دهۆك فیستیڤاڵی سینەما لەخۆ دە‌گرێت

دهۆك فیستیڤاڵی سینەما لەخۆ دە‌گرێت
* چەندین فیلمی تیادا نمایش دەكرێت
* دەیان ئەستێرەی جیهانی بەشدار دەبن
بڕیار وایە‌ لە‌ رۆژانی 9-16/9/ 2012 یە‌كە‌م فیستیڤاڵی سینەمایی لە‌ شاری دهۆك بە‌ بە‌شداری چە‌ندین وڵات لە‌ ئە‌مریكا و ئاسیا و ئە‌فریقا و ئە‌وروپا ئە‌نجام بدرێت، سەرباری ژمارەیە‌ك فیلمی كوردی، بۆ ئە‌م مە‌بە‌ستە بە‌ڕێز عادل حە‌سەن سەرۆكی لیژنەی ئامادە‌كاریی فیستیڤاڵ بە‌م شێوە‌یە‌ بۆ گوڵان هاتە ئاخافتن.

* دە‌توانین بڵێین فیستیڤاڵی دهۆك بە‌ فەرمی بووە‌تە فیستیڤاڵێكی ساڵانە؟
- هە‌وڵێكی زۆر لە‌ ئارادایە‌ و حە‌زیش هە‌یە‌، هە‌روە‌ها كاریش بۆ ئە‌وە‌ كراوە‌ كە‌ بە‌شێوە‌یە‌كی فەرمی ببێتە فیستیڤاڵێكی ساڵانە، بە‌ڵام تا ئێستا ناتوانم بڵێم ئە‌و بڕیارە دراوە‌.
* ئە‌ی خۆ ئامادە‌كردنی ئێوە‌ وە‌ك لیژنەی باڵای فیستیڤاڵ بە‌ كوێ گەیشتووە؟
- خۆ ئامادە‌ كردنی ئێمە‌ بۆ سازكردنی ئە‌م فیستیڤاڵە‌ بە‌رەو كۆتایی دە‌چێت، نووسینگەكانمان لە‌ ئە‌وروپا، ئێران، توركیا، بە‌غدا كارەكانی خۆیان بە‌ كۆتا هێناوە‌ و فیلمە‌كان وە‌رگیراون و هە‌موویان رەوانەی دهۆك كراون، ئێستا ئێمە‌ سەرقاڵی ئامادە‌ كردنی لیستی میوانەكانین، بە‌شێوە‌یە‌كی گشتی كارەكانمان زۆر بە‌ باشی بە‌ڕێوە‌چوون و ئامادە‌یی تەواومان كردووە‌ بۆ دە‌ستپێكردنی فیستیڤالە‌كە‌.
*سەبارەت بە‌ سپۆنسەرانی فیستیڤاڵ تا ئێستا چە‌ند سپۆنسەرتان هە‌یە‌ بۆ ئە‌وە‌ی فیستیڤالە‌كە‌ لە‌ ئە‌ستۆ بگرن؟
- ئە‌وە‌ی راستی بێت ئە‌م مە‌سەلە‌یە‌ زۆر باسی لێوە‌ كراوە‌، مە‌بە‌ستی سەرەكیمان لە‌ باس كردنی سپۆنسەر ئە‌وە‌یە‌ كە‌ كلتووری سپۆنسەری درووست بكە‌ین بۆ ئە‌وە‌ی سەرمایە‌دارانمان بە‌شداری بكە‌ن لە‌و كاروچالاكییە‌ ئە‌دە‌بی و هونەریانەی لە‌ شاری دهۆك ئە‌نجام دە‌درێن، چونكە‌ دە‌رەنجامی كۆتایی ئە‌م جۆرە چالاكییانە و سوودە‌كانی بۆ هە‌موومانە.
بۆیە‌ پێویستە ئە‌م سوودە‌ ماددی یان مە‌عنەوی بێت، هە‌ر بە‌م بۆنەیە‌وە‌ و لە‌ رێگای گۆڤاری گوڵانەوە‌ سوپاسی ئە‌و لایە‌نانە دە‌كە‌م كە‌ تا ئێستا بوون بە‌ سپۆنسەری فیستیڤاڵە‌كە‌ ئە‌وانیش بریتین لە‌: گرووپی صە‌باح مە‌لحە‌م، میوانخانەی ژیانی، كۆمپانیای ئاوی لایف، كۆمپانیای تۆڤی، یە‌كێتیی بە‌ڵێندە‌ران، ژووری بازرگانی، هە‌روە‌ها دە‌مە‌وێ ئە‌وە‌ش بڵێم كە‌ پارێزگای دهۆك و ئە‌نجوومە‌نی پارێزگا پشتیوانی بە‌هێزی ئێمە‌ بوون، سەرەڕای میدیا پارتنەر كە‌ گەورەترین دە‌زگاكانی راگەیاندنی هە‌رێم تێیدا بە‌شدارن.
