بینەر لە کوێی ماندوو بوونەکانی هونەرمەندانەوەیە؟!

بینەر لە کوێی ماندوو بوونەکانی هونەرمەندانەوەیە؟!
پێوەری مەدەنی بوون و شارستانییی هەر میللەتێک پەیوەستە بە بەرزیی ڕادەی فەرهەنگی ڕۆشنبیرییانەوە . لە هەرکۆمەڵگەیەکیشدا بینەر و خوێنەری هۆشیار و ڕۆشنفکری تێدا بوو، ئەوا مەترسی لە سەر ڕەوتی پێشکەوتنی کلتوری ئەو میللەتە نابێت . وەلێ بینەری شارەزاو هۆشمەند، ئەدیبان و هونەرمەندان دەخەنە ژێر لێپرسراویەتییەکی دیكه‌وه‌ . وادەکەن بە وریاییەکی زیاتره‌وه‌ کارەکانی خۆیان ڕاپەڕێنن و بزانن لەژێر زەڕەبینی هۆشیاری بینەری خۆیاندان.
یەکێ لە نموونەکان لە ساڵی ٢٠٠٥ لە ماڵی شانۆی (جنینە) لە میسر، یەکەمین فیستڤاڵی شانۆیی ساڵانەی خۆیان ساز دەکەن . دوایی کە ڕێژەی کاری ئافرەتان زۆر دەبێت لەو فێستڤاڵە دا، بەڕێوەبەرانی فێستڤاڵەکە لە ساڵی ٢٠١٠ تایبەتی دەکەن بە کاری ئافرەتان و فێستڤاڵێکی تەواو ئافرەتانە دەبێت و تائێستاکەش بەردەوامە. دوای ئەوەی ڕۆژنامە نووسێک پرسیار دەکات کە بۆ ڕێڕەوی فێستیڤاڵەکەیان گۆڕی و کردیانە فێستڤاڵێکی سەرتاپا ژنانە . لەوەڵامدا گوتیان: ( بینەر وای ویست). ئەم وەڵامە جێگای لێكۆلێنەوە و بیر کردنەوەیە کە بینەرێکی رۆشنبیر لە پشتی کارێكی داهێنانەوەیە و لێپرسراوی سەرەکییە و دەبێت لە سەر داخوازییەکانی بینەر کارەکان بەئەنجام بگەیەنرێت . لە کاتێکدا هونەرمەندان و نووسەران ئەنجامی کارکردنیان تەنیا ڕازی کردنی بینەرەكانیانە.
لایەنێکی دیكه‌ش هەیە، کە هونەرمەندان و ئەدیبان بەرچاو ڕۆشنکەری بینەرن و بابەتەکانیان تەواو لە قوڵایی ناخی ئەوانەوە بەرهەم دەهێنرێن و لە ئاکامیشدا هەر لە خزمەتی ئەودا خۆی دەبینێتەوە . کارەکانیان دەکەنە مۆرکی چەرخ و سەدەی خۆیان واتە کارکردن لە پێناوی بینەردا جارێکی دی . مەخابن لە میللەتی مندا بینەر ڕۆلێکی تا ڕادەیەک لاواز و هەژاری هەیە، ئەوان بوونی فیعلی خۆیان دیاری ناکەن، مەرج و داخوازیان نییە، ڕێژەیەکی زۆر کەم دێنە کۆڕ و کۆبوونەوەکانەوە . نایان بینیت و ڕاو بۆچوونەکانیان شاراوە و نادیارن و ڕخنە گرێکی ڕۆشنفکری کارە هونەرییەکان نین . بێگومان کاتێ هونەرمەندانیش جەماوەرێکی کەم دەبینن تووشی خەمساردی و نائومێدی دەبن ..
بەڵام هەندێ کاتیش تەواو پێچەوانەی ئەمانەن، ئەو ماندووبوونەی کە لە پێناوی خۆشبەختی و چێژی بینەر دا بەئەنجام دەگەیەنرێت، ئەوان نەک ناتوانن ببنە رەخنە گرێکی ڕۆشنفیکر بەڵکو دەبنە دڕندەیەک بۆ پەلاماردان وبەرپەرچدانەوەی داهێنانەکانیان، کە بەهیچ جۆرێک ئەرک و ماندووبوونیان نابینرێت . بەتایبەتی ئافرەتانی هونەرمەند دووچاری ئەم تیرو توانجە دەبنەوە . ئەوان نازانن کارە هونەرییەکان بێ بوونی ئافرەت، وەک گوڵی بێ بۆ و بێ ڕەنگە. ئافرەتان دوای قوربانیدانێكی زۆر و ماندووبوونێکی نە بینراوە وە کارەکانی خۆیان بەئەنجام دەگەیەنن . ئەوان قوربانییەکی گەورەن لە گەلێک ڕووەوە. لە ناو ماڵەکانی خۆیاندا لە پێناو بوونی خۆیاندا، وەک ژنە هونەرمەندێک و خاوەن حەزو ئارەزووی بۆ داهێنان بجەنگێت . دواجار لەگەڵ کۆمەڵگەکەی بەشەڕ دێت،لە پێناو پەیامێکی پڕاو پڕ لە مرۆڤایەتی تا بوونی خۆی بسەلمێنێت . کەس ئاگاداری ئەوە نییە کە ئافرەتە هونەرمەندەکان چۆن خۆیان لە خۆشی و چێژی ژیان بێ بەش کردوە،لە پێناوی پەیامێک تا بیگەیەننە بینەری خۆیان، ئەوان سەرچاوەی چێژو خۆشبەختی بینەری خۆیانن،، بەڵام لە کاتێکدا نەک ئەم ماندوو بوونە نابینرێت، بەڵکو بەر بەردی جەهالەت و جاهیل بوونی هزری هەندێ کەسی ژەنگ گرتوو دەبنەوە. سەرتاپا مێژوویان دەسڕنەوە و خەباتی چەندین ساڵەیان دەخەنە چوارچێوەی بیرو هۆشێکی دواکەووتوو. ئەوان کرێکاری کاری خۆیانن و پێشمەرگەی پەیامێکی مرۆڤایەتین کە دەبێت شانازییان پێوە بکەن، نەک قسە و قسەڵۆکی ناشایستەیان بە دوادا بخەن. ببنە سەرچاوەی ئازار و دواجار ناچاریان بکەن لەوەی دوور بکەونەوە لەو مەیدانەیکە پێویستی پێیانە. من نازانم ئەوانە بۆ ببنە ئامانجی بریندار کردن و هەوڵی شکاندنەوەیان بدرێ؟ لە بری ئەوەی پاداشتیان بدرێتەوە و خۆشەویستی و ڕێز لەو کەسە بگرن کە لە پێناویاندا ژیانی خۆی خەبات کردوە. ئێستاکە ئەوەی باوە لە پەیجی فەیسبوک و مۆبایلەکانەوە چەندین جار وشەی ناشایستە و وێنەی فۆتۆشۆپ دەنێرن وبڵاوی دەکەنەوە وەک ئەوەیە دەستکەوتێکی باشی بۆ خۆی دەستکەوتبێت. نازانێت بەو کارە چەند بچووک و قێزاویی دەبێت.
Top