میكاییلا:هونەر پەیامێكی پیرۆزە، بەڵام شێوێندراوە
* خانەوادەكەت چ رۆڵێكیان هەبوو لە سەرەتای ژیانی هونەریتدا تا بە ئەمڕۆ گەیشتیت؟
- خانەوادەكەم هاندەر و پاڵپشتی گەورەم بوون لە ژیاندا، هەمیش لە هەموو هەنگاو و قۆناغە سەختەكانی ژیانمدا پشتیان گرتووم، ترسی خانەوادەكەم لە بەرژەوەندیی من و رەچاو كردنی ئەو بەرژەوەندییە هاندەرێكی بەهێز بوو بۆ من تاكو بەردەوام بم و هەنگاوەكانم پتەوتر بكەم لە نێو ئەو كەشوهەوایەی ئێستای هونەردا، پەنا بە خوا من بڕوام بە خۆم هەیە و خانەوادەكەشم هەمیشە پاڵپشتێكی بەهێزی كچەكەیان دەبن.
* تێگەیشتنی تۆ بۆ یاخیبوون بەسەر دابونەریتەكاندا چییە؟ كاتێك كچێك بیەوێ ببێتە گۆرانیبێژ لە كۆمەڵگایەكی كۆنسەرڤاتیزدا؟
- كەس ناتوانی نكۆڵی لەوە بكات كە رۆژگاری ئەمڕۆ جیاوازە لە گەڵ چەند ساڵێكی بەر لە ئێستا، چونكە ئێستا ئازادترە و خاوەن بڕیاری خۆیەتی، دەزانی سوود و بەرژەوەندنییەكانی خۆی لە كوێن، بەڵام بە مەرجێك ئەمە لە دەرەوەی دابونەریتە باوەكان و لێ دەرچوونیان نەبێت، بۆیە هەڵبژاردنی بواری هونەری،من بەیاخی بوونی نازانم بە قەد ئەوەندەی بڕوا بوونە بە توانا و بەهرەكانی خۆی كە خوای گەورە پێی بەخشیون، من قەناعەتم بەوە هەیە كە هەر ئەم نیعمەتەیە مرۆڤێك لە یەكێكی دیكە جیا دەكاتەوە، بەمەرجێك بزانرێ ئەم بەهرە خواییە بەشێوەیەكی تەندروست بەكاربهێنرێت.
* هونەر پەیامێكی پیرۆزە، بەڵام ئەو پەیامەی لە رێگای كلیپەكانەوە ئاراستەی لاوان دەكرێ جیایە لەو پەیامە پیرۆزە، رات چییە بەرامبەر بەم مەسەلەیە؟
- بێگومان هونەر پەیامێكی پیرۆزە، بەڵام لە بەدبەختی دەبینین ئەمڕۆ هەندێك هونەرمەند هەن ئەم پەیامەیان بەشێوەیەكی دیكە بۆیە كردووە كە لە چوارچێوەی باوی خۆی دەرچووە، هونەر بووەتە پەیامێكی جوانكاری و تاكە ئامانجیشی بووەتە ماددە و باشترین بەڵگەشمان ئەوەیە كە چەندین كەناڵ هەن گۆرانییە ئاست نزمەكان نمایش دەكەن بێ ئەوەی كە وشەكانی لەبەرچاو بگرن كە زۆر جار هەستی مرۆڤ بریندار دەكەن و دوورن لە دابونەریت تەنیا لەپێناو ئەوەی پارە كۆ بكەنەوە.
* ئێستا غەریزە كراوەتە ئامانج، بە رای تۆ جەماوەر چۆن كار و بەرهەمە باشەكان لەنێو هەموو ئەو بەرهەمە ئاست نزمانەدا لە یەكدی جیا دەكاتەوە؟
- پێموایە بیسەر وشیارە وخاوەن ئاستێكی رۆشنبیریی بەرزە كە بتوانێ كاری باش و خراپ و كاری ئاست بەرز و ئاست نزم جیابكاتەوە و كەناڵەكان ئەوانەی شتی ئاست نزم نمایش دەكەن ناتوانن تا هەتایە كۆنترۆڵی ئارەزوو و ویستی جەماوەر بكەن و بە ویستی خۆیان چۆنیان بوێت بەو ئاقارەیدا ببەن.
*لە هونەردا كی مەرجەعی تۆیە؟
- تاكە مەرجەعم جەماوەرەكەمە.
* ئاستی ئێستای هونەر چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
- گۆرانی بە گشتی ئاستی خۆی پاراستووە، بەڵام بەداخەوە ماوە ماوە كەسانێك كە خۆیان بە شاعیر دەزانن، چەند وشەیەكی دوور لە دابونەریت و رەوشت بە ناوی شیعر بڵاو دەكەنەوە، ئەمەش بە شێوەیەك لە شێوەكان یارمەتی بڵاوبوونەوەی ئەو گۆرانییانە دەدات كە لە ئاستێكی زۆر نزمدان و هیچیان بەسەر هونەرەوە نییە.
* چۆن دەتوانین ئەو شەپۆلە ئاست نزمە رابگرین؟
- دەبێ هەموومان هاوكاری یەكدی بكەین، كەناڵەكان، ئێستگەكان و جەماوەر، ئەمەش تا رادەیەك خەریكە دێتە دی، چونكە بەر لە ماوەیەك زۆر گوێمان لە (نانا) و (دانا) دەبوو، بەڵام ئێستا ئەمانە هیچ وجودیان نەماوە لەسەر گۆڕەپانی هونەری و لە كۆتاییشدا تەنیا هونەریی راست و رەسەن دەمینێتەوەو ئەم گۆرانییانە تەمەنیان كورتە و بە تێپەڕبوونی رۆژگار ئەوانیش دەتوێنەوە و خەڵك لە بیریان دەكات.
* گۆرانییە نوێیەكەت چ پەیامێكی هەیە؟
- گۆرانییەكە بە ناوی (بحلم) گۆرانییەكی كلاسیكە جوانیی هەستی شاعیر لە وشەكانیدا بەدی دەكرێت، سوپاس بۆ خوا سەركەوتنێكی زۆر باشی بەدەستهێنا و ئێستا لە زۆربەی ئاهەنگەكانمدا گۆرانیی یەكەمە، پەیامی ئەم گۆرانییە روون و ئاشكرایە و ئەوە دەخاتە روو كە ناكرێ خۆشەویستی بە خاڵێكی لاواز دابنرێت، بەپێچەوانەوەش خۆشەویستی مایەی هێزو هاندەرێكە بۆ ئەوەی بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێین.