محەمەد تەها بۆ گوڵان:ئەوەی ئێستا لە گۆڕەپانی هونەری كوردی هەیـــــە پێناسە ناكرێ

محەمەد تەها بۆ گوڵان:ئەوەی ئێستا لە گۆڕەپانی هونەری كوردی هەیـــــە پێناسە ناكرێ
شاری ئاكرێ هەمیشە هونەردۆست و هونەر پەروەر بووە و زۆر لە هونەرمەندانی كوردیش گۆرانییان بۆ ئەم شارە دڵڕفێنە چڕیوە، هەر لەم شارەدا چەندین هونەرمەندی بە توانا و گەورە هەڵكەوتوون كە بە هونەرەكەیان خزمەتێكی زۆری هونەری كوردییان كردووە لە سەردەمە جیاوازەكاندا و تا بە ئەمڕۆ دەگات، محەمەد تەها ئاكرەیی یەكێكە لەو هونەرمەندانە كە هەر لە سەرەتای هەشتاكانەوە تا ئێستا لە گۆرانی گوتن بەردەوامە، ئەگەرچی ئێستا وەك پێویست نییە لەگەڵ توانا و مێژووی هونەری خۆیدا، چونكە زۆر لێهاتووانە گۆرانیی فۆلكلۆری و هاوچەرخی پێشكەش بە هونەری كوردی كردووە، محەمەد تەها لەم دیمانەیەدا بەم شێوەیە وەڵامی چەند پرسیارێكی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.



