عومه‌ر گوندی: كلیپ هه‌یـه‌ زیانی هه‌یه‌

عومه‌ر گوندی:   كلیپ هه‌یـه‌ زیانی هه‌یه‌
ته‌مه‌نێكی زۆری له‌ نێو گۆرانی و موزیكدا به‌سه‌ر بردووه‌، ده‌توانین بڵێین هونه‌رمه‌ندی چه‌ندین نه‌وه‌ بووه‌، له‌ هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا تاكو ئێستا به‌رده‌وامه‌، هه‌میشه‌ به‌ دوای شتی نوێ و سه‌رده‌میانەوە‌ بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هیچ نه‌وه‌یه‌ك دانه‌بڕێت، بۆیه‌ جاری وا هه‌بووه‌ ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌ی لێگیراوه‌ گوایه‌ ئه‌و كارانه‌ی پێشكه‌شیان ده‌كات له‌گه‌ڵ سه‌رده‌م و ته‌مه‌نی ئه‌ودا ناگونجێن به‌تایبه‌تی له‌ دوایین كلیپیدا، به‌ڵام عومه‌ر گوندی پێیوایه‌ هونه‌رمه‌ند ده‌بێ خۆی به‌ هونه‌رمه‌ندی هه‌موو سه‌رده‌م و نه‌وه‌یه‌ك بزانێت و جیاوازی نه‌كات له‌نێوانیان و نابی خۆی به‌ زه‌مه‌ن و نه‌وه‌یه‌كی دیاریكراوه‌وه‌ ببه‌ستێته‌وه‌.
عومه‌ر گوندی له‌و دیمانه‌ كورته‌‌ی گوڵاندا باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ هونه‌رمه‌ند هه‌رچه‌ند خاوه‌ن توانا و به‌هره‌ی هونه‌ری بێت و جه‌ماوه‌ریشی له‌ ئاستێكی به‌رزدابێت، به‌ڵام پێویستی به‌ یارمه‌تی و راوێژی كه‌سانی نزیكی خۆی هه‌یه‌ و له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: له‌ هه‌ر بوارێكی ژیاندا رای دوو كه‌س و زیاتر باشتره‌ له‌ رای تاكه‌ كه‌سێك، چونكه‌ مرۆڤ به‌ وه‌رگرتنی رای كه‌سانی دیكه‌ به‌تایبه‌تی كه‌سانی نزیكی خۆی، له‌ خۆپه‌رستی و سه‌پاندنی رای تایبه‌تيی خۆی دوورده‌كه‌وێته‌وه‌، من له‌هیچ كاتێكدا كارێكی وام نه‌كردووه‌ كه‌ رای خۆم بسه‌پێنم ته‌نانه‌ت له‌و كارانه‌ی كه‌ پێوه‌نديی راسته‌وخۆیان به‌منه‌وه‌ هه‌یه‌ هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ هاوڕێیاندا راوێژم كردووه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی ئاواز و تێكسته‌كان، به‌هه‌مان شێوه‌ قسه‌ی جه‌ماوه‌ر و خێزانه‌كه‌شم زۆر به‌ هه‌ند وه‌رده‌گرم ،چونكه‌ هاوسه‌ره‌كه‌م له‌ هه‌موو كه‌س نزیكتره‌ له‌ من و زۆریش گرنگه‌ بۆ من له‌سه‌ر كاره‌ هونه‌رییه‌كانم رای وه‌ربگرم، هه‌رچه‌نده‌ زۆر جار ته‌نیا راوێژی پێده‌كه‌م و ته‌نیا سوودی لێوه‌رده‌گرم ، به‌ڵام به‌ وردی گوێ له‌ ره‌خنه‌ و ئامۆژگاریه‌كانیان ده‌گرم، بۆ ئه‌وه‌ی بزانم كاره‌كانم چ كه‌موكوڕییه‌كیان هه‌یه‌ و چۆن ده‌توانم چاره‌سه‌ریان بكه‌م، چونكه‌ هونه‌رمه‌ند وه‌ك جه‌ماوه‌ر كاره‌كانی خۆی نابینێت، لێره‌دا ده‌مه‌وێ سوپاسی بێ پایانی خۆم پێشكه‌ش به‌ هاوسه‌ره‌كه‌م و هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ بكه‌م كه‌ ته‌نیا به‌ وشه‌یه‌كیش هاوكاریان كردووم.
