گۆرانیبێژ ڕۆنی ئارێز بۆ گوڵان:هیچ كات هونەرم بەسەرچاوەی بژێوی ژیان دانەناوە
* سەرەتای دەست پێكردنتان بەكاری هونەری بۆ كەی دەگەڕێتەوە؟
- من لە باكووری كوردستان ئارەزووم كاری هونەری بوو، بەڵام دوای ئەوەی هاتمە ئەوروپا لەساڵی2003وە خۆم فێری ساز كرد و دوای ئەمە دەچمە خولی كۆرسی فێربوونی گۆرانی لە ئەڵمانیا لە ئەكادیمیای كولتور و هونەری كوردی، بۆیە لەوكاتەوە هونەر بۆتە كارم.
* بۆچی كلیپ و بەرهەمی هونەریت كەمە؟
- لەبەرئەوەی لە ئەوروپا ناتوانین فریای پێداویستیەكانی ژیان بكەوین. ئینجا كاری هونەریش پێویستی بە ماددیەكی زۆر هەیە، منیش ئەو توانایەم نییە، بۆیە نەم توانیوە هەم كلیپ و هەم ئەلبومیش زۆر بەرهەم بهێنم.
* كاتێك لایەنی ئابووریت لاوازە بۆچی ئەم ڕێگایەت هەڵبژارد؟
- هیچ كات هونەرم بەسەرچاوەی بژێوی ژیان دانەناوە بۆ خۆم، بەڵكو خۆشەویستیی من بۆ هونەر وایكردووە ئەم ڕێگایە هەڵبژێرم، هەرچەندە هونەر بێ پشتگیریی ئابووری پێش ناكەوێت. بەڵام من بەردەوام دەبم، چونكە هەر لەمنداڵیەوە بەخۆشەویستیی هونەر گەورە بووم.
* گوایە ڕۆنی هۆنراوەش دەنووسێت؟
- بەڵێ، لە ئەلبومەكەمدا دوو گۆرانییان ئاواز و هۆنراوەكەیان هی خۆمن و ماوەیەكی زۆرە دەستم بە نووسینی هۆنراوە كردووە جگە لە تێكستی گۆرانی چەندین بەرهەمی شیعرم چاپ كردووە.
* سپۆنسەر و كۆمپانیا هونەرییەكان چۆن دەبینیت؟
- بەداخەوە. لەناو ئێمەی كوردا كۆمپانیا ڕۆڵێكی باش ناگێڕێت لە پشتگیری كردنی هونەرمەندان. چەندین هونەرمەند هەن دەنگیان خۆشەو توانایەكی زۆرباشیان هەیە، بەڵام كۆمپانیاكان پشتگیری لەم جۆرە كەسانە ناكەن. بۆیە ڕۆڵیان زۆر لاوازە.
* هۆكارچییە؟
- لەسیستەمی كاپتالیزمدا هەمیشە كەسێكی دەوڵەمەند هاریكار نابێت لەگەڵ كەسێكی دەست كورت، بۆیە كۆمپانیاكان سپۆنسەری ئەلبومی هونەرمەندێكی بی دەسەڵات یا ئازاد ناكەن.
* گۆرانیبێژان و خەڵكیش پێیانوایە گۆرانیبێژەكانی ئێستا بەهایان بۆ هونەر نەهێشتۆتەوە؟
- راستە، هۆكاری سەرەكی ئەوەیە ئێمە بن دەستین و خاوەن خوێندنگای هونەری نین. كە هونەرمەند بتوانێت خۆی تێدا پێشبخات، بۆیە گۆرانیبێژە نوێیەكان كاتێك باش فێری هونەری گۆرانیی گوتن نەبن. ئیتر چۆن دەتوانن بەرهەمێك پێشكەش بكەن كە بە دڵی گەل بێت.
* هۆكاری چوونە دەرەوەتان چی بوو؟
- من نەم دەویست بێمە ئەوروپا، بەڵام مخابن كەتەمەنم17ساڵان بوو، لەبەر خراپیی ڕەوشی سیاسیەوە ناچاربووین وڵات جێ بێڵین و ببینە پەنابەر لەئەوروپا.
* رۆنی بەكرمانجی و زازاكی گۆرانی دەچڕێت، لەبەرنامەیدا نییە بە سۆرانیش گۆرانی بڵێت؟
- زۆر حەز دەكەم بەتەواوی شێوە زمانەكانی كوردی گۆرانی بڵێم، بۆیە بە كورمانجی و زازاكی گۆرانیم چڕیوە و لەبەرنامەمدایە ئیتر بە سۆرانیش گۆرانی بڵێم، بۆیە ئێستا لەهەوڵی فێربوونی شێوەزاری سۆرانیدام.
* زیاتر حەز لەچ وەرزێكی ساڵ دەكەیت؟
- من حەز بەهەموو وەرزەكانی ساڵ دەكەم، بەڵام زیاتر حەز لەوەرزی هاوین دەكەم، بۆیە ئارەزووم بەر ڕۆژ و گەرمییە.
* زیاتر ئێوە كونسێرت لە ئەوروپا یا لە كوردستان ساز دەدەن؟
- لەئەوروپا هەندێ جار بۆ كۆنسێرت بانگهێشتمان دەكەن، بەڵام لەكوردستان نازانم داواكاریمان بۆ نایەت تا كۆنسیرت سازبكەین.
* هۆكارچییە كە هونەرمەندان زۆرتر بانگهێشت دەكرێن بۆ داوەت نەك كۆنسێرت؟
- كۆنسێرت هێشتا نەبۆتە كلتورێك لەنێو هونەری كوردیدا، بۆیە داوەت بۆتە دابونەریت زیاتر. چونكە كولتوری كۆنسێرت گێڕان شتێكی نوێیەو هێشتا لەنێو كاری هونەریدا جێگیرنەبووە.