریان بە بیرۆكەی فیلمەكە هەبوو، بەڵگەشمانە ئەوەیە نوێنەری ریال مەدرید هات بو هەورامان بۆ بینینی كورتە باڵاكان، هەروەها باڵیۆزی ئیسپانیاش هات بۆ كوردستان و كەسانی دیكەش بە هەمان شێوە، من خۆیشم لەو كاتەی بیرۆكەی فیلمەكەم لا درووست بووە هەمیشە خەریكی هاتوچۆ بووم.

* ئەی هیچ لە دوو یانەكە ئامادە نەبوون خەرجی فیلمەكە لە ئەستۆ بگرن؟

- پرسیارێكی زۆر جوانە، بەڵام كێشەكە ئەوەیە میسی و رۆناڵدۆ بەیەكەوە نابن ئەمەیان زۆر زەحمەتە و ئەگەر تەنیا یەكێكیان لە فیلمەكەدا رۆڵی هەبوایە دەمانتوانی تەنانەت داوای پارەشیان لێ بكەین، ئەم فیلمە باس لە ململانێی نێوان میسی و رۆناڵدۆ دەكات، بەڵام لە لەشی دوو كورتە باڵای كورددا، هەردوو یانەكەش هەر یەكیان لە بوارێكدا هاوكاریان كردین و ئامادەیی خۆیشیان دەربڕی بۆ یارمەتیدانمان وەكو یانە.

*كەواتە بارگرژی نێوان میسی و رۆناڵدۆ رۆڵی هەبوو لە دواكەوتنی فیلمەكە؟

- بێگومان، یەكەم پرسیار كە بەرپرسی ریال مەدرید ئاراستەی كردم ئەوە بوو ئایا میسی لە فیلمەكەدا رۆڵی هەیە؟ منیش بە ترسەوە گوتم بەڵێ، یەكسەر سیما و رووخساری گۆڕا، بۆیە من پێموایە ئەم فیلمە بارگرژی و ململانێی نێوان میسی و رۆناڵدۆ زیاتر دەكات، چونكە ململانێی نێوان ئەم دوو یانەیە باكگراوندێكی سیاسیشی هەیە لە نێوان كەتالۆنیا و مەدرید، ئەمە جگە لە ململانێی نێوانیان لەسەر نازناوی باشترین یاریزانی جیهان، یەكێك لەو دیمەنانەی كە من پێموایە ئەستەمە رووبدات، ئەوەیە كە هەردووكیان لەنێو ئۆتۆمبێل بە یەكەوە دانیشتوون، بۆ رزگار بوون لەم گرفتە قسەمان لەگەڵ كۆمپانیایەكی بەریتانی كرد كە میسی و رۆناڵدۆمان بۆ دروست بكات تا ئێستا رۆناڵدۆیان درووستكردووە و تەنیا میسی ماوە، ئەوەی بەلای ئێمەوە زۆر گرنگە ماركیتینگی ئەم دووانەیە كە چۆن لە رووی یاساییەوە درێسەكانیان كە ناوی هەردووكیانی لەسەر نووسراوە بەكار بهێنین و كورتە باڵاكان لەبەری دەكەن.

* ئەی نەتانتوانی لە لایەنی خێرخوازییەوە سوودیان لێوەربگرن، چونكە ئەوان لەم لایەنەش تا رادەیەك ركابەرن؟

- فیلمەكە خەرجیەكانی نزیكەی پێنج ملیۆن دۆلار دەبێت و بە پێچەوانەی كوردستان لە هەموو شوێنێك بیزنس، كاتێك باسی پێنج ملیۆن دۆلار و میسی دەكەیت لە قالبی خێرخوازی دەردەچێت و دەچێتە قالبی بیزنس، چونكە داواكردنی چارەسەركردنی دوو نەخۆش جیاوازە لەوەی تۆ بچی بڵێی فیلمێك درووست دەكەم و لە هەموو دونیا بڵاوی دەكەمەوە، چونكە كابرا وا هەست دەكات تۆ مەبەستت بەدەستهێنانی داهاتە لە پشت فیلمەكەوە، سەرەڕای ئەمەش ئێمە لەگەڵیان بەردەوام دەبین و دەبێ ئەم فیلمە تەواو بێت و دواكەوتنەكەشی كارێكی ئاساییە بە لای منەوە، چونكە جاری وا هەیە لە هۆڵیۆد فیلم دوو ساڵ دوادەكەوێت.