سه‌باره‌ت به‌و ره‌خنانه‌ی له‌ ‌ كلیپه‌كانی گیراوه‌ گوایه‌ له‌گه‌ڵ ته‌مه‌ن و ناوبانگی خۆی ناگونجێت یاخود دووره‌ له‌ دابونه‌ریته‌كانی نێو كۆمه‌ڵگای كورده‌واری ، گوندی ده‌ڵێ: ده‌بی دان به‌وه‌ بنێم كه‌ له‌سه‌ر هه‌ندێك له‌ كلیپه‌كانم ره‌خنه‌ی توندم لێگیراوه‌ و ره‌خنه‌كانیش له‌ جێی خۆیاندا بوون، چونكه‌ له‌وانه‌یه‌ كاری وام كردبێت كه‌ تا رادده‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌رده‌م و ته‌مه‌نه‌ی مندا گونجاو نه‌بوون ، به‌ڵام كه‌ رازی بووم به‌و كلیپانه‌ نه‌مویستووه‌ ده‌ست بخه‌مه‌ نێو كاروباری ده‌رهێنه‌ره‌وه‌ وه‌ك گوتم من نامه‌وێ قسه‌ی خۆم به‌سه‌ر كه‌سدا بسه‌پێنم و له‌ هونه‌ردا پێویسته‌ هه‌ر كه‌سێك ئه‌ركی خۆی به‌ ته‌واوی و به‌ ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت بۆ ئه‌وه‌ی كاره‌كه‌ سه‌ركه‌وتوو بێت، بۆیه‌ له‌ هه‌موو كلیپه‌كاندا من به‌پێی سیناریۆكان كارم كردووه‌ و هه‌وڵم نه‌داوه‌ ده‌ستكاریان بكه‌م یان بیانگۆڕم.
گوندی هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ كلیپه‌كان ده‌ڵێت: ئێستا شتێكێ زۆر باو هه‌یه‌ ئه‌ویش بریتییه‌ له‌ شه‌ڕی كلیپ، ئێمه‌ له‌ زه‌مه‌نێكداین كه‌ ركابه‌رێتییه‌كی زۆر هه‌یه‌ له‌نێوان هونه‌رمه‌ندان له‌ بواری كلیپ به‌جۆرێك وه‌ك شه‌ڕی لێهاتووه‌، چونكه‌ بینه‌ر كلیپ ده‌بینێت و زۆر جار هونه‌رمه‌ندان په‌نا بۆ شێوازی جیاجیا ده‌به‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌ كلیپ سه‌رنجی بینه‌ر بۆ كلیپه‌كانیان رابكێشن و كلیپه‌كانیان زۆرترین بینه‌ری هه‌بێت، بۆیه‌ پێویسته‌ هونه‌رمه‌ندانی هاوته‌مه‌نی من و ئه‌و گه‌نجانه‌ی ئێستاش هاتوونه‌ته‌ نێو بواری گۆرانی و هونه‌ره‌وه‌ ئه‌و راستیيه‌ باش بزانن و له‌به‌رچاوی بگرن ، هه‌روه‌ها زۆر به‌ وریاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ین، من دان به‌وه‌دا ده‌نێم كه‌ هه‌ندێك كلیپم ‌كردووه‌ گونجاو و شیاو نین نه‌ بۆ ته‌مه‌نی من نه‌ بۆ جه‌ماوه‌ره‌كه‌م كه‌ پێشتر منیان ناسیوه‌ و شاره‌زاییان هه‌یه‌ له‌و هونه‌ره‌ی كه‌ پێشكه‌شم كردووه‌، بۆیه‌ ناچارم شیرین و تاڵ به‌ یه‌كه‌وه‌ نۆش بكه‌م، من هه‌وڵ ده‌ده‌م زۆرترین بنكه‌ی جه‌ماوه‌ری هونه‌ریم هه‌بێت، بۆیه‌ ره‌نگه‌ جاری وا هه‌بێت ئه‌مه‌ له‌سه‌ر حیسابی ناوبانگ و ته‌نانه‌ت مێژووی هونه‌ری منیش بێت و هه‌موو مرۆڤیكیش هه‌ڵه‌ ده‌كات و كه‌سیش له‌ هه‌ڵه‌ پارێزراو نییه‌.
Top