هیوادارم كە‌ كۆمپانیاكانی كە‌رتی تایبە‌ت زیاتر و زیاتر پشتیوانی و پاڵپشتی كار و بزاڤی‌ كە‌لتووری و ئە‌دە‌بی و هونەری بكە‌ن، چونكە‌ بە‌ راستی ئە‌م بوارە واتە بواری رۆشنبیری بە‌شێوە‌یە‌كی گشتی زۆر گرنگە بۆ پێشكە‌وتنی كۆمە‌ڵایە‌تی.
*تائێستا چە‌ند فیلم بۆ فیستیڤالە‌كە‌ هاتووە‌ و لە‌ چە‌ند وڵات هاتوون و چ جۆرە فیلمێكن؟
- 89 فیلم وە‌رگیراوە‌ لە‌نێوان فیلمی درێژ و كورت و دیكیۆمنتارین لە‌مانەش فیلمی ئیتاڵی كە‌ ژمارەیان 13 فیلمە‌ و بە‌ هە‌ماهە‌نگی لە‌گەڵ فیستیڤاڵی رۆما RIFF ئە‌م فیلمانە وە‌رگیراون، هە‌روە‌ها 20 فیلم لە‌ وڵاتەكانی ئە‌مریكا، ئە‌وروپا، ئاسیا، ئە‌فریقیا لە‌م فیستیڤاڵە‌ نێودە‌وڵە‌تییە‌دا بە‌شدارن.
* سەبارەت بە‌ لیژنەی ناوبژیوانان لە‌ كێ پێكهاتووە‌ وچۆن دیاریكراون؟
-لیژنەی باڵا لە‌ پێنج هونەرمە‌ند پێكهاتووە‌ كە‌ چوار لە‌م هونەرمە‌ندانە بیانین و تەنیا یە‌ك ئە‌ندامی كوردە‌، لە‌نێو ئە‌ندامانی ئە‌م لیژنەیەدا‌ هونەرمە‌ندی جیهانی هە‌ن كە‌ حە‌ز ناكە‌م لێرە ناویان ئاشكرا بكە‌م، بە‌ڵام تەنیا یە‌ك ناو ئاشكرا دە‌كە‌م ئە‌ویش (Brigitta Manthey )ه‌ كە‌ كارەكە‌ی بریتییە‌ لە‌ (Referentin Filmförderung) و یە‌كێكە‌ لە‌ بڕیار بە‌ دە‌ستەكانی پشتیوانی كردن لە‌ فیلمی ئە‌ڵمانی.
*ئە‌ی خە‌ڵاتەكان لە‌ چە‌ند بواردان،ئایا پێشبڕكێ هە‌موو فیلمە بە‌شداربووە‌كان دە‌گرێتەوە‌؟
- سەبارەت بە‌ خە‌ڵاتەكان پێشبڕكێ تەنیا بۆ فیلمە‌ كوردییە‌كانە و بە‌شێوە‌یە‌كی گشتی بۆ باشترین فیلمی درێژ،باشترین فیلمی دیكیومنتاری، باشترین فیلمی كورت هە‌روە‌ها دووە‌م و سێیە‌میش خە‌ڵاتیان هە‌یە‌، بە‌شێوە‌یە‌كی گشتی پێنج خە‌ڵات هە‌یە‌.
*بیستوومانە كە‌ چە‌ند ئە‌ستێرەیە‌كی ناوداری سینەمایی جیهانی بە‌شداری لە‌ فیستیڤاڵە‌كە‌دا دە‌كە‌ن، دە‌كرێ بزانین ئە‌م ئە‌ستێرانە كێن و لە‌ چ ئاستێكدان؟
- ژمارەیە‌ك هونەرمە‌ندی ناوداری جیهانی بە‌شدارن، بە‌ڵام من نامە‌وێ باسیان بكە‌م و ناویان بهێنم و ئە‌مە‌ وە‌ك سوپرایزێك دە‌بێ بۆ كاتی خۆی.