*پێشكەش كردنی دوو جووتە كڵاشی كوردی لەلایەن كورتە باڵاكانەوە بە میسی و رۆناڵدۆ چ پەیامێكی هەیە؟

-بیرۆكەی فیلمەكە هەروەك گوتم لە دوو كورتە باڵای خەڵكی هەورامان دەستیپێكرد تا دەگەنە ئامانجەكەیان، بەڵام پێشكەش كردنی كڵاشەكان پەیامێكی كلتووری و مرۆڤایەتییە، كە تۆ كڵاشێك دەكڕیت وەك ئەوە وایە كە ژیانی خەڵكێك رزگار بكەیت، چونكە كەسانێكی زۆر بژێوی ژیانیان لەسەر درووستكردن و فرۆشتنی كڵاش پەیدا دەكەن، هەروەها درووستكردنیشی خۆی لە خۆیدا هونەرێكی تایبەتە، چونكە هەمووی بە دەست درووست دەكرێت و ئەگەر جگە لە كورد هەر نەتەوەیەكی دیكە كڵاشی درووستكردایە نرخی لە 600-700دۆلار كەمتر نەدەبوو بۆیە دەتوانرێ بازاڕێكی گەورە تەنیا بۆ كڵاش درووست بكرێ، كاری ئێمەش وەك هونەرمەند ئەوەیە كلتووری خۆمان بناسێنین و میسی و رۆناڵدۆش لە فیلمەكە كڵاشی كوردی لە پێ دەكەن.

* وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان چۆن هاوكاری كردوون؟

- ئەم كارە لە توانای وەزارەت بەدەرە واتە ناتوانێت خەرجییەكانی لە ئەستۆ بگرێت، چونكە بودجەی وەزارەت زۆر كەمە ئەم فیلمەش كارێكی نێودەوڵەتییە، كەچی حكومەتی عێراقی 530 هەزار دۆلاری سەرف كردووە نازانم حكومەتی ئێمە كاری چییە، دەمەوێ ئەوەش بڵێم ساڵی داهاتوو میسی و رۆناڵدۆ سەیری ئەم فیلمە دەكەن كەواتە دەبێ فیلمێكی پرۆفیشناڵ بێت، كاری پرۆفیشناڵیش پێویستی بە كەسانی پرۆفیشناڵ هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش 83 كەسم لە چەندین وڵاتی جیهان كۆكردۆتەوە بۆ ئەوەی بێنە كوردستان ئەمەش پێویستی بە كار و پاڵپشتییەكی زۆر هەیە، فۆتۆگرافەری ئەم فیلمە فۆتۆگرافەری یەكەم فیلمی سێ رەهەندی لە ئەوروپا بووە مۆنتێر و تۆماركەری دەنگ لە باشترینەكانن، تەنیا مۆسیقای فیلمەكە 200 هەزار دۆلاری تێدەچێت، چونكە ئۆركیسترای سوید و فلامینگۆی ئیسپانی و هۆرەی هەورامی و كۆمپۆسیری نەرویژی هەموویان لە فیلمەكەدا بوونیان هەیە، بەكورتی ئەوانەی لە فیلمەكەدا بەشدارن لەسەر ئاستی جیهانی ناوی دیار و خاوەن ناوبانگن، بەداخەوە لە كوردستان ئەگەر گەورەترین بیرۆكەت هەبێت بچووك دەكرێتەوە، بەپێچەوانەی ئەمریكا كە بیرۆكەیەكی بچووك زۆر گەورە دەكرێت، بۆ رزگار بوون لەم گرفتە شەش بەرپرسی درامیمان گرتووە بۆ سیناریۆكە و چەند نووسەرێكی بەڕێزی كوردیش ئاگاداری سیناریۆكەن، چونكە جاری وا هەیە تۆ سیناریۆیەكی باشت لەبەر دەستە، بەڵام لەرووی كلتوورییەوە زیانی هەیە ئەم نووسەرانە سەربەستن لەوەی چی دەنووسن بە مەرجێك بینەر چی بوێت ئەوەی تێدا باس كرا بێت، چونكە فیلمەكە زیاتر بینەرییە و بۆ خەڵكە و لەبەر ئەوەی بۆ خەڵكە دەبێ سەیری بكات باس لەو گیروگرفت و ئاستەنگانە دەكات كە دوو كورتە باڵا رووبەڕووی دەبنەوە بۆ ئەوەی بتوانن دوو جووت كڵاشی كوردی پێشكەش بە دوو لە باشترین یاریزانەكانی جیهان بكەن.











Top