جەلال ساعیدپەنا خەڵاتی سەرەكی فیستیڤاڵێكی فەرەنسی بەدەستهێنا
بە پێی راگەیاندنی گشتیی ئەم فیلمە، كورتە فیلمی كوردی "دەنگی باران" لە دەرهێنانی سینەماكاری كورد جەلال ساعیدپەنا و بە ئامادەبوونی ئەم سینەماكارە سنەییە لە بەشی پێشبڕكێی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی "یەك وڵات، یەك فیلم" One Country One Film لە وڵاتی فەرەنسا نمایشكرا و لە لایەن بینەرانەوە پێشوازییەكی باشی لێكرا و توانی زۆرترین دەنگی ئەم فیستیڤاڵە بەدەستبێنێت و خەڵاتی باشترین فیلمی لە نێوان 47 فیلم لە كیشوەرەكانی ئەورووپا، ئەسیا و ئەمەریكای پێبەخشرا.
فیستیڤاڵی "یەك وڵات، یەك فیلم"، ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی نییە و لەڕاستیدا خەڵكی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵە دێنە ئەژماردن و بە دەنگەكانی خۆیان باشترین فیلم هەڵدەبژێرن كە ئەمساڵ فیلمسازی كورد جەلال ساعیدپەنا توانی زۆرترین دەنگ و هەروەها خەڵاتی ئەم فیستیڤاڵە بەدەستبێنێت.
ئەم فیستیڤاڵە بە نمایشی 47 كورتە فیلمی چیرۆكی، ئەنیمەیشێن، دیكۆمێنتاری و ئەزموونی لە سینەماكارانی 47 وڵاتی جیهان لە رۆژانی 26 تا 29ی تەمموز / یۆلیۆی 2012 لە كەشووهەوایەكی جوان و بێوێنە و پێشوازیی و باوەشی كراوەی دانیشتوانی گوندی "ئاپچێت" لە نزیك شاری كلێرمۆن فرانی وڵاتی فەرەنسا بەڕێوەچوو.
فیستیڤاڵی "یەك وڵات، یەك فیلم"، لە هەر وڵاتێك یەك فیلم هەڵدەبژێرت و دەرهێنەرەكەی بانگهێشتی فیستیڤاڵ دەكات و ئەمساڵ بە نوێنەرایەتی لە سینەمای ئێران، تەنیا كورتە فیلمی "دەنگی باران" و دەرهێنەرەكەی لەم فیستیڤاڵەدا ئامادەبوون.
ئەم فیلمە لە لایەن كۆمپانیای سینەمایی "ستاك فیلم" بە بەرپرسیارییەتی "سەتار چەمەنی گوڵ" و "ڤیدا ساڵحی" لە ئاستی دنیادا بە شێوەی نێودەوڵەتی بڵاودەكرێتەوە. ئەمساڵ 37 دەرهێنەر لە 37 وڵاتی جیهان توانیان لەم فیستیڤاڵەدا بەشداری بكەن.
كورتە فیلمی "دەنگی باران" لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا و بە ئامادەبوونی جەلال ساعیدپەنا لە دوو سانسی جیاوازدا لە بەشی پێشبأكێی چوردەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "بلاك" لە ئەڵمانیا نمایشكرا و توانی خەڵاتی سەرەكیی باشترین فیلمی ئەم فیستیڤاڵە لە نێوان 54 فیلمی ئەورووپی و ئەسیاییدا بەدەستبێنێت.
ئەم فیستیڤاڵە بە نمایشی كۆمەڵێك كورتە فیلمی چیرۆكی، ئەنیمەیشن، دیكۆمێنتی و ئەزموونی لە سینەماكارانی سەرتاسەری جیهان لە چەندین بەشی پێشبڕكێی و دەرەوەی پێشبڕكێی و هەروەها بەشی بەرهەمەكانی كۆمپانیای سینەمایی "ستاك فیلم"ی سنە لە رۆژانی 2 تا 8ی ئایار / مایۆی 2012 لە شاری
بەرڵین لە وڵاتی ئەڵمانیا و بە شێوەی هاوكات لە وڵاتی ئەمەریكا بەڕێوەچوو.
بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی گشتیی كورتە فیلمی "دەنگی باران".