*ماوەیەكە محەمەد تەها لە گۆڕەپانی هونەری بزرە، هۆكار چییە؟
- دەتوانم بڵێم ئەمە راستە، بەڵام ئەگەر هاوكاری كردن بەردەوام بێت، بە دڵنیاییەوە من بەردەوام دەبم لە خزمەت كردن و ساڵانە بەرهەمی نوێ بڵاو دەكەمەوە.
*كەموكوڕییەكانی هونەری كوردی لە ئێستادا چین؟
- بە راشكاوی دەڵێم پێشتر هونەری كوردی لە هیچ لایەنێكەوە كەموكوڕی نەبوو، بەڵام رێژەی ئەو كەسانەی كە تێكدەری هونەری رەسەنی كوردین زۆر زیادی كردووە، بۆیە دەبینین هونەری كوردی گەیشتۆتە ئەو رادەیەی پێی بڵێین كە لاواز بووە، كاتێك هونەرمەند لە هەموو لایەكەوە خاوەن گەنجینەیەكی هونەریی باش و دەوڵەمەند بێت، ئەو كات دەتوانێت كارێكی هونەری باش ئەنجام بدات، كارێك كە جەماوەر لێی رازی بێت و خزمەتێك بە هونەری میللەتەكەی بكات.
*بۆچی هونەرمەندانی كورد لە گۆرانییە كلاسیكییەكان دووركەوتوونەتەوە؟
- چونكە بە داخەوە زۆر لە گۆرانیبێژەكانی ئێستامان ئەو توانا هونەرییەیان نییە كە بتوانن گۆرانیی كلاسیك بڵێن بەتایبەتی توانا دەنگییەكان، چونكە گۆرانیی كلاسیك پێویستی بە توانایەكی دەنگی زۆر هەیە.
* پێویستییەكانی دیكەی گوتنی گۆرانیی كلاسیك چین؟
-وەك گوتم توانای دەنگی زۆر پێویستە، هەروەها پێویستی بە توانایەكی مێشكی زۆر هەیە بۆ ئەوەی بتوانرێ شیعری كلاسیكی كوردی بە تەواوی لەبەر بكرێت، چونكە لەبەر كردنی ئەم شیعرانە تا رادەیەك زەحمەتترە لە شیعری ئاسایی یان شیعری گۆرانی.
* تۆ خۆت زیاتر حەز لە گۆرانیی كلاسیك یان فۆلكلۆر دەكەیت؟
-من بەر لەوەی گۆرانییەك بڵێم سەیری دەكەم، ئەگەر گۆرانییەك بە دڵم بێت و بزانم بە دڵی جەماوەر دەبێت لە هەمان كاتدا سوودی دەبێت بۆ كلتووری رەسەنی كوردی، دەیڵێم.
* ئایا لاوەكان توانیویانە وەك پێویست خزمەت بە هونەری كوردی بگەیەنن؟
- زۆر جار كەسانێك هەن كارێك ئەنجام دەدەن بە نیازی ئەوەی خزمەت بە هونەری كوردی بكەن و زۆریش ماندوو دەبن، بەڵام لەوانەیە هەوڵەكانیان بە پێچەوانە بشكێتەوە و لە جیاتی ئەوەی سوودی بۆ هونەری كوردی هەبێت زیانی زیاتر بێت، من سەر وسیمای هونەری لای ئەو كەسانە نابینم و گۆرانییەكانیشیان لە ئاستێكی زۆر نزمدان.
* چۆن دەتوانین هونەری رەسەنی خۆمان بپارێزین؟
- ئەوەی راستی بێت هونەری كوردی هیچ كەموكوڕی نییە بۆ ئەوەی ئێمە بێین تا بیپارێزین، ئێمە بۆ خۆمان چەند كەسانێكی بە كەموكوڕی زۆرەوە هێناومانەتە ناو هونەری رەسەنی كوردی، بۆیە وا هەست دەكەین كە هونەرەكەمان كەموكوڕیی تێدایە.
* ئەی ئەو بارودۆخەی ئێستا لە گۆڕەپانی هونەری كوردیدا هەیە تۆ چۆن پێناسەی دەكەیت؟
-ئەوەی ئێستا لە گۆڕەپانی هونەری كوردیدا هەیەو بە ئاشكرا هەموو لایەك هەستی پێدەكەین، ناتوانین هیچی بۆ بڵێین یان پێناسەی بكەین، چونكە ئەوەندە لاوازە هەرچییەك بڵێیت هەر كەمە، هەندێك لەو كەسانە كە بە خۆیان دەڵێن هونەرمەند یان گۆرانیبێژ،هۆكاری سەرەكین لەوەی كە هونەری كوردی بۆ دواوە بگەڕێتەوە لە جیاتی ئەوەی پێش بكەوێت.
* ئێستا هونەرمەندان و گرووپە هونەرییەكان روویان لە نوێكردنەوەی گۆرانییەكانی هونەرمەندەكانی پێشوو كردووە، تۆ بۆ ئەم دیاردەیە چی دەڵێیت ؟
- من ئەمە بە كارێكی باش نابینم، چونكە ئەوەی پێشكەشی دەكەن لە ئاستێكی بەرزدا نییە كە تینوویەتی جەماوەر بشكێنێت و لێی رازی بێت.
* ئەو كارە چ جیاوازییەكی لەگەڵ كاری تەقلیدا هەیە؟
-نەخێر بەڕای من ئەم كارەش، جۆرێكە لە تەقلیدێكی بێ سەروبەر.
*هونەرمەندی سەركەوتوو كێیە؟
-هونەرمەندی سەركەوتوو ئەوەیە كە هونەر لە خودی خۆیدا هەبێت، كاتێك دەردەكەوێت و ئەو بەهرەیەی هەبێت بتوانی دەری بخات، بەجۆرێك هونەرەكەی خۆی بیكات بە هونەرمەندێك كە هەموو لایەك شایەدی بۆ توانا هونەرییەكانی بدەن.
* زۆر كەس گلەیی لە وەزارەتی رۆشنبیری دەكەن بەوەی كەمتەرخەمە بەرامبەر بە هونەرمەندان، تۆ چی دەڵێیت؟
- من پێموایە كە وەزارەتی رۆشنبیری زۆر زۆر هاوكاری و پاڵپشتی هونەرمەندانی كوردستان بووە لە هەموو بوارێكدا، چ لە بواری گۆرانی و موزیك و شانۆ و سینەما و دراما و تەنانەت بواری شێوەكاریشدا.
* هەستت بەوە كردووە كە جیاوازییەك كرا بێت لە نێوان هونەرمەندان لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیرییەوە؟
- بێگومان جیاوازی هەیە،لە هەموو دنیاش ئەم جیاوازییە هەر هەیە و هەستی پێدەكرێت نەك تەنیا لێرە لە كوردستان، ئەم جیاوازییە دەبێ هەبێت لەنێوان تاكەكان و كارەكانیاندا، بەڵام لەسەر بنەمایەكی راست و درووست و زانستی، بە گشتی هاریكاری كردنی هونەرمەندان كارێكی پیرۆزە و پێویستە حكومەتی هەرێم گرنگیی زیاتری پێ بدات بۆ ئەوەی هونەرمەندان كۆ بكاتەوە و بەبێ منەتی ئەرشیفێكی هونەریی دەوڵەمەند بونیاد بنرێت.
*بەر لە ماوەیەك گوێمان لێ بوو كە باری تەندروستیت تێكچووە ئەمە تا چەند راست بوو؟
- زۆر سوپاس بۆ هەواڵ پرسینتان، پەنا بە خوا من ئێستا زۆر باشم و ژیانیشم زۆر بە نۆرماڵ دەگوزەرێنم، بەر لە ماوەیەك بۆ ئەنجامدانی چەند پشكنینێكی تەندروستی ئاسایی رووم لە دەرەوەی وڵات كرد و نازانم ئەم هەواڵە چۆن بەو شێوەیە بڵاوكرایەوە، ئێستاش زۆر زۆر باشم.
* بەرهەمی نوێت هەیە؟
- بەڵێ ئێستا خەریكی كاركردنم لە بەرهەمێكی نوێی هونەری و كارەكانی بەرەو كۆتایی دەچن، پەنا بە خوا لە ماوەیەكی نزیكدا تەواو دەبێت و پێشكەشی جەماوەری خۆمی دەكەم.



Top