* فیلمە‌ بە‌شداربووە‌كان تائێستا لە‌ فیستیڤاڵی دیكە‌ بە‌شدارییان كردووە‌ یان یە‌كە‌م جارە نمایش دە‌كرێن؟
-هە‌ڵبە‌ت فیلمی جیهانی لە‌ بە‌رنامە‌ی ئێمە‌دا هە‌یە‌ كە‌ لە‌ فیستیڤاڵی نێودە‌وڵە‌تیدا بە‌شدارییان كردووە‌ و ناوبانگێكی زۆریان هە‌یە‌ لە‌سەر ئاستی جیهانی هە‌بووە‌ و لە‌ زۆربە‌ی وڵاتان نمایش كراوە‌، بێگومان ئە‌م فیلمانە فیستیڤالە‌كە‌ دە‌وڵە‌مە‌ندتر دە‌كە‌ن بۆ ئێمە‌ش شانازییە‌ كە‌ ئە‌م فیلمانە لە‌ فیستیڤاڵی دهۆك نمایش بكرێن، بۆ نموونە یە‌كێك لە‌ فیلمە‌ جیهانییە‌كان فیلمی( A Separation)ی دە‌رهێنەری Asghar Faradi كە‌ یە‌كێكە‌ لە‌ دە‌رهێنەرە ناودارەكان لە‌سەر ئاستی جیهان.
* ئە‌مە‌ سەبارەت بە‌ فیلمە‌ بیانییە‌كان، ئە‌ی سەبارەت بە‌ فیلمە‌ كوردییە‌كان، چە‌ند فیلمی كوردی بە‌شدارن؟
- فیلمە‌ كوردییە‌ بە‌شدارەكان 48 فیلمن لە‌ كوردستان و دە‌رەوە‌ی كوردستان.
*پێشبینی دە‌كرێت فیستیڤاڵی دهۆك لە‌ ئاستی چ فیستیڤاڵە‌ جیهانییە‌كاندا بێت؟
- من وە‌ك لیژنەی فیستیڤاڵ نامە‌وێ ئە‌م هە‌ڵسەنگاندنە بكە‌م و ئە‌م ئە‌ركە‌ بە‌ چاودێرو پسپۆرانی ئە‌و بوارە دە‌سپێرم، بە‌ڵام ئە‌گەر بە‌راوردی بكە‌ین لە‌گەڵ فیستیڤاڵە‌ جیهانییە‌كاندا، دە‌بێ ئە‌وە‌مان لە‌بە‌ر چاو بێت كە‌ ژمارەیە‌ك لە‌ فیستیڤاڵە‌ جیهانییە‌كان تەمە‌نیان زیاتر لە‌ 60 ساڵ دە‌بێت و بودجە‌یە‌كی خە‌یاڵییان بۆ تەرخان دە‌كرێت، تەنیا دە‌توانم ئە‌وە‌ بڵێم كە‌ دە‌رەنجامە‌كانی فیستیڤاڵی پارمان بە‌ هە‌موو پێوە‌رەكان و بە‌ شاهیدی ئە‌و خە‌ڵكە‌ بیانییە‌ی كە‌ بە‌شدار بوون و پسپۆری سینەما بوون، فیستیڤاڵێكی سەركە‌وتوو بوو، من لە‌و باوە‌ڕەدام بە‌پێی ئە‌و ئامادە‌كاریانەی تا ئێستا كراون فیستیڤاڵی ئە‌م ساڵ زۆر لە‌ هی پار سەركە‌وتووتر و لە‌ ئاستێكی بە‌رزتردا دە‌بێت.
لە‌ كۆتاییدا وە‌ك لیژنەی ئامادە‌كاری فیستیڤاڵ دە‌ڵێم سەركە‌وتنی هە‌ر فیستیڤاڵێكی سینەمایی تەنیا لە‌ ئامادە‌كاری و بە‌رنامە‌ی فیستیڤاڵدا نییە‌، چونكە‌ ئە‌مە‌ كراوە‌، بە‌ڵام فاكتەری هە‌رە گرنگی سەركە‌وتن خودی بینەرە، هیوادارم لە‌ هە‌موو لایە‌كە‌وە‌ هە‌وڵ بدە‌ین كە‌ بینەرێكی زۆر ئامادە‌ی فیستیڤاڵە‌كە‌ بێت بۆ ئە‌وە‌ی سەركە‌وتنی تەواو بەدەست بهێنێت.
Top